لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و كۆمسیۆنی نێودەوڵەتی بۆ كاروباری ونبووەكان پرسی بێسەروشوێنان تاوتوێ دەكەن

ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان بە سەرپرشتی بەڕێز وەزیری ناوخۆ كەریم شنگالی كۆبوونەوه‌یەكی هاوبەشی ڕێكخست لە نێوان لایەنە پەیونەدیدارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و كۆمسیۆنی نێودەوڵەتی بۆ كاروباری ونبووەكانی شەڕ و ململانێ (ICMP) بە مەبەستی دانانی چوارچێوەیەكی كاركردنی هاوبەش لە نێوان هەردوولا بۆ كاركردن لەسەر دۆزینەوە و پاراستنی گۆڕە بەكۆمەڵەكان و ناساندنەوەیان بە خانەوادەكانیان و قوربانیانی شەڕی داعش  بەتایبەت ئێزدییەكان كە بێسەروشوێن بوون.   

لەسەرەتای كۆبوونەوەكە بەرێز وەزیری ناوخۆ ئامانجی كۆبووەنەوەی بۆ ئامادەبووان ڕوونكردەوە و خۆشحاڵی خۆشی دەربڕی بە ئامادەیی تیمی نێودەوڵەتی بۆ ئەوەی لە ڕووی تەكنیكی و شارەزایی لە بوارەكانی كۆكردنەوەی زانیاری و داتا و دۆزینەوە و پاراستن و هەڵدانەوەی گۆڕەكان هاوكار بن و هەماهەنگی لەگەڵ لایەنی حكومی لە هەرێمی كوردستان دروست بكەن.

بەڕێز شنگالی ئاماژەی بەوەدا كە لەماوەی سێ ساڵی ڕابردوو بەهۆی شەڕی داعش هەزاران كەس بوونە قوربانی و تا ئێستاش چارەنووسیان نادیارە، هەروەها گووتی كە ئەركی حكومەتە هەوڵی تەواو بدات بۆ دۆزینەوە و دیاریكردنی چارەنووسیان بەڵام ئەمەش ئەركێكی درێژخایەنە و پێویستی بە شارەزایی و پسپۆڕی و تەكنەلۆجیا و تاقیگەی تایبەت و بنەمایەكی زانستی هەیە لە چوارچێوەی یاسا بەركارەكان.

دواتر لینا لارسۆن، بەڕێوبەری كۆمسیۆنی نێودەوڵەتی بۆ كاروباری ونبووەكانی شەڕ و ململانێ، لە گوتارێكدا سوپاس و پێزانینی خۆی پێشكەش بە وەزیری ناوخۆ كرد بۆ سەرپەرشتی كردنی ئەو كۆبووەنەوەیە. هەروەها تیشكی خستە سەر گرنگی كاری هاوبەش و هەماهەنگی لەسەر ئەم پرسە گرنگە.

پاشان تیمی تەكنیكی ICMP پوخته‌يه‌كى تێروتەسەلی پێشكەش بە ئامادەبووان كرد سەبارەت بە كار و توانایان و ئەو لایەنانەی دەتوانن هاوكاری وەزارەتی ناوخۆ و دامەزراوەكانی تر بكەن لە پرسی دۆزینەوەی ونبووەكان.

دوای گفتوگۆكردنی تێر و تەسەل سەبارەت بەم پرسە لە ڕووی تەكنیكی و یاسایی و مافی مرۆڤ و شارەزایی و پسپۆڕی، بەڕێز وەزیری ناوخۆ چوار خاڵی دیاری كرد بۆ ئەوەی ببێتە چوارچێوەی كاری هاوبەش وە لەلایەن بەشداربووانی كۆبوونەوەكە و كۆمسیۆن پەسندكران.

نوێنەرانی وەزارەتەكانی شەهیدان و ئه‌نفال و وه‌زاره‌تى ئەوقاف-كاروباری ئایینی و فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە و فەرمانگەی كاروباری یەزیدییەكان و فەرمانگەی بەشی به‌ڵگه‌ى تاوان لە وەزارەتی ناوخۆ و پەیمانگای دادوەری پزیشكی لە وەزارەتی تەندروستی و دەستەی باڵای كاروباری خانمان و سەنتەری لێكۆڵینەوە و بە بەڵگەكردنی تاوانەكانی داعش و ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان بەشداری كۆبوونەوەكە بوون.

پێویستە بێیتە ژوورەوە یان خۆت تۆمار بکەیت بۆ ئەوەی لێدوان بنووسی.


  • هیچ لێدوانێك لەسەر ئەم بابەتە نەنووسراوە، تۆ یەکەمین لێدوان بنووسە!