هەرێمی کوردستان دوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەیە: فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی. فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لەدوای ڕوخانی ڕژێمی پێشووی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣دروست کرا؛ ئەو دەمەی هەرێم هەلی دروستکردنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بینی وەکو پردێک لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و جیهان دا.
یەکەم فڕۆکە کە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لە (١٥ی کانونی یەکەم ٢٠٠٣) نیشتەوە و هاتوچۆى ئاسمانی لەنێوان هەرێمى كوردستان و وڵاتانی دراوسێ دەستی پێکرد. لە ساڵی ٢٠٠٥، گەشتی ڕاستەوخۆ لەنێوان هەرێم و وڵاتە ئەوروپییەکان دەستی پێکرد. ههروهها دروستکردنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لە کانونی یەکەمی ٢٠٠٣ دەستی پێکرد و لە (٢٠ی تەمووزی ٢٠٠٥) کەوتە کار. 'هێڵی ئاسمانی عێراقی' لە ساڵی ٢٠١٦دا، (٥٦،٩٠٣) گەشتی لە عێراق ئەنجام داوە کە (١٨.٩٧٨) یاخود (٪٣٣)ی لە/بۆ فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی بوون.
لە (٢٩ی ئەیلولی ٢٠١٧) حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ وهكو سزا ڕاگرتنی گەشتە نێودەوڵەتییەکانی لە/بۆ هەرێمی کوردستان سەپاند، ئەمەش بە مەبەستی دابڕينى هەرێم و داخستنی هاتوچۆى ئاسمانى و گهشتى نێودەوڵەتی له كوردستان، وەکو وهڵامێک بۆ دەنگدانی هاوڵاتيانى كوردستان بە سەربەخۆیی لە پڕۆسەی ڕیفراندۆمی ٢٥ی ئەیلول دا.
فڕۆکەخانەکان بە هۆکاری یاریدەدەری سەرەکی دادەنرێن بۆ چالاکی دارایی لە هەر ناوچەیەکدا، لەبەرئەوە داخستنی گهشتى ئاسمانی لە/بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانی کاریگەری و زیانی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی هەیە. ئاشکرایە کە کاریگەری زۆر بە تایبەت دەکەوێتە سەر ئاژانسەکانی حکومەت، گەشتیاران، دابینکەرانی خزمەتگوزاری و بەکارهێنەرانی خزمەتگوزارییەکان؛ نەک تەنیا لە هەرێمی کوردستان، بەڵکو لە سەرتاسەری عێراقیشدا. گەشتیارەکان، هێڵە ئاسمانییەکان، کۆمپانیاکانی بار، ئاژانسەکانی گەشتوگوزار و دابینکەر و بەکارهێنەرانی خزمەتگوزاری تر ناچار بوون یا کار و پلانەکانیان دوابخەن یاخود چارەسەری زۆر گرانتر و بێ ئاکام و مەترسیدار هەڵبژێرن. سەرەڕای ئەوەش، داخستنی فڕۆکەخانەکان کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆ و گەورەی هەیە لەسەر گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ هەزاران ئاوارەی ناوخۆى عێراق و پەنابەری سووری لە هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دەوروبەر، کە بەردەوام پێویستییان بە هاوکاری خێرا هەیە. ئەمڕۆ ڕێکخراوە مرۆییەکان و کارمەندەکانیان ناچارن کەلوپەلە مرۆییەکان بە ڕێگای نا سهلامهت بگوازنەوە کە لە ئاست و کاتی هاوکارییە مرۆییەکە کەم دەکاتەوە بەهۆی دووری ڕێگاکانەوە.
بۆ خوێندنەوەی زیاتر، تکایە ڕاپۆرتی ژمارە (١٨) لێرە بکەوە.