ووتاری بەڕێز كەریم سنجاری وەزیری ناوخۆ، لە كۆڕبەندی سه‌قامگيرى ئاسايش له‌ عێراق

لە چوارچێوەی بەشداریكردن لە كۆڕبه‌ندى سه‌قامگيرى ئاسايش له‌ عێراق كە لە لایەن سه‌نته‌رى رافيده‌ين بۆ حيوار لە ڕێكەوتی 4-5/2/2019 لە شاری بەغدا بەڕێوەدەچێت بەڕێز كەرێم سنجاری وەزیری ناوخۆ ووتارێكی پێشكەش كرد لە پانێڵی بنەما سەرەكیەكانی ئاسایشی هەرێمی، لەگەڵ هەر یەك لە بەڕێزان ( فالح فەیاز/ ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق، پرۆفیسۆر توبی دوج/ پرۆفسیور لە كۆلیژی لەندن بۆ زانستی ئابوری، لینا خەتیب/ بەڕیوەبەری بەرنامەكانی پەیمانگای تشایام هاوس بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، فەریق یەكەم عثمان غانم/ سوپاسالاری عێراق)

لە ووتارەكەیدا بەڕێز وەزیری ناوخۆ تیشكی خستە سەر هۆكارەكانی توندوتیژی و بەردەوامی بیرۆكەی توندڕەوی و دروست بوونی گروپە تیرۆریستیەكان.

 هەروەها جەختی لەوە كردەوە پێویستە پێش ئه‌وه‌ى بير له‌ هه‌نگاوه‌كانى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆر بكه‌ينه‌وه‌، ئه‌وا پێويسته‌ له‌ پاشخانى ژينگه‌ى سياسى و كۆمه‌ڵايه‌تى و ئابورى و ئايينى و فه‌رهه‌نگى بكه‌ينه‌وه‌ كه‌ تيرۆر تيايدا گه‌شه‌ ده‌كات. ئه‌وه‌ش هه‌نگاوى بنه‌ڕه‌تيه‌ به‌ره‌و‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆر و ده‌سته‌به‌ركردنى سه‌قامگيرى و ئاسايش.

چونكە لە ئیستادا بەهۆی به‌رده‌وامى توندڕه‌ى و توندوتيژى، ئەوا تيرۆر بووه‌ته‌‌‌ دياريده‌يه‌كى جيهانى و هه‌ڕه‌شه‌يه‌كى جيدى له‌سه‌ر ئاشتى و ئاسايش و سه‌قامگيرى و هه‌موو به‌ها مرۆيى و ئايينيه‌كان له‌ جيهان به‌گشتى و له‌ عێراق به‌ تايبه‌تى. ‌

هەروەها لە بەشێكی تری ووتارەكەیدا بەڕێز وەزیری ناوخۆ ئاماژەی بەوەدا ئاسايش و سه‌قامگيرى عێراق ڕاسته‌وخۆ كاريگه‌رى هه‌يه‌ له‌سه‌ر ئاسايش و سه‌قامگيرى وڵاتانى درواسێى و ته‌واوى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست. هه‌روه‌كو عێراق سنوورێكى فراوانى هه‌يه‌ له‌گه‌ڵ شه‌ش‌ وڵات و بوونى نزيكه‌ى 38 مليۆن كه‌س و په‌يوه‌ندى ئايينى و كۆمه‌ڵايه‌تى و مه‌زه‌هه‌بى و نه‌ته‌وه‌يى له‌ نێوان پێكهاته‌كانى عێراق و وڵاتانى دراوسێ و په‌يوه‌ندى ئابورى و بازرگانى و چه‌ندين ده‌روازه‌ى سنوورى و نه‌وت و گاز هتد. 

بۆيه‌ ئه‌گه‌ر عێراق نه‌توانێت سنووره‌كانى بپارێزێت و ئاسايش و سه‌قامگيرى له‌ ناوخۆ ده‌سته‌به‌ر بكات، ئه‌وا به‌ دڵنياييه‌وه‌ كاريگه‌رى زۆر نه‌رێنى ده‌بێت له‌سه‌ر ئاسايش و سه‌قامگيرى وڵاتانى دراوسێ.

