وه‌زاره‌تى ناوخۆ سیاسه‌تى تايبه‌تى به‌ یه‌كسانى له‌ نێوان ئافره‌ت و پیاو له‌ ئه‌رك و مافدا په‌سندكرد

به‌رێز وه‌زيرى ناوخۆ كەريم سنجارى به‌ فه‌رمانى وه‌زارى ژماره‌ (10152 له‌ رێكه‌وتى 10/6/2019) سیاسه‌تى تايبه‌تى به‌ یه‌كسانى له‌ نێوان ئافره‌ت و پیاو له‌ ئه‌رك و مافدا په‌سندكرد بۆ‌ زياتر به‌هێزكردن و پاراستن و په‌ره‌پێدانى پرسى یه‌كسانى له‌ نێوان ئافره‌ت و پیاو له‌ گشت دامه‌زراوه‌كانى وه‌زاره‌تى ناوخۆدا بۆ ئه‌وه‌ى زياتر رێگه ‌خۆش بكرێت بۆ پێدانى ده‌ره‌فه‌تى يه‌كسان و زياتر هاتنه‌ پێشه‌وه‌ى ئافره‌تان له‌ گشت ئاسته‌كانى كارگێڕى و بڕياردان.

شايانى باسه‌ ئه‌م سياسه‌تى يه‌كسانى له‌ نێوان ئافره‌ت و پیاو له‌ ئه‌رك و مافدا له‌لايه‌ن ناوه‌ندى هاوبه‌شى هه‌ماهه‌نگى قه‌یرانه‌كان به‌ هاوكارى و هه‌ماهه‌نگى به‌رنامه‌ى په‌ره‌پێدانى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان (UNDP) و ئاژانسى فرياكه‌وتنى مه‌ده‌نى سويد (MSB) ئاماده‌كراوه‌ له‌ دواى ئه‌نجامدانى ژماره‌یەك خولى مه‌شق و راهێنان و وێرك شۆپ به‌ به‌شدارى لايه‌نه‌ په‌يوه‌نداره‌كان له‌ ماوه‌ى دوو ساڵى رابردوو و دواتر پێداچوونه‌وه‌ى كۆتايى بۆ كرايه‌وه‌ و له‌لايه‌ن ليژنه‌يه‌كى هاوبه‌ش له‌ ناوه‌ندى هاوبه‌شى هه‌ماهه‌نگى قه‌يرانه‌كان و به‌ڕێوه‌به‌رايه‌تى گشتى ديوانى وه‌زاره‌تى ناوخۆ و به‌رێوه‌به‌رايه‌تى گشتى نه‌هێشتنى توندوتيژى له‌ وه‌زاره‌تى ناوخۆ بۆ زیاتر گونجاندنى له‌گه‌ڵ یاسا و ڕێنماییه‌ به‌ركاره‌كانى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، پاشان له‌لايه‌ن به‌ڕێز وه‌زیرى ناوخۆ كريم سنجارى په‌سه‌ندكراو وه‌كو سياسه‌تى فه‌رمى وه‌زاره‌تى ناوخۆ دەر‌باره‌ى یه‌كسانى له‌ نێوان ئافره‌ت و پیاو له‌ ئه‌رك و مافدا.

مه‌به‌ست له‌ سیاسه‌تى یه‌كسانى له‌ نێوان ئافره‌ت و پیاو له‌ وه‌زاره‌تى ناوخۆى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بريتيه‌ له‌ نه‌هێشتنى ئه‌و نایه‌كسانیه‌ مێژوويی و کەلتوری و ڕێكخراوه‌ییه‌‌ی كه‌ له‌ نێوان  ئافره‌ت و پیاودا هه‌یه‌ له‌ڕووى ده‌رفه‌تى دامه‌زراندن، په‌ره‌پێدانى كار و هاوكارى و سوپاس و پێزانين. هه‌روه‌ها، ئه‌م سیاسه‌ته‌ مه‌به‌ستیه‌تى كه‌ هه‌ل ومه‌رجێكى كاركردنى گونجاو و له‌بار بۆ كارمه‌ند و فه‌رمانبه‌رانی‌ ئافره‌ت بڕه‌خسێنى له‌ دامه‌زراوه‌كانى وه‌زاره‌ت، ئه‌مه‌ش به‌ فه‌راهه‌مكردنى ژینگه‌یه‌كى له‌بارى كاركردن دێتە دی كه‌ هیچ جۆره‌ بێزاركردنێكى تێدانه‌بێت . له‌به‌رئه‌وه‌، ئه‌م سیاسه‌ته‌ كۆمه‌ڵێك  رێوشوێن وكردارى دياریكردووه‌  بۆ ئه‌وه‌ى له‌ هه‌موو ئاسته‌كانى به‌ڕێوه‌بردن له‌ دامه‌زراوه‌كانى وه‌زاره‌ت جێبەجێ بكرێن به‌ تايبه‌تى له‌م بوارانه‌ى خواره‌وه‌‌:

  • دامه‌زراندن
  • پله‌ به‌رزكردنه‌وه‌‌ (پایه‌ و پله‌)
  • په‌ره‌پێدان و ڕاهێنانى كار
  • پاداشت و سوپاس و پێزانين
  • شوێنى كار و كارى مه‌یدانى
  • بێزاركردن و گێچەڵى سێكسى و خراپ به‌كارهێنانى ده‌سه‌ڵات
  • پێگەی ئافرەت لەناوەندی بڕیار

به‌سته‌ره‌كى تايبه‌ت به‌ سيساسه‌ته‌كه‌:

https://jcckrg.org/contents/files/03-07-2019/1562140982.Gender Equality Policy.pdf

پێویستە بێیتە ژوورەوە یان خۆت تۆمار بکەیت بۆ ئەوەی لێدوان بنووسی.


  • هیچ لێدوانێك لەسەر ئەم بابەتە نەنووسراوە، تۆ یەکەمین لێدوان بنووسە!