وتارى به‌ڕێز كريم سنجارى، وه‌زيرى ناوخۆ له پانێلى تايبه‌ت به‌ پرسى ئاسايش له‌ عێراق له كۆڕبه‌ندى هه‌ولێر

وتارى بهڕێز كريم سنجارى، وهزيرى ناوخۆ

كۆڕبه‌ندى هه‌ولێر، ناوه‌ندى لێكۆڵينه‌وه‌ى رووداوه‌

پانێلى تايبه‌ت به‌ پرسى ئاسايش له‌ عێراق

1/3/2019

ميوانه بهڕێزهكان. . .  ئاماده‌بووانى خۆشه‌ويست. . .

ئێواره‌تان باش و هه‌موو لايه‌كتان زۆر به‌خێربێن . . .

زۆر خۆشحاڵين له‌م كۆڕبه‌نده‌ گرنگه‌ ئاماده‌ين و سوپاسى ناوه‌ندى لێكۆڵينه‌وه‌ى رووداو ده‌كه‌ين بۆ رێكخستنى ئه‌و پانێله‌ تايبه‌ت به‌ پرسى ئاسايش له‌ عێراق.  

دواى راگه‌ياندنى سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر خه‌لافه‌تى داعش، هه‌مومان خۆشحاڵ بووين به‌ كۆتايى هاتنى ئه‌و خه‌ڵافه‌ته‌ له‌ عێراق، به‌ڵام ئه‌وه‌ ماناى كۆتايى هاتنى تيرۆر نيه‌، چونكه‌ چه‌ندين ته‌حديى زۆر گه‌وره‌مان له‌ پێش ماون له‌ قۆناغى دواى داعش بۆ ده‌ستبه‌ر كردنى ئاسايش و سه‌قامگيرى و خۆشگوزه‌رانى له‌ ته‌واوى عێراق.

پێويسته‌ سه‌يرى پاشخانى ژينگه‌ى سياسى و كۆمه‌ڵايه‌تى و ئابورى و ئايينى و فه‌رهه‌نگى بكه‌ينه‌وه‌ كه‌ تيرۆر تيايدا گه‌شه‌ ده‌كات. ئه‌وه‌ش هه‌نگاوى بنه‌ڕه‌تيه‌ به‌ره‌و‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆر و ده‌سته‌به‌ركردنى سه‌قامگيرى و ئاسايش.

باس كردن له‌ پرسى ئاسايش له‌ عێراق، ئه‌وا پێويسته‌ باسى قۆناغه‌كانى سه‌رهه‌ڵدانى تيرۆر و به‌هێزبوونى گروپه‌ تێرۆرستيه‌كان بكه‌ين پێش هاتنى داعش و دواى داعش و باسى ئه‌و هۆكارانه‌ بكه‌ين بوونه‌ هۆى سه‌رهه‌ڵدانى تيرۆر  له‌ ساڵى 2003 وه‌ تاكو دروست بوونى داعش بۆ ئه‌وه‌ى له‌ ته‌واوى بارودۆخه‌كه‌ تێبگه‌ين.

دواى روخانى رژێمى پێشوو له‌ ساڵى 2003، دامه‌زراندنى سيسته‌مى فيدڕاڵى له‌ عێراق به‌و ئامانجه‌ى‌ كه‌ هه‌موو پێكهاته‌كان تيايدا شه‌ريك و هاوبه‌ش و ده‌سه‌ڵاتداربن له‌ دواى نزيكه‌ى 80 ساڵ له‌ حكومى ديكتاتۆرى تاك حزب و تاك سه‌ركرده‌. به‌ڵام به‌هۆى ئه‌و پاشخانه‌ خوێناوييه‌ له‌ عێراق، هيچ له‌ پێكهاته‌كان متمانه‌ى به‌ ئه‌وه‌ى تر نه‌بوو و هه‌موولايه‌ك ترسى له‌ رابردوو و ئێستا و ئايينده‌ هه‌بوو له‌ عێراق و ئێستاشى له‌ گه‌ڵ بێت ئه‌و ترسه‌ هه‌ر ماوه‌ و بگره‌ زياتريش بووه‌.

