وەزارەتی ناوخۆ پلانى فرياكه‌وتنى مرۆيى بۆ به‌هاناوه‌چوونى شه‌پۆڵى نوێى په‌نابه‌رانى سوريا خسته‌روو بۆ نێردەی دیبلۆماسی و وڵاتانی کۆمەکبەخش له‌ هه‌رێمى كورداستان

سێشەممە ڕێکەوتی ١٥/١٠/٢٠١٩، وەزارەتی ناوخۆ و ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان به‌ هه‌ماهه‌نگى و هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ فه‌رمانگه‌ى پەیوەندیەکانی دەرەوە کۆبوونەوەیەکی تایبەتیان سازدا لەگەڵ نێردەی دیبلۆماسی و وڵاتانی کۆمەکبەخش لە هەرێمی کوردستان بە سه‌رپه‌رشتى هەریەک لە بەڕێزان ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ و سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوە و بە ئامادەبوونی به‌ڕێزان دکتۆر جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هۆشنگ محمد، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى ناوه‌ندى هاوبه‌شى هه‌ماهه‌نگى قه‌يرانه‌كان،  بۆ تاوتوێ کردنی دوایین پەرەسەندنەکانی سوریا و دەرئەنجامه‌كانى و کاریگەريان لەسەر هەرێمی کوردستان له‌ رووى مرۆيى و ئاسايش و هاندانى هاوكارى مرۆيى و كۆمه‌كى مرۆيى بۆ هه‌رێمى كوردستان.

لە دەستپێکی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، بەڕێز سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوە پووختەیەکی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد سەبارەت بە هه‌وڵوێست و نیگەرانيه‌کانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەمبەر دوایین پەرەسەندنەکانی سوریا و کاریگەری لەسەر هەرێمی کوردستان. دواتر نیگەرانیەکانی حکومەتی هەرێمی خستەڕوو لەڕووی ئاوارەبوونی هاوڵاتیانی سوریا و ڕەوشی مرۆیی و  جوڵەی هێزەکانی سوپای سوریای ئازاد بۆ ناوچە کوردیەکان و لێکەوتەکانی و بەرگرتن لە ئامرازەکانی توندڕەوی و مەترسی گۆڕانی دیموگرافی ناوچە کوردنیشنەکان و دووبارە سەرهەڵدانەوەی داعش.

دواتر، بەڕێز ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ، تیشکی خستە سەر ڕۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کردنەوەی دەرگا بەڕووی ئاوارە و پەنابەران لە ماوەی ڕابردوودا و سووپاسی نێردەی دیپلۆماسی ووڵاتان و کۆمەکبەخشان کرد لە پێشکەش کردنی هاوکاری و پاڵپشتی مرۆیی و دووپاتيكرده‌وه‌ بەبێ هاوکاری ووڵاتانی كۆمه‌ك به‌خش حكومه‌تى هه‌رێم نه‌يده‌توانى ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە و پەنابەران لەخۆ بگرێت بەڵام لە ئەمڕۆدا لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا کە نزیکە دوو ملیۆن هاوڵاتی مەدەنی دەژین ڕووبەڕووی ململانێیەکی دیکە بۆتەوە کە تیایدا هاوڵاتیانی مەدەنی دووچارى  دەربەدەرى دەبن وە دەبێتە هۆی ئاوارەبوونی زیاتری هاوڵاتیان بۆ ووڵاتانی دراوسێ و  هەرێمی کوردستان. هاوکات، ئەو ناوچانەی كه‌وتوونه‌ته‌ به‌ر ئۆپه‌راسيۆنى سه‌ربازى،  ژماره‌يه‌ك کەمپی ئاواره‌ى لێيه‌ كه‌ زۆربه‌يان ئافرەت و منداڵ و چەکدارانی داعشن و بەشێکیان لە پلەی ئەمیر و شەڕکەری دیاری داعشن کە ئەمەش هەڕەشەیەکی دیکەی ئاسيشه‌ چوونکە له‌ كاتى راكردنيان له‌و كه‌مپانه‌ ئەگەری دزەکردنیان هەیە له‌گه‌ڵ په‌نابه‌ران  بۆ ناو خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان.