لە كۆتاییدا بەڕێزیان چەند پێشنیارێكی ئاڕاستەی ڕێكخەرانی كۆڕبەند و ئامادەبووان و حكومەتی عێراق كر بەمەبەستی ده‌سته‌به‌ركردنى ئاسايش و سه‌قامگيرى له‌ ته‌واوى عێراق و كۆتايى هێنان به‌ تيرۆر، ئه‌ونيش برتين له‌:

  • ده‌ست كردن به پڕۆسه‌ى ئاشته‌وايى راسته‌قينه‌ گێڕانه‌وه‌ى مافى هه‌موو ئه‌وانه‌ى سته‌ميان لێكراوه‌ و حه‌قيان خوراوه‌.
  • پێويسته‌ ئه‌وه‌ بزانين، كه‌ ئاسايش برتيه‌ نيه‌ له‌ هه‌بوونى مليۆنان چه‌كدار، به‌ڵكو بريتيه‌ له‌ هێزێكى تۆكمه‌ى‌ پڕۆفيشناڵ و سيسته‌م و پڕۆسه‌ و ته‌كنه‌لۆژيا و تواناى هه‌واڵگرى كه‌ له‌ چوارچێوه‌ى ياسا كاربكات.
  • ئەنجامدانی  چاكسازييه‌كى بنه‌ڕه‌تى و نه‌وعى له‌ دامه‌زراوه‌ سه‌ربازى و هه‌واڵگرييه‌كان بكرێت و دووباره‌ رێكخستنه‌وه‌يان له‌سه‌ر بنه‌ماى  دسپلينى سه‌ربازى پێشكه‌وتوو دوور له‌ ئينتيماى سياسى و تائيفى و مه‌زه‌هه‌بى و نه‌ته‌وه‌يى بۆ ئه‌وه‌ى ببنه‌ جێگاى متمانه‌ى هه‌موو پێكهاته‌كان و پارێزه‌رى ته‌واوى گه‌ڵانى عێراق بن.
  • قه‌ده‌غه‌كردن و داماڵينى چه‌ك له‌ هه‌موو گروپه‌ چه‌كداره‌كانى ده‌ره‌وه‌ى سيسته‌مى به‌رگرى و ئاسايش له‌ عێراق و نه‌هێشتنى پارێزبه‌ندى بۆ هيچ گروپێك له‌ هه‌ر پێكهاته‌و و ئايين و مه‌زهه‌بێك بێت.
  • كاركردن بۆ نه‌هێشتنى بيرى توندڕه‌وى به‌هه‌موو شێوازه‌كانى و گه‌نج و لاوان هۆشيار بكه‌ينه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى به‌ ئاسانى نه‌بنه‌ نێچيرى توندڕه‌وه‌كان و نه‌توانن كاريگه‌ريان له‌سه‌ر دروست بكه‌ن.
  • باشتركردنی هاوكارى و هه‌ماهه‌نگى گشت لايه‌نه‌كانى  پێويسته‌ له‌ ئاستى ناوخۆ و هه‌رێمى و نێوده‌وڵه‌تى وه‌كو دامه‌زراوه‌ حكومى و ناحكوميه‌كان و ناوه‌نده‌ په‌روه‌رده‌يى و ئايينيه‌كان و كۆمه‌ڵگاى مه‌ده‌نى و ده‌زگاكانى راگه‌ياندن بۆ رێگه‌گرتن و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندڕه‌وى و تيرۆر به‌ شێوه‌يه‌كى كاريگه‌ر.
  • دابين كردنى ته‌كنه‌لۆژياى زانيارى پێشكه‌وتوو بۆ هێزه‌كانى ئاسايشى ناوخۆ بۆ پشكنين و چاودێرى كردن و به‌دواداچوون له‌ پێناو زياتر به‌هێزكردنى ئاسايش و پاراستن و سه‌لامه‌تى بۆ ته‌واوى هاوڵاتيان.
  • په‌ره‌پێدان و فراوان كردنى به‌نديخانه‌كان به‌ گوێره‌ى ستاندارده‌ نێوده‌وڵه‌تيه‌كان و دانانى به‌رنامه‌ى تايبه‌ت بۆ هۆشياركردنه‌وه‌ و په‌روه‌رده‌ و رووبه‌رووبوونه‌وه‌ى بيرى توندڕه‌وى و تيرۆر.