بۆيه‌ له‌ هه‌موو كابينه‌كانى حكومه‌تى عێراق، هه‌ڵه‌ى زۆر كران و نه‌توانرا حوكمى ياسا سه‌روه‌ر بكرێت و دووباره‌ متمانه‌ و دڵنيايى دروست بكرێت له‌ نێوان هه‌موو گه‌ڵانى عێراق و ده‌ستور بكرێته‌ بنه‌ماى حكومڕانى و هيواى هاوڵاتيان بۆ ژيانێكى باشتر و خۆشتر و داهاتوويه‌كى گه‌شتر بكرێته‌ ڕاستى له‌ عێراق.  هه‌رچه‌نده‌ چه‌ندين ده‌ستپێشخه‌رى راگه‌ياندران بۆ ئاشته‌وايى نشتيمانى به‌ڵام سه‌ركه‌توو نه‌بوون به‌هۆى به‌لاڕێدابردنيان و به‌كارهێنانى وه‌كو ئامراز بۆ تۆڵه‌ سه‌ندنه‌وه‌.

ئه‌وه‌ش بووه‌ هۆى ئه‌وه‌ى رۆژ به‌ رۆژ كێشه‌ سياسيه‌كان قوڵتر ببنه‌وه‌ و متمانه‌ به‌ ته‌واوى له‌ نێوان پێكاته‌كان نه‌مێنێت و حكومڕانى عێراق بۆ تاكڕه‌وى سه‌ر بكێشت و پێكهاته‌كان هه‌ست به‌ په‌راوێزخستن بكه‌ن و هاوڵاتيان هيوايان نه‌مێنێت و هه‌ست به‌ ئاسايش و دڵنيايى نه‌كه‌ن.

ده‌رئه‌نجام ئه‌و كێشانه‌ بوونه‌ هۆى لاوازبوونى حكومه‌ت له‌ هه‌موو ئاسته‌كاندا و سه‌رهه‌ڵدانى كێشه‌ى ئابورى و كۆمه‌ڵايه‌تى و ئايينى و بڵاوبوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى و گروپى چه‌كدار و گروپى كوشتن و گروپى تيرۆرستى له‌سه‌رانسه‌رى عێراق و نه‌بوونى خزمه‌تگوزارييه‌كان و هه‌لى كار و  خۆشگوزه‌رانى و ده‌ست‌ تێوه‌ردانى ده‌ره‌كى له‌ هه‌موو كايه‌كاندا.

ئه‌وانه‌ هه‌موو هۆكارى سه‌ره‌كى بوون بۆ دروست كردنى ژينگه‌يه‌كى له‌بار و گونجاو بۆ گه‌شه‌سه‌ندنى گروپه‌ تيرۆرستيه‌كان له‌ عێراق له‌ ساڵى 2003 وه‌ تاكو ئێستا.

تيرۆرستان توانيان ئه‌و بۆشاييه‌ بقۆزنه‌وه‌ و عێراق بكه‌نه‌ ژينگه‌يه‌كى له‌بار بۆ به‌رهه‌مهێنانى تيرۆر له‌ رێگاى ناردنى چه‌كدارى مه‌شق پێكراوى خۆيان بۆ دامه‌زراندنى بناغه‌يه‌كى پته‌وى تيرۆر و شانه‌ى تيرۆرستى له‌ ناو كۆمه‌ڵگاى عێراقى،

هاوكات له‌بارى ژينگه‌ى عێراق، رێگه‌ خۆشكه‌ربوو كه‌ هاوڵاتيان هه‌ماهه‌نگى و هاوكارى و پێشوازى له‌ تيرۆر بكه‌ن و گروپه‌ تيرۆرستيه‌كان له‌ عێراق به‌ تايبه‌تى ناوچه‌ سوونيه‌كان گه‌شه‌ بكه‌ن له‌ دواى ساڵى 2003 وه‌ تاكو هاتنى داعش و داگيركردنى يه‌ك له‌سه‌ر سێى خاكى عێراق له‌ ساڵى 2014،

به‌ڵام هاتنى داعش ده‌رئه‌نجامى زۆر وێرانكه‌رى هه‌بوو بۆ ته‌واوى پێكهاته‌كان له‌ عێراق، داعش بووه‌ هۆى خاپوركردن و وێرانكردنى زياتر له‌ 70‌%ى ژێرخانى ته‌واوى‌ شارو شارۆچكه‌كان و موڵك وماڵى هاوڵاتيان.

