بەڕێوبەری گشتی ناوەند پێشوازی لە شاندێكی ڕێكخراوی سویدۆ كرد

ڕۆژی دووشەممە 6ی كانوونی دووام 2020، بەڕێز هۆشەنگ محمد بەرێوبەری گشتی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان پێشوازی كرد لە شاندێكی ڕێكخراوی سویدۆ بە سەرۆكایەتی خاتوو كارینە ئیریكسۆن سەرۆكی ڕێكخراوەكە و بە یاوەری بەڕێز حوسێن بۆتانی بەڕێوبەری ڕێكخراوەكە لە هەرێمی كوردستان و عێراق.

بەرێوبەری گشتی ناوەند سوپاس و پێزانینی خۆی پێشكەش بە ڕێكخراوی سویدۆ كرد بۆ هەوڵی بەردەوامیان لە پشتگیری كردنی ئاوارەكانی ناوخۆ و پەنابەرانی سوریا و كۆمەڵگای خانەخوێ لە هەرێمی كوردستان و ڕۆڵەكەیانی بەرز نرخاند لە پاڵپشتی كردن لە هەوڵەكانی حكومەت بۆ بەڕێوەبردنی قەیرانی مرۆیی لە هەرێمی كوردستان.

بەڕێز هۆشەنگ محمد كورتەیەكی لەسەر ڕەوشی مرۆیی و پێداویستییە مرۆییەكان و بەردەوامی گەیشتنی پەنابەری سوریا بۆ هەرێمی كوردستان خستە ڕوو.

خاتوو كارینا ئیریكسۆن سەرۆكی ڕێكخراوی سویدۆ سوپاس و پێزانینی خۆی پێشكەشی ناوەند كرد بۆ هەماهەنگی و پاڵپشتی بەردەوامی و ڕایگەیاند ئەوان بەردەوام دەبن لە هاوڵدان بۆ دابینكردنی سەرچاوە و كۆمەكی زیاتر بۆ ئەوەی بتوانن پڕۆژەی زیاتری درێژ خایەن لە هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكەن بۆ هاوكاریكردنی ئاوارە و پەنابەران.

بەڕێز حوسێن بۆتانی بەڕێوبەری ڕێكخراوەكە پێزانینی خۆی بۆ ئەو هاوكاری و هەماهەنگی بەهێزیان لەگەڵ ناوەند خستەڕوو و سوپاسی ناوەندی كرد بۆ هاوكاری و كارئاسانی بەردەوامیان.

لە كۆتاییدا بەڕێوبەری گشتی ناوەند سوپاسی شاندەكەی كرد و هیوای خواست ڕێكخراوی سویدۆ بەردەوام بێت لە جێبەجێكردنی پڕۆژەكانیان لە هەرێمی كوردستان و ئامادەیی ناوەندیشی ڕاگەیاند بۆ هەماهەنگی و پاڵپشتی زیاتر بۆ پڕۆژەكانی ڕێكخراوەكە.

 

 

پێویستە بێیتە ژوورەوە یان خۆت تۆمار بکەیت بۆ ئەوەی لێدوان بنووسی.


  • هیچ لێدوانێك لەسەر ئەم بابەتە نەنووسراوە، تۆ یەکەمین لێدوان بنووسە!