لیژنەی باڵای ڕاوێژكاری هاوبەش لە حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق و ژووری هه‌ماهه‌نگى كاروبارى مرۆيى نەتەوە یەكگرتووەكان كۆبوونەوەی حەوتەمی خۆی لە شاری بەغدا ئەنجامدا

ڕۆژی 29ی مايس 2017، لیژنەی باڵای ڕاوێژكاری هاوبەش لە حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق و ژووری هه‌ماهه‌نگى كاروبارى مرۆيى نەتەوە یەكگرتووەكان كۆبوونەوەی حەوتەمی خۆی لە شاری بەغدا ئەنجامدا.

لە كۆبوونەوەكە بە گرنگیەوە باس لە هەماهەنگی و هاوكاری باش كرا كە لە نێوان لایەنەكان هەیە بۆ وەڵامدانەوەی پرسی ئاوارەكانى موسڵ و ناردنى هاوكارى بۆ ئاوارەكان لە كاتی گەڕانەوەیان بۆ شوێنەكانی خۆیان یان ئەو هاوڵاتییانەی ئاوارەدەبن، ئەمەش بە هەماهەنگی دەبێت لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان.

 دواى گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕكردنى زانيارى و هه‌ڵسه‌نگاندنى گشت پرسه‌كانى تايبه‌ت به‌ به‌ربه‌ست و پێدوايستيه‌كان و بۆشاييه‌كانى تايبه‌ت به‌ ئاواره‌كانى موسڵ و هاوڵاتيانى ناوچه‌ ئازادكراوه‌كان و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى ناوچه‌ ئازادكراوه‌كان, ليژنه‌ى باڵا ژماره‌يه‌ك راسپارده‌ى پێشكەشكرد و خرایە بەردەم سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق.

لە بەرواری 1ی حوزەیران، حەیدەر عەبادی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران چەند ڕاسپاردەیەكی پەسندكرد كە لەلایەن بەڕێز وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشكەشكرابوون، لەوانەش:

  • ئاسانكاری بكرێت بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ ناوچە ئازادكراوەكان بە هەناهەنگی لەگەڵ ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان.
  • وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران هەڵدەستێت بە دابەشكردنی كەلوپەلی هاوینە بەسەر ئاوارەكان.
  • دابینكردنی كارەبا بۆ كەمپەكانی پارێزگای نەینەوا.
  • لێدانی بیری ئاو لە كەمپی عەربەت لە سلێمانی.
  • دابینكردنی مۆلیدەی كارەبا.
  • پێكهێنانی لیژنەی هاوبەش لە نێوانوەزارەتی ناوخۆی كوردستان و وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق.
  • ڕەزامەندی دەربڕین لەسەر تەرخانكردنی 3 ملیار دینار لە پارەی ماوە لە پرۆژەی دروستكردنی كەمپی سورداش لە سلێمانی بۆ دروستكردنی وێستگەیەكی كارەبایی گەڕۆك بە توانایی 25 مێگاوات و كرێن و دابینكردنی 800 تۆن قێر بۆ نۆژەنكردنەوەی ڕێگاكانی ناو كەمپەكان و ڕێگا لاوەكییەكان بۆ كەمپەكان.

ليژنه‌ى باڵا پێكهاتووه‌ له‌ بەڕێز كريم سنجارى, وەزیری ناوخۆی حكومەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان و به‌ڕێز د. جاسم محمد وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق و به‌ڕێز د. مهدى حلاق, ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و به‌ڕێز ليز گراندێ رێكخه‌رى كاروبارى مرۆيى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان و به‌ڕێز نۆفل حمادى, پارێزگارى نه‌ينه‌وا, هاوكات به‌شدارى لايه‌نه‌ په‌يوه‌نداره‌كان وه‌كو ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان و يه‌كه‌ى هه‌ماهه‌نگى مه‌ده‌نى و سه‌ربازى سوپاى عێراق و نوێنه‌رى وه‌زاره‌تى به‌رگرى و نووسينگه‌ى هه‌ماهه‌نگى مرۆيى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق.

 

پێویستە بێیتە ژوورەوە یان خۆت تۆمار بکەیت بۆ ئەوەی لێدوان بنووسی.


  • هیچ لێدوانێك لەسەر ئەم بابەتە نەنووسراوە، تۆ یەکەمین لێدوان بنووسە!