ئه‌نجامدنى ده‌يان هه‌زار تاوان به‌رامبه‌ر خه‌ڵكى مه‌ده‌نى و سه‌ربازى و نه‌هێشتنى متمانه‌ و زياتر قوڵكردنه‌وه‌ى كێشه‌ى تايفى له‌ نێوان پێكهاته‌كان و ئاواره‌بوونى زياتر له‌ پێنج مليۆن كه‌س.

هاوكات ئه‌نجامدانى كۆمه‌ڵكوژى و خاپوركردنى ته‌واوى په‌رستگا و شوێنه‌ ئايينى و پيرۆزه‌كانى گشت پێكهاته‌ ئايينيه‌كان و به‌ديلگرتنى هه‌زاران ئافره‌ت و كچ و منداڵ  به‌ تايبه‌تى كوردى ئێزيدى وه‌كو به‌نده‌ى سێكس،

راهێنان و شوشتنه‌وه‌ى مێشكى ده‌يان هه‌زار منداڵ و هه‌رزه‌كار له‌سه‌ر ئايدۆلۆژياى توندڕه‌وى و تيرۆر. جگه‌ له‌وه‌ش، ده‌يان هه‌زار كه‌س ئاره‌زوومه‌ندانه‌ په‌يوه‌نديان به‌ داعش كرد و پاڵپشتى ئه‌و رێكخراوه‌ تيرۆستيه‌يان كرد و تاوانى زۆر قێزه‌وونيان له‌ دژى هاوڵاتيانى مه‌ده‌نى و هێزى سه‌ربازى ئه‌نجامداوه‌.

ته‌واوى سيسته‌مى كارگێڕى و ئاسايشى ئه‌و ناوچانه‌ى داعش داگيرى كرد هه‌ره‌سى هێناوه‌ و ده‌سه‌ڵاتى مه‌ده‌نى نه‌ماوه و‌ ده‌يان گروپى چه‌كدار دروستبوونه له‌ ده‌ره‌وه‌ى سيسته‌مى ئاسايش و به‌رگرى  و هه‌ر يه‌ك له‌و گروپانه‌ ئه‌گێنداى تايبه‌ت به‌خۆيان جێ به‌جێ ده‌كه‌ن و بوونه‌ته‌ مه‌ترسى و كێشه‌ى گه‌وره‌ له‌به‌رده‌م پڕۆسه‌ى سياسى و ئاشته‌وايى و سه‌قامگيرى و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌.

له‌ رووى ئايينى و كۆمه‌ڵايه‌تى و نه‌ته‌وه‌يى، متمانه‌ له‌ نێوان پێكهاته‌كان نه‌ماوه‌ و ته‌واوى پێكاته‌ نه‌ته‌وه‌يى و ئايينيه‌كان بوونه‌ ئامانجى تيرۆر و پێكهاته‌ى كۆمه‌ڵايه‌تى به‌ته‌واوى تێكچووه‌ و هه‌موو لايه‌نه‌كان دابه‌شبوونه‌ له‌ نێوخۆياندا و هه‌موويان ترسيان له‌ يه‌كتر هه‌يه‌.

سه‌ره‌ڕاى سه‌ركه‌وتنى سه‌ربازى به‌سه‌ر داعشدا، تاكو ئێستا داعش كۆتايى نه‌هاتووه‌ و هه‌ر به‌رده‌وامه‌ له‌ زۆربه‌ى ناوچه‌ ئازادكراوه‌كان، داعش و گروپه‌ توندڕه‌و و تيرۆرستييه‌كان به‌رده‌وامن له‌ خۆ رێكخستنه‌وه‌ و  داهێنانى رێگا و تاكتيك و شێوازى نوێ بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ى ئايديۆلۆژى توندوتيژى و به‌ ئامانج گرتنى گه‌نج و لاوان بۆ ئه‌نجامدانى كرده‌وه‌ى تيرۆرستى له‌ عێراق.   

