ئەمڕۆ چوارشەممە 29/5/2019 بەڕێز كەریم شنگالی وەزیری ناوخۆ و وەزیری پێشمەرگە بە وەكالەت به ئامادهبوونى بهڕێز هۆشنگ محمد بهڕێوهبهرى گشتى ناوهندى هاوبهشى ههماههنگى قهيرانهكان، لە وەزارەتی ناوخۆ پێشوازی لە شاندێكی وەزارەتی دەرەوەی سویسڕا كرد كە پێكهاتبوون لە (لوكاس گاسر) باڵیۆزی سویسڕا لە عێراق و نيشتهجێى عهممان و (هانز پیتەر) سەرۆكی ناوەندی بەڕێوبردنی قەیرانەكان لە حكوومەتی سویسڕا لەگەڵ (ئۆرز یۆب ئارب) بەرپرسی سكرتاریەتی پەنابەران لە حكوومەتی سویسڕا.
لە سەرەتای دیدارەكەدا رەوشی ئەمنی و سیاسی عێراق و هەرێمی كوردستان گفتوگۆیان لەسەر كرا و لەگەڵ بارودۆخی ئێستای ناوچە ئازادكراوەكانی ژێر دەستی رێكخراوی تیرۆریستی داعش، بەڕێز كەریم شنگالی پوختەیەك زانیاریی سەبارەت بەم ناوچانە خستەڕوو و جەختی كردەوە كە پێیانوایە راستە داعش لە ڕووی جەبهەوە تێكشكاوە، بەلآم لە رووی بیر و ئایدۆلۆژیا ماوە و ماوەیەكیشە لە چەند ناوچەیەك دەستبەكاربوونەتەوە و بەمەش بوونەتە جێگەی ترس و دڵەڕاوكێ هاوولآتیان.
سەبارەت بە رەوشی ئێستای ئاوارە و پەنابەرانیش، وەزیری ناوخۆ رایگەیاند وەك حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەرەڕای ئەو بارگرانییەی لەسەریەتی، بەلآم ئەوەی لە توانایدا هەبووە هاوكاریی پێشكەش بە ئاوارە و پەنابەران كردووە و بەردەوامیش دەبێت، هەروەها جەختیشی كردەوە وەك حكوومەتی هەرێم بەبێ زۆرەملێ پشتگیری لە گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە ئاوارەكان دەكەن و داواشی كرد لایەنە نێودەوڵەتییەكان هاوكاری و هەماهەنگی زیاتری حكوومەتی هەرێم بكەن سەبارەت بە كەیسی ئاوارەكان.
شاندەكەی وەزارەتی دەرەوەی سویسڕا خۆشحاڵی خۆی بە سەردانەكە نیشاندا و مەبەستی سەردانەكەشیان روونكردەوە كە لە نزیكەوە ئاگاداربوون و هەڵسەنگاندنی بارودۆخەكەیە بۆ ئەوەی وەك حكوومەتی سویسڕا بتوانن پەیوەندییە دووقۆڵییەكانیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان زیاتر ببەنە پێشەوە و هەروەها هاوكاری زیاتریش پێشكەش بە ئاوارەكان بكەن.
لە كۆتاییدا شاندەكە لە رێگەی بەڕێز وەزیری ناوخۆ پیرۆزبایی خۆیان و حكومەتی سویسڕایان پێشكەش بە خەڵكی كوردستان و بەڕێز نێچیرڤان بارزانی كرد بە بۆنەی ههڵبژاردنى وهكو سەرۆكی هەرێمی كوردستان و هیوای سەركەوتنیشیان لە كارەكانیدا بۆ خواست.