لە درێژەی گوتەکانیدا، بەڕێز وەزیری ناوخۆ گوتی پێشبینی ئەوە دەکەین نزیکەی (٢٥٠) هەزار ئاوارەى سوريا روو لە هەرێمی کوردستان بکەن. ئه‌وه‌ش فشارێكى تر ده‌خاته‌ سه‌ر هه‌رێمى كوردستان بۆيه‌ پێویستمان بە هاوکاری و هەماهەنگی هەموو لایەک هەیە لە نێردەی ووڵاتانی بیانی و ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان و ناوخۆ بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ى ئه‌و شه‌پۆڵه‌ى په‌نابه‌ره‌كان.  به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ هەرێمی کوردستان دووچاری کارەساتێکی دیکەی مرۆیی دەبێت و ئێمه‌ ئه‌وه‌ى له‌ توانامان بێت جێ به‌جێى ده‌كه‌ين بۆ پیشکەش کردنی ئاسایش و پاراستن و خزمەتگوزاری به‌ په‌نابه‌ران بەڵام  تواناكانمان زۆر سنوورداربوونه‌ به‌هۆى قه‌يرانه‌كانى رابردوو بۆيه‌ بە تەنیا ئەستەمە و داوای هاوکاری و پاڵپشتی له‌ ئێوە دەکەین.

هاوكات به‌ڕێز وه‌زيرى ناوخۆ بەناوی حکومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی وڵاته‌ كۆمه‌ك به‌خشه‌كان و ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێكخراوه‌كانى بيانى و ناوخۆى كرد بۆ هاوکاری و پاڵپشتی مرۆییان له‌ ماوه‌ى پێنج ساڵى رابردوو بۆ ئاواره‌ و په‌نابه‌ران.

پاشان، بەڕێز هۆشەنگ محمد، بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان پرێزتێشنێكى پشێکەش کرد تایبەت بە پلانی فریاكه‌وتنى مرۆیی بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ و به‌ڕێوه‌بردنى شەپۆلی نوێى په‌نابه‌ران له‌ سوريا . ناوبراو تیشکی خستە ڕەوشی هەنووکەیی مرۆیی ئاوارە و پەنابەران لە هەبۆ هه‌رێمى كوردستان. هاوكات پێويستييه‌كان خسته‌روو بۆ ئه‌نجامدانى ئاماده‌كارى پێويست بۆ به‌هاناوه‌چوونى په‌نابه‌ران.  له‌ به‌شێكى تردا، پوخته‌يه‌كى ده‌رباره‌ى ره‌وشى مرۆيى ئێستا و ژماره‌ى ئاواره‌ى ناوخۆ و په‌نابه‌رانى سورياى له‌ هه‌رێمی کوردستان خسته‌روو و رايگه‌يانن کە ژمارەیان دەگاتە  نزیکەی (١،١) ملیۆن كه‌س و لە 20% یان لە  38 کەمپ نیشتەجێن. هاوكات باسى له‌ كاريگه‌رى كه‌مبوونه‌وه‌ى كۆمه‌كى نێوده‌وڵه‌تى كر له‌سه‌ر به‌رنامه‌ و پڕۆژه‌ مرۆييه‌كان بۆ هاوكارى كردنى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران و بۆته‌ هۆى داخستن و كه‌مكردنه‌وه‌ى ژماره‌يه‌كى به‌رچاوى چاڵاكييه‌كان له‌ بواره‌كانى ته‌ندروستى و په‌روه‌رده‌ و ئاو و ئاوه‌ڕۆ و فرێدانى زبڵ و خاشاك و خۆراك. رايگه‌ياند بۆ دابينكردنى ته‌واوى خزمه‌تگوزارييه‌كان ئه‌وا حکومەتی هەرێم پێويستى به‌  بڕى (81) ملیۆن دۆلار و ساڵانە بڕی (٩٧١) ملیۆن دۆلار پێویستە. لە کۆتاییدا پووختەیەکی پێشکەش کرد تایبەت بە سێ سیناریۆیی ئامادەکراو بۆ پێشوازیکردن لە شەپۆلی په‌نابه‌ران لە باکورى ڕۆژهەڵاتی سوریا و پێداویستيیەکان بۆ  دروستكردن کەمپی تازە و بەڕێوەبردن و پێشکەش کردنی خزمەتگوزاری و دابین کردنی پێداویستیيە فرياگوزارييه‌كان.

 

پێویستە بێیتە ژوورەوە یان خۆت تۆمار بکەیت بۆ ئەوەی لێدوان بنووسی.


  • هیچ لێدوانێك لەسەر ئەم بابەتە نەنووسراوە، تۆ یەکەمین لێدوان بنووسە!