بۆيه‌ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ى تيرۆر ته‌نها له‌ رێگه‌ى سه‌ربازى به‌سه‌ نيه‌. به‌ڵكو پێويسته‌ شێوازى نوێ بدۆزينه‌وه‌ بۆ رێگه‌گرتن له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ى بيرى توندڕه‌وى و تيرۆر به‌ تايبه‌تى كاربكه‌ين بۆ نه‌هێشتنى ئه‌و ژينگه‌يه‌ى كه‌ تيرۆر تيايدا گه‌شه‌‌ ده‌كات له‌ رێگه‌ى چاره‌سه‌ركردنى يه‌كجاره‌كى كێشه‌ بنه‌ڕه‌تيه‌كانى سياسى و  حكومڕانى و كشه‌كانى ئابورى و كۆمه‌ڵايه‌تى و ئايينى و ياسايى و قه‌يرانى مرۆيى و كێشه‌ى خاك و زه‌وى هتد.

ئاسايش له‌سه‌ر ژماره‌يه‌ك كۆڵه‌گه‌ى زۆر گرنگ وه‌ستاوه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌و كۆڵه‌گانه‌ سه‌قامگير و جێگير نه‌بن، ئه‌وا ئاسايش ده‌سته‌به‌ر ناكرێت وه‌كو سه‌قامگيرى سياسى و سه‌قامگيرى حكومڕانى و سه‌قامگيرى ئابورى و سه‌قامگيرى كۆمه‌ڵايه‌تى و ئايينى.

ئه‌گه‌ر سه‌يرى ره‌وشى عێراق بكه‌ين، ئه‌وا هيچ يه‌ك له‌م كۆڵه‌گانه‌ سه‌قامگير نين و به‌ڵكو زۆر له‌رزۆكن، بۆيه‌ ده‌سته‌به‌ركردنى ئاسايش و سه‌قامگيرى له‌ ته‌واوى عێراق و كۆتايى هێنان به‌ تيرۆر جگه‌ له‌ هه‌وڵى سه‌ربازى و هه‌واڵگرى، ئه‌وا هه‌نگاوى جيدى پێويسته‌ له‌لايه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانى عێراق بنێرێن بۆ دروستكردنه‌وه‌ى متمانه‌ و گێڕانه‌وه‌ى دڵنيايى له‌ نێوان هه‌موو پێكهاته‌كان و مسۆگه‌ركردنى ژيانێكى شايسته‌ و خۆشگوزه‌ران بۆ ته‌واوى گه‌لانى عێراق ئه‌ونيش برتين له‌:

  1.  ده‌ست كردن به پڕۆسه‌ى ئاشته‌وايى راسته‌قينه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ بنه‌ڕه‌تيه‌كانى حكومڕانى و سياسى و ئابورى و كۆمه‌ڵايه‌تى و كێشه‌ى خاك له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستور بۆ سه‌قامگيركردنى كۆڵگه‌ى سياسى و حكومڕانى و ئابورى و كۆمه‌ڵايه‌تى.
  1. دامه‌زراندنى پڕۆسه‌يه‌كى دادوه‌رى سه‌ربه‌خۆ بۆ دادگايى كردنى هه‌موو ئه‌ندامانى داعش و ئه‌وانه‌ى تاوانيان ئه‌نجامداوه‌ له‌ ريزه‌كانى داعش و له‌ ريزى گروپه‌ چه‌كداره‌كانى فه‌رمى و نافه‌رمى به‌رامبه‌ر هاوڵاتيان و  هێزه‌ چه‌كداره‌كان له‌سه‌رانسه‌رى عێراق و گێڕانه‌وه‌ى ماف و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ى هه‌موو ئه‌وانه‌ى سته‌ميان لێكراوه‌ و زيانيان به‌ركه‌وتووه‌‌.
  1.  ئه‌نجامدانى چاكسازييه‌كى بنه‌ڕه‌تى و نه‌وعى له‌ دامه‌زراوه‌ سه‌ربازى و هه‌واڵگرييه‌كان و دووباره‌ رێكخستنه‌وه‌يان له‌سه‌ر بنه‌ماى  دسپلينى سه‌ربازى پێشكه‌وتوو و به‌شدارى كاراى هه‌موو پێكهاته‌كان له‌ پۆسته‌ باڵا سه‌ربازييه‌كان و دوور له‌ ئينتيماى سياسى و تائيفى و مه‌زه‌هه‌بى بۆ ئه‌وه‌ى ببنه‌ جێگاى متمانه‌ى هه‌موو پێكهاته‌كان و پارێزه‌رى ته‌واوى گه‌ڵانى عێراق بن. چونكه‌ ئاسايش برتى‌ نيه‌ له‌ هه‌بوونى مليۆنان چه‌كدار، به‌ڵكو بريتيه‌ له‌ هێزێكى تۆكمه‌ى‌ پڕۆفيشناڵ و هه‌بوونى سيسته‌م و پڕۆسه‌ و ته‌كنه‌لۆژيا و تواناى هه‌واڵگرى كه‌ له‌ چوارچێوه‌ى ياسا كاربكات.
  1.  قه‌ده‌غه‌كردن و داماڵينى چه‌ك له‌ هه‌موو گروپه‌ چه‌كداره‌كانى ده‌ره‌وه‌ى سيسته‌مى به‌رگرى و ئاسايش له‌ عێراق و نه‌هێشتنى پارێزبه‌ندى بۆ هيچ گروپێك له‌ هه‌ر پێكهاته‌و و ئايين و مه‌زهه‌بێك بێت.
  1. زيادكردنى هاوكارى و هه‌ماهه‌نگى له‌ نێوان هێزه‌كانى سوپاى عێراق و پێشمه‌رگه‌ و ده‌زگاكانى هه‌واڵگرى و دووباره‌ دامه‌زراندنه‌وه‌ى ميكانزمى ئاسايشى هاوبه‌ش له‌ ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان له‌ نێوان حكومه‌تى عێراق و حكومه‌تى هه‌رێم بۆ ده‌سته‌به‌ركردنى ئاسايش و سه‌لامه‌تى و پاراستنى هاوڵاتيان به‌ هه‌موو پێكهاته‌كان له‌و ناوچانه و رێگه‌گرتن له‌ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى گروپه‌ تيرۆرستيه‌كان‌.
  2. رێكخستنه‌وه‌ى سيسته‌مى ئيدارى و حكومڕانى ناوچه‌ ئازادكراوه‌كان و گه‌ڕاندنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتى مه‌ده‌نى بۆ ئه‌و ناوچانه‌ و كشانه‌وه‌ى هێزه‌ چه‌كداره‌كان له‌ شاره‌كان و چه‌سپاندنى سه‌ره‌وه‌رى ياسا و پشتگيرى ئابورى و دروستكردنى ده‌رفه‌تى كار و بژێوى ژيان.
  1. دانانى به‌رنامه‌يه‌كى تايبه‌ت به‌ هاوكاريكردنى ئاواره‌كان و پڕۆسه‌ى دووباره‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى خزمه‌تگوزارييه‌كان له‌ ناوچه‌ ئازادكراوه‌كان و هاوكاريكردنى ئاواره‌كان بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن له‌ ماوه‌يه‌كى نزيكدا بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر ماڵه‌كانيان له‌ ناوچه‌ ئازادكراوه‌كان.
  1.  دابين كردنى ته‌كنه‌لۆژياى زانيارى پێشكه‌وتوو بۆ هێزه‌كانى ئاسايشى ناوخۆ بۆ پشكنين و چاودێرى كردن و به‌دواداچوون له‌ پێناو زياتر به‌هێزكردنى ئاسايش و پاراستن و سه‌لامه‌تى بۆ ته‌واوى هاوڵاتيان.
  1.  په‌ره‌پێدان و فراوان كردنى به‌نديخانه‌كان به‌ گوێره‌ى ستاندارده‌ نێوده‌وڵه‌تيه‌كان و دانانى به‌رنامه‌ى تايبه‌ت بۆ هۆشياركردنه‌وه‌ و په‌روه‌رده‌ و رووبه‌رووبوونه‌وه‌ى بيرى توندڕه‌وى و تيرۆر.
  1.  كردنه‌وه‌ى خولى مه‌شق و ڕاهێنانى تايبه‌ت به‌ كارمه‌نده‌كانى هێزه‌كانى ئاسايشى ناوخۆ و كارمه‌ندانى به‌نديخانه‌كان و بنكه‌كان ده‌رباره‌ى چۆنيه‌تى مامه‌ڵكردن له‌گه‌ڵ تيرۆر و  رێگه‌گرتن له‌ توندڕه‌وى و دووباره‌ گونجاندنه‌وه‌ى گه‌نجه‌كان.
  1.  دانان و جێ به‌جێ كردنى به‌رنامه‌ى په‌روه‌رده‌يى و هۆشياركردنه‌وه‌ و چاكسازى له‌ نێوان به‌ندكراوه‌كان و رێگه‌گرتن له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ى بيرى توندڕه‌وى و تيرۆر له‌ به‌نديخانه‌كان.  
  1.  په‌ره‌پێدانى رێنماييه‌كى تايبه‌ت دژى‌ توندڕه‌وى بۆ مامۆستا و وانه‌بێژ و وتاربێژه‌كان له‌ ناوه‌نده‌كانى خوێندن و په‌روه‌رده‌ى ئايينى و كۆمه‌ڵايه‌تيه‌كان بۆ پاراستنى لاو و گه‌نجه‌كان له‌ ئاشنا بوونيان به‌ بيرى توندڕه‌وى.
  1.  دروستكردنى ده‌رفه‌تى كار و خوێندن و خۆشگوزه‌رانى و ره‌خساندنى سه‌كۆى رۆشنبيرى و پێگه‌ياندنى پيشه‌يى و هزرى بۆ گه‌نج و لاوه‌كان تاكو پارێزراوبن له‌ شه‌پۆڵه‌كانى توندڕه‌وى و توندوتيژى.
  1.  له‌ ئاستى هه‌رێمى و نێوده‌وڵه‌تيش،  پێويسته‌ هه‌ماهه‌نگى و هاوكارى زياتر بكرێت و گرنگى زياتر به‌ به‌هێزكردنى تواناى هه‌واڵگرى بدرێت بۆ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ و ئاشكراكردنى تيرۆرستان و كرده‌وه‌ى تيرۆرستى رێكخراو و رێگه‌گرتن له‌ بڕينى سنوورى نێوان وڵاتان و گه‌شت كردن و په‌يداكردنى سه‌رچاوه‌ى دارايى هتد.
  1. ئه‌نجامدانى چاكسازى  و په‌ره‌پێدانى سيسته‌مى په‌روه‌رده‌ و خوێندن له‌ عێراق و گرنگيدان به‌ به‌ها و بنه‌ما و مافه‌كانى مرۆڤ و يه‌كسانى جێنده‌ر و پێكه‌وه‌ژيانى ئاشتيانه‌ و لێبورده‌يى ئايينى.

