ڕۆژی پێنجشەممە 5ی ئەیلول، 2019، شاندێك لە تیمی ڕاوێژكاری یەكێتی ئەوروپا (EUAM) لە عێراق بە سەرۆكایەتی جێگری سەرۆكی نێردەی EUAM بەڕێز بێنی جێنسن و شاندی یاوەری، دوای كۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرێز ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان، سەردانی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكانیان كرد و لەلایەن بەڕێز هۆشەنگ محمد بەرێوبەری گشتی ناوەند پێشوازیان لێكرا.
بەڕێز هۆشەنگ پوختەیەكی پێشكەش بە شاندی میوان كرد دەربارەی ڕەوشی مرۆیی لە هەرێمی كوردستان و ڕۆلی حكومەتی هەرێم لە هاوكاریكردنی خەڵكی ئاوارە و پەنابەر. هەروەها باسی لە پلانی ستراتیجی ناوەند كرد بۆ دامەزراندنی سیستەمی بەڕێوەبردنی كارەسات و قەیرانەكان لە هەرێمی كوردستان و ئەو پشتگیرییەی پێویستە بۆ جێبەجێ كردنی ئەو ستراتیجیە. هەروەها باسی لەو پڕۆژە ستراتیجیانە كرد كە توانای كوردستان لە وەڵامدانەوەی قەیرانەكان بەهێز دەكەن.
لە كۆبوونەوەكەدا هەردوولا باسیان لە لایەنەكانی هاوكاری دوو لایەنەی نێوان ناوەند و EUAM كرد لە داهاتوودا.
شاندی EUAM هیوای خواست كە بتوانن ههماههنگى و هاوكارى لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆو لەگەڵ ناوەند دروست بكەن.