ناوه‌ندى هاوبه‌شى هه‌ماهه‌نگى قه‌يرانه‌كان ده‌ستخۆشى له‌ كارمه‌ندانى ژووری هاوكاری مرۆیی ده‌كات

به‌بۆنه‌ى كۆتايى هاتنى ساڵى 2017 و پێشوازى كردن له‌ ساڵى 2018، ناوه‌ندى هاوبه‌شى هه‌ماهه‌نگى قه‌يرانه‌كان به‌سه‌رپه‌رشتى به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى كۆبوونه‌وه‌يه‌كى سازكرد له‌گه‌ڵ ئەندامانی ژووری هاوكاری مرۆیی (OSS) به‌ مه‌به‌ستى پێشكه‌ش كردنى سوپاس و پێزانين و ده‌ستخۆشى له‌ ئه‌ندامان بۆ كاركردنى بێ ووچانيان و راپه‌ڕاندنى ئه‌رك و به‌رپرسياره‌تيه‌كانيان به‌ سه‌ركه‌وتوويى و پابه‌ندبوون و به‌رده‌وامييان بۆ پێشكه‌ش كردنى ئاسانكارى بۆ هێنانى هاوكارى مرۆيى بۆ هه‌رێمى كوردستان له‌لايه‌ن رێكخراوه‌كانى ناوخۆ و بيانى و ئاژانسه‌كانى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان و وڵاتانى كۆمه‌ك به‌خش بۆخزمه‌تكردنی ئاوارەى ناوخۆ و پەنابەران و هاوڵاتيانى هەرێمی كوردستان و ناوچه‌ ئازادكراوه‌كان.

لە سەرەتای دامەزراندنییەوە لە کانونی یەکەمی ٢٠١٦ لەلایەن سه‌رۆكايه‌تى ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێم، ژووری هاوکاری مرۆیی هاوبەش (OSS) لە ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان، کۆمەڵێک خزمەتگوزاری به‌بێ به‌رامبه‌ر دابین کردووە، وەکو کارئاسانی و بەدواداچوونی خێرا بۆ لێخۆشبوون لە باجی گومرگ و هەماهەنگی لەگەڵ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ باشتر بەڕێوەچوونی ئەو بارانەی لە لایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە دەهێننرێنە ناو هەرێمی کوردستان بۆ هاوکاری کردنی ئاوارەکان و ئەو خەڵکە زیان لێکەوتووەی لە ماڵەکانیان ماونەتەوە یاخود گەڕاونەتەوە نێو ماڵی خۆیان لە ناوچە ئازادکراوەکانی عێراق.

لە ساڵی 2017 دا (1046) داواکارییەی بۆ لێخۆشبوونی باج بۆ گەیاندنی هاوكاری مرۆیی کراون ، لە ژووری هاوکاری مرۆیی هاوبەش، (11.161.4) تۆن  به‌ به‌هاى (155 مليۆن دۆرلا) هاوكارى مرۆيى مۆڵه‌تى به‌خشينى له‌ باجى گومرگى بۆ كراوه‌ و هاوورده‌ى هه‌رێم كراوه‌ له‌ دەروزارە سنوورییەكان و فڕۆکەخانەكانی هەرێمی كوردستان (تاكو داخستنى فرۆكه‌خانه‌كان له‌ 29/9/2017).

ژووری هاوکاری مرۆیی هاوبەش، کە پێکهاتووە لە نوێنەرانی هەریەک لە وەزارەتەکانی ناوخۆ ناوه‌ندى هاوبه‌شى هه‌ماهه‌نگى قه‌يرانه‌كان، دارایی و تەندروستی و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، بە هاوکاری ڕێکخراوی خۆراکی جیهانی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەردەوام دەبێت لە کاری جدی بۆ پشتگیری کردنی هاوبه‌شه‌ مرۆييه‌كان بۆ پشتگيرى له‌ هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم لە ڕووبەڕووبوونەوە و وەڵامدانەوەی قەیرانی مرۆیی لە هەرێمی كوردستان.

پێویستە بێیتە ژوورەوە یان خۆت تۆمار بکەیت بۆ ئەوەی لێدوان بنووسی.


  • هیچ لێدوانێك لەسەر ئەم بابەتە نەنووسراوە، تۆ یەکەمین لێدوان بنووسە!