له‌ كۆتاييدا پێويسته‌ ئه‌وه‌ له‌به‌رچاو بگرين: ئێستا عێراق له‌ سه‌ر دووڕيانێكه، ‌ له‌ دواى داعش ده‌رفه‌تێكى باش ره‌خساوه‌ بۆ چاوخشاندنه‌وه‌ به‌ هه‌موو هه‌ڵه‌كانى رابردوو ‌ بۆ چاره‌سه‌رى كردنى يه‌كجاره‌كى كێشه‌ى سياسى و شێوازى حكومڕانى و ئابورى و كۆمه‌ڵايه‌تى و ئايينى و كێشه‌ى خاك كه‌ هه‌موو پێكهاته‌كان هه‌ست به‌ ئارامى بكه‌ن و مافى هه‌موو هاوڵاتيانى عێراق به‌ گوێره‌ى ده‌ستور و ياسا پارێزراو بێت،

به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ چاره‌سه‌ر نه‌كردنى كێشه‌ كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كان كه‌ باسمانكرد، ئه‌وا ژينگه‌ى عێراق زياتر له‌ بارده‌بێت بۆ به‌رهه‌م هێنانى تيرۆر و سه‌رهه‌ڵدانى گروپى نوێى تيرۆرستى و ته‌نها له‌ رێگه‌ى سه‌ربازى ناتوانرێت كۆتايى به‌ تيرۆر بهێنرێت و سه‌قامگيرى و ئاسايش ده‌سته‌به‌ر بكرێت. له‌ ئه‌نجامدا به‌دڵنياييه‌وه‌ عێراق رووبه‌رووى نه‌هامه‌تى و ماڵوێرانى زياتر ده‌بێته‌وه.

زۆر سوپاس بۆ ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ و بۆ گوێگرتنتان . . .

پێویستە بێیتە ژوورەوە یان خۆت تۆمار بکەیت بۆ ئەوەی لێدوان بنووسی.


  • هیچ لێدوانێك لەسەر ئەم بابەتە نەنووسراوە، تۆ یەکەمین لێدوان بنووسە!