لە بەرواری 26ی حوزەیران لە مەراسیمێكدا بە ئامادەبوونی بەڕێز كەریم سنجاری وەزیری ناوخۆ و بەڕێز فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە و بەڕێز نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر و ئەندامانی ئەنجومەنی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان و بەرپرسانی دیكەی حكومی و خاتوو باربەرە كونسوڵ له كونسوڵگهرى ئهڵمانيا له ههولێر و خاتوو جێنی هۆرنیش نوێنەری ڕێكخراوی GIZ و سەرۆكی بەرنامەی قودرە و بەرپرسان و نوێنەرانی دیكەی ئاژانسەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان و ڕێكخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان لە كوردستان، بینای نوێی ناوەند بە فەرمی كرایەوە.
لە وتاری بەخێرهاتن، بەڕێز هۆشەنگ محمد، بەڕێوبەری گشتی ناوەند، سوپاسی بهڕێز وەزیری ناوخۆی كرد بۆ پێدانی ئەو بینایە بە ناوەند و بۆ پشتگیری و ڕێنمایی بەردەواميان بۆ ناوەند لە سەرەتای دامەزراندنیەوە لە ساڵی 2014. هەروەها سوپاسی ڕێكخراوی GIZی ئەڵمانی كرد بۆ پاڵپشتی دارایی و تەكنیكی بۆ نۆژەنكردنەوەی بیناكە. بەڕێزیان گووتی كە ناوەند هەر لە سەرەتاى دامەزراندنیەوە هەماهەنگی و پشتگیرییەكی باشی هەبووە لەلایەن هاوبەشەكانی لە حكومەت و ئاژانسەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان و وڵاتانی كەمەك بەخش و ڕێكخراوەكان.
هەروەها ئاشكرای كرد كە ناوەند لە سەدا 60ی پلانی ستراتیژی بۆ دامەزراندنی سیستەمی بەڕێوەبردنی قەیران و كارەساتەكان جێبەجێكراوە لە نێوانیان پڕۆژە یاسایەك و پەرەپێدانی ستراتیژیەك بۆ ئەكادیمیای بەڕێوەبردنی قەیرانەكان و پەرەپێدانی سیاسەتی ڕەگەزی و دامەزراندنی سیستەمی جوگرافیای زانیاری (GIS) و سیستەمی بەڕێوەبردنی داتا و زانیاری و دروستكردنی دوو سەنتەری لۆجستی و سیستەمی بەڕێوەبردنی دارایی ئەلیكترۆنی.
ئێستا ناوەند كار لەسەر چەند پڕۆژەیەك دەكات لە چوارچێوەی پلانی ستراتیژی لە نێوانیاندا؛ دامەزراندنی تیمەكانی وەڵامدانەوەی خێرا و سیستەمی خۆبەخشی و پەرەپێدانی بەرنامەیەك بۆ بەڕێوەبردنی ئەلیكترۆنی سەنتەرەكانی لۆجستی و سیستەمی دەرخستنی هەڕەشە و مەترسییەكان بۆ هەرێمی كوردستان.
بەڕێز وەزیری ناوخۆ لە وتارێكدا ستایشی تیمەكانی ناوەند و GIZی كرد بۆ سەرپەرشتی كردن و جێبەجێكردنی نۆژەنكردنەوەی بیناكە بە سەركەوتوویی و لەماوەیەكی كورت. هەروەها سوپاسی ئەڵمانیا و یەكێتی ئەوروپای كرد بۆ پشتیوانیان لە ناوەند و هەرێمی كوردستان لە رێگای بەرنامەی قودرە. وە سوپاسی بۆردی مەدەدی كرد بۆ درێژكردنەوەی بەرنامەی قودرە.
بەڕێز سنجاری ڕایگەیاند كە بوونی دامەزراوەیەكی پێشكەوتوو بۆ هەماهەنگی و وەڵامدانەوە و بەڕێوەبردنی قەیرانەكان زۆر پێویست و گرنگە بۆ هەرێمی كوردستان. هەروەها ئاماژەی بەوەدا كە لە ماوەیەكی كورت ناوەند توانیویەتی ڕۆڵێكی سەرەكی بگێڕێت لە بەڕێوەبردنی هەماهەنگی ناوخۆیی لە نێوان وازارەت و دام و دەزگاكانی حكومەتی هەرێمی و حكومەتی فیدراڵی و لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەكان.
بەڕێزیان داوای لە هەموو كۆمەك بەخش كرد كە بەردەوامبن لە هاوكارییە دارایی و تەكنیكییەكانیان بۆ ناوەند بۆ ئەوەی بتوانێت ژێرخانی دامەزراوەیی و سەرچاوە مرۆییەكانی بەرەوپێش ببات لە چوارچێوەی پلانی ستراتیژی بۆ ئەوەی توانای هەبێت لە بەڕێوەبردنی قەیرانە مرۆییەكان و هەر حاڵەتێكی تری لە ناكاو كە لە داهاتوو ڕووبدات.
خاتوو باربرا، بە نوێنەرایەتی كۆنسولگەری گشتی ئەڵمانیا لە هەولێر، خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بۆ پشتیوانیان لە ناوەند و جەختی كردەوە كە پاڵپشتییەكان لە داهاتوو بەردەوامیان دەبێت.
هەروەها گووتی كە كاركردن لەسەر هەموو مەترسییەكان و هەماهەنگی لە نێوان پارێزگاكان و وەزارەتەكان و لەگەڵ بەغداو و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی ژێرخانێكی نایابی پێویستە. هیوای خواست كە بینای نوێ یارمەتیدەر بێت بۆ جێبەجێكردنی ئەو ئەركانە.
دواتر خاتوو جێنی تیشكی خستە سەر پاڵپشتی دارایی و تەكنیكی GIZ بۆ ناوەند بە مەبەستی بەهێزكردنی سیستەمی بەڕێوەبردنی قەیرانەكان لە كوردستان ئاشكرای كرد كە زیاتر لە 100 كارمەندی ناوەند تا زانیاری و شارەزاییان زیادكردووە لەسەر بەڕێوەبردنی مەترسییەكان و هەماهەنگی و بەڕێوەبردن. هەروەها گووتی نۆژەنكردنەوەی بیناكە وا لە ناوەند دەكات زیاتر گەشە بكات و بەرنامەی قودرەش خۆشحاڵ دەبێت بە بەردەوامیدان بە پاڵپشتی كردنی بەهێزكردنی دامەزراوەیی ناوەند.
بینای نوێ لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ دراوە بە ناوەند و ڕێكخراوی GIZی ئەڵمانی لە ڕێگای بەرنامەی قودرە نۆژەنی كردنەوە.
قودرە بەرنامەیەكی هەرێمیە لەلایەن سندوقی متمانەی هەرێمی یەكێتی ئەوروپا بۆ وەڵامدانەوەی قەیرانی سوریا (سندوقی مەدەد) و وەزارەتی فیدراڵی ئەڵمانیا بۆ هەماهەنگی ئابووری و گەشەپێدان پارەی بۆ تەرخان دەكرێت بە مەبەستی بەهێزكردنی توانایی پەنابەرانی سوریا و ئاوارەكان و كۆمەڵگای خانەخوێ بۆ وەڵامدانەوەی قەیرانەكانی سوریا و عێراق. بەرنامەكە بە هاوبەشی لەلایەن رێكخراوی GIZ و كەنیسەی مرۆیی هەنگاریا لە ڕێگای بەرنامەیەكی هاوبەش لە وڵاتەكانی ئوردون و لوبنان و توركیا و هەرێمی كوردستان عێراق. بەیەكەوە لە ڕێگای قودرە پاڵپشتی پێشكەش دەكەن.