كۆبوونەیەكی هاوبەش لە نێوان فەرمانگەكانی حكومەت و كەرتەكانی UN بۆ پلانی وەڵامدانەوەی مرۆیی ساڵی 2018

لە 27 تشرینی دووەم، ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان (JCC) نووسینگەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ هەماهەنگی كاروباری مرۆیی (OCHA) كۆبوونەوەیەكی هابەشیان ڕێكخست لە نێوان فەرمانگە پەیوەندارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و كەرتەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ گفتوگۆكردن و ڕاوێژكردن دەربارەی كارە مرۆییە لە پێشينەكان و كەم و كورتییەكان و پێداویستییەكان و سیناریۆكانی پلانی وەڵامدانەوەی مرۆیی (HRP) ساڵى 2018.

بەرێز هۆشنگ محمد، بەڕێوبەری گشتی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان، سوپاسی تیمی OCHAی كرد بۆ هەماهەنگی و هاوكاری لەگەڵ ناوەند. دواتر پوختەیەكی لەسەر سیناریۆ پێشبینی كراوەكان لە ساڵی 2018 پێشكەشكرد و گووتی كە چاوەڕوان ناكرێت ژمارەیەكی زۆری خەڵك ئاورەبن یاخود بگەڕێنەوە بۆ ناوچە ڕزگاركراوەكان بەهۆی ئەو ڕووداوە هەنووكەییانەی ناوچە ئازادكراوەكان و بەپێچەوانەوە چاوەڕێ دەكرێت ڕەوشەكە لە ناڕوونی بمێنێتەوە بەهۆی كاری توندوتیژی و تیرۆرستی سەرەڕای تێكشكانی داعش لە ڕووی سەربازی. هەروەها ڕایگەیاند كە بەهۆی قەیرانی دارایی لە هەرێمی كوردستان و عێراق زۆر پێویستە یارمەتییە مرۆییە داراییەكانی نێودەوڵەتی بۆ پشتگیری كردنی ئاوارەكان بەردەوامی هەبێت. هەروەها تیشكی خستە سەر پێویستی هاوكاری بەردەوام و درێژخایەنی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ قوناغی دوای داعش بۆ پشتگیری كردنی هەوڵەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەردەوامی پێشكەشكردنی هاوكاری مرۆیی بۆ ئاوارەكانی لە هەرێمی كوردستان داڵدەدراون تاوەكو و ڕەوشێكی لەبار بۆیان دەڕەخسێت بۆ ئەوەی بە بگەڕێنەوە بۆ ناوچەكانی خۆیان.

بەرێز ڕێنێ نیجێنهویەس، سەرۆكێ OCHA بە وەكالەت، سوپاس ناوندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان و نوێنەرەكانی تری حكومەتی كرد بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەكە و پووختەیەكی لەسەر پلانی وەڵامدانەوەی مرۆیی پێشكەشكرد كە تێیدا ئاماژەی دا بە سیناریۆ پێشبینی كراوەكان و سێكتەرە لە پێشینەكان و ئەو هاوڵاتییانەی وا بڕیارە وەك بەشێك لە پلانی مرۆیی 2018 یارمەتی بدرێن.

دواتر نوێنەرانی فەرمانگە پەیوەندیدارەكی حكومەت پوختەیەكیان پێشكەشكرد دەربارەی پلان و پرۆژە و كارە لە پێشینەییەكان و پێداویستییەكان و كەم و كورتییەكان كرد لە ساڵی 2018 بۆ یارمەتیدانی ئاوارەكان و خەڵكی كۆمەڵگای خانەخوێ لە سەكتەرە گرنگەكان. پاشان نوێنەرانی كەرتەكانی  نەتەوە یەكگرتووەكان هەرەیەكەو پووختەیەكی پێشكەشكرد دەربارەی كارە لەپێشینە دیاریكراوەكان و ئەو خەڵكەی دەتوانرێت یارمەتییان پێشكەش بكرێت لە ساڵی 2018. دوای گفتوگۆ و ڕاوێژكاری كۆبوونەوەكە بە چەند پێشنیارێك كۆتایی هات بە جەخت كردنەوە لەسەر هەماهەنگی و ڕاوێژكاری پێویستە بەردەوامی هەبێت لەنێوان حكومەت و ئاژانسەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان و كەرتەكانیان.

كۆبوونەوەكە بە بەشداری بەڕێز فەتحی مودەریس ڕاوێژكار لە وەزارەتی بازرگانی و د. عارف حیتۆ بەرێوبەری گشتی لە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی و د. خالد ساڵح بەڕێوبەری گشتی لە وەزارەتی تەندروستی و نوێنەرانی وەزارەتەكانی شارەوانی و پەروەردە و فه‌رمانگه‌ى په‌يوه‌نديه‌كانى ده‌ره‌وه‌ و بەڕێوبەرانی نووسینگەكانی وەڵامدانەوەی قەیرانەكان لە پارێزگاكانی هەولێر و دهۆك و سلێمانی  و ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان و كەرتەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان كە پێكهاتبوون لە تەندروستی خواردن و پەروەردە و تەندروستی و لۆجستیك و پەیوەندییەكان و هەماهەنگی و بەڕێوەبردنی كەمپەكان و پاكوخاوێنى و نشینگە وكەلوپەلی ناخۆراكی و پاراستن و گروپی كاری پارەی كاش.

 

پێویستە بێیتە ژوورەوە یان خۆت تۆمار بکەیت بۆ ئەوەی لێدوان بنووسی.


  • هیچ لێدوانێك لەسەر ئەم بابەتە نەنووسراوە، تۆ یەکەمین لێدوان بنووسە!