  • كردنه‌وه‌ى خولى مه‌شق و ڕاهێنانى تايبه‌ت به‌ كارمه‌نده‌كانى هێزه‌كانى ئاسايشى ناوخۆ و كارمه‌ندانى به‌نديخانه‌كان و بنكه‌كان ده‌رباره‌ى چۆنيه‌تى مامه‌ڵكردن له‌گه‌ڵ تيرۆر و  رێگه‌گرتن له‌ توندڕه‌وى و دووباره‌ گونجاندنه‌وه‌ى گه‌نجه‌كان.
  • په‌ره‌پێدانى رێنماييه‌كى تايبه‌ت به‌ دژه‌ توندڕه‌وى بۆ مامۆستا و وانه‌بێژ و وتاربێژه‌كان له‌ ناوه‌نده‌كانى خوێندن و په‌روه‌رده‌ى ئايينى و كۆمه‌ڵايه‌تيه‌كان بۆ پاراستنى لاو و گه‌نجه‌كان له‌ ئاشنا بوونيان به‌ بيرى توندڕه‌وى.
  • له‌ ئاستى هه‌رێمى و نێوده‌وڵه‌تيش،  پێويسته‌ هه‌ماهه‌نگى و هاوكارى زياتر بكرێت و گرنگى زياتر به‌ به‌هێزكردنى تواناى هه‌واڵگرى بدرێت بۆ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ و ئاشكراكردنى تيرۆرستان و كرده‌وه‌ى تيرۆرستى رێكخراو و رێگه‌گرتن له‌ بڕينى سنوورى نێوان وڵاتان و گه‌شت كردن و په‌يداكردنى سه‌رچاوه‌ى دارايى هتد.
  • گرنگيدان به‌ پڕۆسه‌ى ئاشته‌وايى نشتيمانى و هاوكاريكردنى ئاواره‌كان و پڕۆسه‌ى دووباره‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى خزمه‌تگوزارييه‌كان له‌ ناوچه‌ ئازادكراوه‌كان و هاوكاريكردنى ئاواره‌كان بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن له‌ ماوه‌يه‌كى نزيكدا بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر ماڵه‌كانيان له‌ ناوچه‌ ئازادكراوه‌كان.
  • زيادكردنى هاوكارى و هه‌ماهه‌نگى له‌ نێوان هێزه‌كانى سوپاى عێراق و پێشمه‌رگه‌ و ده‌زگاكانى هه‌واڵگرى و دووباره‌ دامه‌زراندنه‌وه‌ى ميكانزمى  ئاسايشى هاوبه‌ش له‌ ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان له‌ نێوان حكومه‌تى عێراق و حكومه‌تى هه‌رێم بۆ ده‌سته‌به‌ركردنى ئاسايش و سه‌لامه‌تى و پاراستنى هاوڵاتيان به‌ هه‌موو پێكهاته‌كان له‌و ناوچانه و رێگه‌گرتن له‌ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى گروپه‌ تيرۆرستيه‌كان‌.
بۆ خوێندنەوەی ووتارەكە ئەم بەستەرە (لینك) بكەوە

 

 

پێویستە بێیتە ژوورەوە یان خۆت تۆمار بکەیت بۆ ئەوەی لێدوان بنووسی.


  • هیچ لێدوانێك لەسەر ئەم بابەتە نەنووسراوە، تۆ یەکەمین لێدوان بنووسە!