لە 30 كانوونی دووەم ٢٠١٩ ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان (JCC) بە هاوبەشی لەگەڵ نووسینگەی هەماهەنگی كاروباری مرۆیی سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان (UNOCHA) کۆبونەوەی وەرزی خۆی ئەنجامدا لە هەولێر بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی بارودۆخی ئێستای مرۆیی لە هەرێمی کوردستان.
کۆبونەوەکە تیشکی خستە سەر پێداویستیە مرۆییەکان و ئاستەنگاکان و كێشە داراییەكانی پەیوەندیدار بە ئاوارەو پەنابەران، هەروەها کەموکوڕیەکان و وەڵامدانەوەی مرۆیی لە پلانی ٢٠١٩دا بۆ دڵنیابوون لە هەماهەنگی باش لە هاوبهشهكان بۆ پشتگیریكردنی ئاوارە و پەناباران لە هەرێم. بارودۆخی کەمپەکان و پێداویستی زستانە باسێكی تری كۆبوونەوەكە بوو.
بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان (JCC) بەڕێز هۆشەنگ محمد لەسەرەتای کۆبونەوەکە ئاماژەی بە نوێترین زانیارییەكاندا دەربارەی بارودۆخی مرۆیی لە هەرێمی کوردستان، ژمارەی ئاوارە و پەنابەران لەدەرەوە و ناوەوەی کەمپەکان و هەروەها ژمارەی ئەو ئاوارانەی گەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان و پرسى هاتنی ئاوارەی نوێ.
بەڕێوەبەری گشتی سوپاسی هەموو لایەنە هاوبەشەکانی کرد بۆ پشتگیری بەردەوامەکانیان لە وەڵامدانەوەی قەیرانی مرۆیی، ئاماژەی بەوەش کرد کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام هاوکاری و کارئاسانی پێشکەش بەو هاوبەشانە دەکات کە هاوکاری و پشتگیری خەڵکی ئاوارە دەکەن. هەروەها بەڕێزیان تیشکی خستە سەر هەماهەنگی و هاوکاری لە نێوان ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان و ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی و چاودێری (JCMC) و وەزارەتەكانی تر لەسەر ئاستی حکومەتی فیدرال.
بەڕێوەبەری گشتی ناوەند داواى له ئاژانسەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان و ڕێکخراوەكان كرد بۆ ئەوەی بەردەوامبن لە پێشكەشكردنی هاوكارییەكان بۆ خەڵکی ئاوارە و پەنابەر لە کەمپەکان و دەرەوەی کەمپەکان تاوەکو ئەو خەڵکانە دەرفەتیان دەبێت و بارودۆخیان ڕێگا بە گەڕانەوەیان دەدات بۆ ناوچەکانی خۆیان.
دواتر بەرێز ئایدن ئۆلێری سەرۆکی OCHA، هەوڵەکانی دەستنیشان کرد لە پاڵپشتی کردنی ئاوارەکان و جەختی کردە سەر پابەند بوونی تیمی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەردەوام بوون لە پاڵپشتی کردنی ئاوارە و پەنابەران، لە هەمان کاتدا تيشكى خستە سەر گرنگی گەڕانەوەی سەلامەت و ئارەزوومەندانە و شکۆدارانەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان.
لە میانەی کۆبونەوەکەدا ئاژانسی نەتەوەیەکگرتووەکان، ڕێکخەری کەرتەکان نوێترین زانیاریان لەسەر چاڵاکی و پڕۆژەکانیان بۆ ئاوارەکان پێشكەش كرد. هەروەها دەست نیشانی کەم و کورتیەکان و پێداویستی و خزمەتگوزاریەکان کرد کە پێشکەشی ئاوارەکان کرابوو. بەڕێوبەرانی نوسینگەکانی وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە پارێزگاکان نوێترین زانیاریان دا لەسەر بارودۆخی مرۆی لە پارێزگاکانیان وە کەم و کورتی و ئاستەنگەکانیان روون کردەوه.
كۆبوونەوەكە لەلایەن بەڕێوبەری گشتی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان و بە هاوبەشی لەگەڵ سەرۆكی رێكخراوی OCHA بەڕێوەبردرا بە بەشداری بهڕێوهبهرى گشتى ديوانى وەزارەتی شارەوانی و بەڕێوبەرانی نووسینگەكانی وەڵامدانەوەی قەیرانەكان لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك و نوێنەران و ڕێكخەرانی ئاژانسەكان و كەرتەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان.