20 پڕۆژەی نوێى بژێوى ژيان ڕاده‌ستى 20 پێشمەرگەی بریندارى شه‌ڕى داعش كرا

لە بەرواری 29ی تەمموز 2019، ڕێوڕەسمێك ڕێكخرا لە ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان بۆ ڕادەستكردنی 20 پڕۆژەی نوێی دابينكردنى بژێوى ژيان بۆبيست پێشمەرگەى بريندارى شه‌ڕى داعش. مەڕاسیمەكە بە ئامادەبوونی بەڕێز ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ و خاتوو كلاریس پاستۆری، نوێنەری یەكێتی ئەوروپا لە هەرێمی كوردستان و خاتوو باربرا وۆلف، كونسولی گشتی ئەڵمانیا لە هەولێر و تۆماس شاف، بەڕێوبەری ڕێكخراوی GIZ لە عێراق و نوێنەرانی وەزارەتی پێشمەرگە و هاوبەشەكانی دیكە بەرێوەچوو.

لە سەرەتای مەڕاسیمەكەدا، بەڕێز هۆشەنگ محمد، بەڕێوبەری گشتی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان بە نوێنەرایەتی ناوەند و لایەنەكانی جێبەجێكاری پڕۆژەكە، بە گەرمی پێشوازی لە مێوانەكان كرد و سوپاس GIZی كرد بۆ هەماهەنگی و پشتگیرییان لە ماوەی جێبەجێكردنی پڕۆژەكەدا، هیوای خواست لە قۆناغی دووەمی پڕۆژەكە، بەرنامە و پڕۆژەی هاوشێوە جێبەجێ بكرێت بۆ سوود گەیاندن بە بریندارانی پێشمەرگە.

لە وتارێكدا، بەڕێز ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەناوى حكومەتی هەرێمی كوردستان و گه‌لى كوردستان سوپاس یەكێتی ئەوروپا و حكومەتی ئەڵمانیای كرد بۆ دابینكردنی كۆمەك بۆ بەرنامەی قودرە بە تایبەت پڕۆژەی هاوكاریكردنی پێشمەرگە بریندارەكان.

به‌ڕێز وه‌زيرى ناوخۆ ڕایگەیاند كە پێشمەرگە قارەمانەكان و هێزەكانی ئاسايشى ناوخۆ لە هەرێمی كوردستان قوربانی گەورەیاندا لە شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش و بەرگری كردن نەك تەنها لە خەڵكی كوردستان بەڵكو بەرگریكردن لە هەموو جیهان بە پاڵپشتی هێزەكانی هاوپەیمانان. هەروەها گووتی "ئەو پڕۆژەیە نەك تەنها لە ڕووی ئابوورییەوە بایەخی هەیە، بەڵكو یارمەتی پێشمەرگە بریندارەكان دەدات بژێوی ژیانی خیزانەكانیان دابین بكەن و دووبارە بگەرێنەوە ناو كۆمەڵگا و له‌ رووى دەروونيه‌وه‌ هه‌ست به‌ ئارامی بكه‌ن.

بەڕێزیان پشتگیری تەواوی وەزارەتی ناوخۆی دووپات كردەوە بۆ بەرنامەی قودرە و بەڵێنی پێشكەشكردنی هەموو هاوكاری و كارئاسانییەكیدا بۆ ئەوەی قۆناغی دووەمى به‌رنامه‌ى قودره‌ بە سەركەوتوویی جێبەجێ بكرێت بۆ مەبەستی یارمەتیدانی ئاوارە و پەنابەران و كۆمەڵگای خانەخوێ.

خاتوو كلاریس، نوێنەری یەكێتی ئەوڕوپا لە وتارەكەیدا ڕۆڵی پێشمەرگەی لە شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش بەرز نرخاند كە بە پشتیوانی هێزەكانی هاوپەیمانان توانیان ئەو دووژمنە شەڕانگێزە لە مەیدانی جەنگ تێكبشكێنن و خێزانەكانیان و كۆمەڵگا و كوردستان و عێراق بە ئارامی بپارێزن. هەروەها جەختی كردەوە سەر ئەوەی كە یەكێتی ئەوروپا لە ڕێگای بەرنامەی قودرە ڕاستەوحۆ یارمەتی خەڵك دەدات لە ڕێگای بنیادنانی ژێرخان و پڕۆژه‌ى بچوك و باشتركردنی ژیانی ئاوارە و پەنابەران و كۆمەڵگای خانەخوێ. هەروەها ئاماژەی بەوەدا كە ڕۆڵی ئافرەت لە پاڵپشتی كردنی پێشمەرگە لە كاتی شەڕد و دوای برینداربوون و گووتی "ئەو ئافرەتانەش قارەمانن كە پشتگیری و چاودێری هاوسەرە بریندارەكان و منداڵەكانیان دەكەن لە كاتێكی زۆر زەحمەتدا."

خاتوو باربرا، كونسولی گشتی ئەڵماینا باسی لەو هاوكارییانە كرد كە وڵاتەكەی تاوەكو ئێستا پێشكەشی هێزەكانی پێشمەرگە و ئاوارەكان و كۆمەڵگای خانەخوێی كردووە لە ڕێگای بەرنامەی جیاجیا لە دەستپێكی قەیرانی مرۆیی و شەڕی داعش تاوەكو ئێستا. هەروەها دووپاتی كردەوە كە ئەڵمانیا بەردەوام دەبێت لەو هاوكارییانە بۆ كوردستان و عێراق. وە سوپاسی ناوەندی كرد بۆ هەماهەنگی و هاوكاری كاریگەر لەگەڵ ئاژانسە ئەڵمانییەكان بۆ جێبەجێكردنی بەرنامە جیاوازەكان لە كوردستان.

دواتر به‌ڕێز لیوا قارەمان شێخ كەمال، جێگری سەرۆك ئەركان، بە نوێنەرایەتی وەزارەتی كاروباری پێشمەرگە سوپاس و پێزانینی خۆی دەربڕی بۆ لایەنەكانی جێبەجێكاری بەرنامەی قودرە بۆ هاوكاریكردنی پێشمەرگە. هیوای خواست كە بەرنامەكە بەردەوام بێت و بەرفراوان بكرێت بۆ ئەوەی ژمارەیەكی زیاتر پێشمەرگەی بریندار بگرێتەخۆی.

لەلایەن خۆیەوە بەڕێوبەری GIZ لە عێراق تیشكی خستە سەر گرنگی هەماهەنگی و هاوكاری نێوان هەموو لایەنەكانی جێبەجێكار هەروەها پێزانینی خۆی دەربڕی بۆ ئەو هاوكارییەی پێشكەشی ئاوارە و پەنابەران و كۆمەڵگای خانەخوێ دەكرێت.

لە رێگای بەرنامەی قودرە 27 پێشمەرگە (7 لە 2018 و 20 لە 2019) هاوكاری كران لە ڕێگەی دروستكردنی دەرفەتی خۆشگوزەرانی بۆ ئەوەی بتوانن هاوكری خێزانەكانیان بكەن و لە هەر ڕەوشێكی دەروونی نالەبار ڕزگاریان بێت. ئەو پێشمەرگانە لە شەڕی دژی داعش برینداربوون. كاتێكی سەختیان بەڕێكردووە بۆ دووبارە بنیادنانەوەی ژیان چونكە بژێوی ژیانیان لەسەر بڕە مووچەیەكی كەمە كە زەحمەتە بەشی پێداویستییە تەندروستییەكانیان بكات. كۆی گشتی ئەندامانی خێزانی 27 پێشمەرگەكە 145 كەسن كە سوودمەند دەبن لەم پڕۆژەیە.

ئامانج لەو پڕۆژە خێرا و كاریگەرانە باشكردنی بژێوی ئابووری ئەو پێشمەرگانە و خێزانەكانیانە لە ڕێگای دروستكردنی كاری تایبەت بە خۆیان و بەجێهێشتنی كاریگەری ئەرێنا لەسەر ڕەوشی ئابووریان. 3 پێشمەرگەی سوودمەند لەو پڕۆژەیە بەشداربوون لە مەراسیمەكە و باسی گرنگی و سوودی پڕۆژەكەیان بۆ ئامادەبووان كرد كە چۆن كارەكەیان بۆتە سەرچاوەیەكی داهات بۆ خێزانەكانیان و بەمەش لە رێگای ئەو پڕۆژانەی بۆیان دروستكراوە بژێوی ژیانیان بەرەو باشتر ڕۆیشتووە.

پڕۆژەكە ڕاستەوخۆ لەلایەن لیژنەیەكی هاوبەش جێەجێ دەكرێت كە پێكهاتووە لە ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان و بەشی تەندروستی وەزارەتی پێشمەرگە و GIZ و نووسینگەكانی وەڵامدانەوەی قەیرانەكان لە پارێزگاكان.

بەرنامەی قودرە پڕۆژەیەكی هەرێمییە كە لەلایەن بەرنامەی كۆمەكی یەكێتی ئەوروپا بۆ وەڵامدانەوەی قەیرانی مرۆیی لە سوریا و وەزارەتی هەماهەنگی ئابووری و گەشەپێدانی ئەڵمانی كۆمەك دەكرێت بۆ بەهێزكردنی توانایی پەنابەرە سورییەكان و ئاوارەكانی ناوخۆ و كۆمەڵگاكانی خانەخوێ بۆ وەڵامدانەوەی قەیرانەكانی سوریا و عێراق. بەرنامەكە بە هاوبەشی لەلایەن ڕێكخراوی GIZ و ئاژانسی ئیكسپێرتیسی فەڕەنسی و ئاژانسی پەرەپێدانی نێودەوڵەتی ئیسپانی و ڕێكخراوی ئینتەرچەرچی هەنگاری جێبەجێ دەكرێت لە وڵاتەكانی ئوردون و لوبنان و توركیا و هەرێمی كوردستان. بەیەكەوە هاوكارییەكانیان لە ڕێگای قودرە دابین دەكەن.

هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە لە كانوونی یەكەمی 2014، بەشێكی گرنگی هاوكارییە نا مرۆییەكان بۆ وڵاتانی دراوسێی سوریا لە ڕێگای بەرنامەی كۆمەكی هەرێمی یەكێتی ئەوروپا بۆ وەڵامدانەوەی قەیرانی سوریا (كۆمەكی مەدەد) دابین كراوە. بەرنامەی كۆمەك وەڵامدانەوەیەكی مرۆیی یەكگرتووی یەكێتی ئەوروپایە بۆ قەیرانەكە و دۆزینەوەی ڕێگەچارەی درێژخایەنە لە بوارەكانی ئابووری و پەروەردە و پاراستن و پێداویستییەك كۆمەڵایەتییەكانی پەنابەرە سورییەكان لە وڵاتانی دراوسێ و هاوكاریكردنی كۆمەڵگا ناوخۆییەكان و ئیدارەكانیان.

پێویستە بێیتە ژوورەوە یان خۆت تۆمار بکەیت بۆ ئەوەی لێدوان بنووسی.


  • هیچ لێدوانێك لەسەر ئەم بابەتە نەنووسراوە، تۆ یەکەمین لێدوان بنووسە!