وەكو حكومەتی هەرێمی كوردستان، زۆر شانازی بەوەدەكەين كە هەرێمی كوردستان وەكو هەرێمێكی ئارام و سەقامگیر و خۆشگوزەران و وەكو هەرێمێكی ئومێدبەخش لە عێراق لە جیهان ناسراوە. سەرەڕای بەربەستە زۆرەكان، هەرێمی كوردستان بەرگری كردووە لە بەها مرۆییە بنەڕەتیەكان و مافەكانی هاوڵاتیانی هەرێم و پاراستنی سەروەری یاسا و لە نێوانیان دیموكراسی و دادپەروەری و فرەلایەنی و ئازادی و پێكەوەژیانی ئاشتیانە.
مێژوو و كلتووری دەوڵەمەندی ئاشتی و پێكەوەژیان بە درێژایی سەدەكانی ڕابردوو لەلایەن باب و باپیرانمان بناغەی دانراوە و درێژەی پێدراوە لەدوای دامەزراندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 1992. ئێمە شانازی دەكەین بەوەی نەك تەنها توانیمان پارێزگاری لە بوونمان بكەین بەڵكو وەك نەتەوەیەك بەرەوپێش بچین سەرەڕای چەوساندنەوە و هەڵمەتی پاكتاوی نەژادی و ستەمكاری رژێمە دیكتاتۆرییە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق.
لەبەرچاوگرتنی ئەو مێژووە دەوڵەمەند، هەرێمی كوردستان بەردەوامە و بەتەواوی پابەندە هاوشانی وڵاتە دیموكراسییەكان بۆ بەرگری و پارێزگاری كردن لەو بەهایانەی كە بە نرخێكی زۆر بەدەستی هێناون وەك دیموكراسی و فرەیی و ئازادی و پێكەوەژیانی كۆمەڵایەتی. ئێمە بڕوای تەواومان هەیە كە پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینزاكان هەرێمی كوردستان بەهێزتر دەكەن و پێكەوەژیانی لایەنە جیاوازەكانیش سەرچاوەی ئیلهام و هێزن وەك هەرێمێكی پێشكەوتوو.
لە بەر رۆشنایی بڕوابوون بەو بەهایانە، حكومەتی هەرێمی كوردستان ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكانی دامەزارند بۆ كاركردن وەك ناوەندێكی تایبەت بۆ دانانی پلانی هاوبەش و چاودێریكردن و وەڵامدانەوە و هەماهەنگی بۆ كەمكردنەوەی كاریگەری هەموو جۆرەكانی قەیران و كارەساتە سروشتی و دەستكردەكان كە لەوانەیە ببێتە هەڕەشە لەسەر بەها سەرەكییەكانی هەرێمی كوردستان. لەسەرەتای دامەزراندنی ئەم ناوەندە لە مایسی 2015، ناوەند دانپێدانان و ناوبانگی ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتی بەدەستهێناوە وەك دامەزراوەیەكی چاڵاكی حكومەت بۆ هەماهەنگی كردن لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار و هاوبەشەكان دەربارەی قەیرانەكانی ئێستا و ئەنجامدانی چاڵاكی و پڕۆژەكان. ناوەند هاوشانی لایەنەكانی تری حكومەتی هەرێمی كوردستان و هاوبەشە نێودەوڵەتییەكان كاری كردووە و كار دەكات بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی دانیشتوان و بەردەوامیدان بە ئیش و كارەكانی كۆمەڵگا.
لەكاتی روودانی قەیرانی لەناكاو كارەسات، هەموو خولەكێك گرنگە. وەڵامدانەوەكی خێرا و هەماهەنگی تەواو و پلانی پێشوەختە نەك تەنها دەبێتە مایەی رزگاركردنی ژیانی مرۆڤەكان بەڵكو دەبێـتە مایەی وەڵامدانەوەی كاریگەر و كەمردنەوەی زیانەكان. ئامانجی سەرەكی دامەزراندنی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان بۆ هاوكاریكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتەكان و پارێزگاكان و هاوبەشەكان بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی كارامەیی و كاریگەر و خێرا و گونجاو وەڵامی قەیرانی مرۆیی ئێستا و حاڵەتی فریاكەوتنی تازە بدەنەوە جا سروشتی بن یان دەستكرد.
لێرەدا سوپاسی وەزرارەتی پلاندانان و فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە و پارێزگاكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك بكەم بۆ هاوكاری و هەماهەنگی بەردەوام لەگەڵ ناوەند و كاركردن لەگەڵ ناوەند وەك یەك تیم. هەروەها دەمەوێت سوپاس و پێزانینی خۆم ئاڕاستەی ئاژانسەكانی UNDP و MSB و UK-DIFID و THW و OCHA و UNICEF و UNHCR بكەم بۆ هاوكاریكردنی بەردەوامی ناوەند لەڕووی تەكنیكی دارایی.
لەكاتێك حكومەتی هەرێمی كوردستان دڵنیایی دەدات لە ئێشكردنی تەواوی ناوەند، هاوكات، داوا لە هاوبەشە هەرێمییەكان و نێودەوڵەتییە دۆستەكانمان دەكەم كە بەردەوام بن لە هاوكاری كردن و هەماهەنگی لەگەڵ ناوەند.
كەریم سنجار
وەزیری ناوخۆ