هەرێمی براندینبێرگی ئەڵمانیا پشتگیرییەكانی بۆ ئێزدییەكان زیاتر دەكات

بەڕێوبەری گشتی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان بەڕێز هۆشەنگ محمد پێشوازی لە بەرێز مارتن گۆرهۆلت، سكرتێرى كاروبارى دەرەوەی هەرێمی براندینبێرگی ئەڵمانی و شاندێكی یاوەری كرد كە بە مەبەستی ئاشنابوون و دۆزینەوەی دەرفەتەكان بۆ پێشكەشكردنی یارمەتی زیاتر بە ئێزدییەكان بە تایبەتی قوربانیانی دەستی داعش سەردانی هەرێمی كوردستانیان كرد.

بەڕێز هۆشەنگ بەخێرهاتنی شاندەكەی كرد و سوپاسی حكومەت و خەڵكی ئەڵمانیای كرد بۆ هەماهەنگی و یارمەتیدانی بەردەوامی خەڵكی ئاوارە و دامەزراوەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەر لە سەرەتای دروستبوونی قەیرانی مرۆیی لە 2014، بەتایبەتی پشتیوانی هەرێمی براندینبێرگ بۆ یارمەتیدانی قوربانیانی ڕزگاربووی دەستی داعش كە لە ئەڵمانیا نیشتەجێ بوون. هەروەها بەڕێزیان تیشكی خستەسەر ڕۆڵی گرنگی كونسوڵگەری ئەڵمانیا لە هەولێر و ڕێكخراوی ئاژانسی فیدڕاڵی بۆ هاوکاریی تەکنیکی (THW) و  فه‌رمانگه‌ى هاوكارى نێوده‌وڵه‌تى (GIZ) بۆ پشتیوانیكردنی هەوڵەكانی حكومەتی هەرێم لە یارمەتیدانی ئاوارەكان.

بەڕێز هۆشەنگ پوختەیەكی دەربارەی ڕەوشی ئێستای مرۆیی ئیزیدییەكان و پێداویستییە لە پێشینەكانیان لە كەمپەكان و دەرەوەی كەمپەكان پێشكەش بە شاندی مێوان كرد. هەروەها تیشكی خستەرسەر ئەوەی كە كۆمەڵگای ئێزیدی زیاتر لە هەموو پێكهاتە ئایینیەكانی دیكەی عێراق زەرەر و زیانیان بەركەوتووە چونكە ڕووبەڕووی قڕكردنێكی سیستەماتیكی بوون لەلایەن داعش و ڕووبەڕووی هەموو جۆرە تاوانێك بوونەوە لەلایەن تیرۆرستانی داعش.

بەڕێز هۆشەنگ باسی لە بارودۆخی ئێستای ناوچە ئازادکراوەکان و ئەو ئاستەنگانەی دێنە بەردەم گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئێزدیەکان و پێکهاتەکانی تر بۆ ناوچەکانی خۆیان كرد. هەروەها پوختەیەکی  پێشکەش بە شاندەکە کرد دەربارەی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یارمەتیدانی ئاوارە ئێزدیەکان و ئافرەت و منداڵە ڕزگارکراوەکانی دەستی داعش و دۆزینەوەی چارەنووسی ئێزدیە ونبووەكان.

لە کۆتاییدا، هەردوولا بیڕوڕایان گۆڕییەوە لە سەر بوارە جیاوازەکان  و ڕێگاکانی پاڵپشتی کردن لە لێقەوماوان و دابین کردنی هاوکاری پێویست بۆ خێزانە ئاوارەكانی ئێزیدی.

پێویستە بێیتە ژوورەوە یان خۆت تۆمار بکەیت بۆ ئەوەی لێدوان بنووسی.


  • هیچ لێدوانێك لەسەر ئەم بابەتە نەنووسراوە، تۆ یەکەمین لێدوان بنووسە!