سەردانی باڵیۆزی فەڕەنسا بۆ ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان

ڕۆژی چوارشەممە، 5ی شوبات 2020، شاندێكی فەڕەنسی بە سەرۆكایەتی بەڕێز برۆنۆ ئۆوبێرت باڵیۆزی ئەو وڵاتە لە عێراق و بە یاوەری بەڕێز ئۆلیڤەر دیكۆتنگیس، كونسولی گشتی وڵاتی فەڕەنسا لە هەولێر و بەڕێوبەرانی سەنتەری قەیران و پاڵپشتی فەڕەنسی سەردانی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكانی كرد و لەلایەن بەڕێز هۆشەنگ محمد، بەڕێوبەری گشتی ناوەند پێشوازییان لێكرا.

بەرێز هۆشەنگ محمد، بەرێوبەری گشتی ناوەند، سوپاس و پێزانینی خۆی ئاڕاستەی حكومەتی فەڕەنسا كرد بۆ پاڵپشتی مرۆیی بەردەوامیان بۆ ئاوارە و پەنابەران و كۆمەڵگای خانەخوێ لە هەرێمی كوردستان لە سەرەتای دروستبوونی قەیرانی مرۆیی لە عێراق لە 2014. هەروەها گووتی ڕێكخراوە فەڕەنسییەكان ڕۆڵیان گرنگ و بە بایەخ بووە لە كەمكردنەوەی قەیرانەكە و هیوای خواست ئەو هاوكارییانە بەردەوامییان هەبێت لە داهاتوودا. بەڕێوبەری گشتی ناوەند هەروەها پوختەیەكی لەسەر ڕەوشی مرۆیی و پێداویستییەكان و ئاستەنگەكان بەرامبەر گەڕانەوەی ئاوارەكان پێشكەش بە شاندی مێوان كرد. هەروەها تیشكی خستە سەر كەمبوونەوەی كۆمەك كە ئەمەش كاریگەری نەرێنی دروستكردوە لەسەر بەرنامە و پڕۆژە مرۆییەكان.

بەڕێز برۆنۆ ئۆوبێرت سوپاسی هەوڵەكانی ناوەندی كرد لە دروستكردنی هەماهەنگی بۆ وەڵامدانەوەی مرۆیی لە كوردستان و هاوكاری بەردەوامی لەگەڵ كونسولگەری فەڕەنسا لە هەولێر و پشتگیری كردنی ڕێكخراوە فەڕەنسییەكان، هیوای خواست ئەو هەماهەنگی و هاوكارییە بەردەوامی هەبێت.

بەڕێز ئۆلیڤەر دیكۆتنگیس ڕۆڵی ناوەندی بەرز نرخاند لە هاوكاریكردنی هاوبەشە مرۆییەكان بە تایبەتیش بۆ ڕێكخراوە فەڕەنسییەكان بۆ گەیاندنی هاوكاری مرۆیی بۆ لێقەوماوان و ئامادەیی دەربڕی بۆ بەهێزكردنی هەماهەنگی و هاوكاری لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان لە هەرێمی كوردستان.

دواتر نوێنەری ناوەندی قەیرانەكان و پشتیوانی لە وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا باسی لەو پڕۆژانە كرد كە فەڕەنسا بۆ یارمەتیدانی ئاوارە و پەنابەران و كۆمەڵگای خانەخوێ لە كوردستان ئەنجامی داون. هیوای خواست هاوبەشی لەگەڵ ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان زیاتر بكرێت لە ڕووی بەڕێوەبردنی قەیرانەكان و پێشوازی لە ئالوگۆڕی شارەزایی و ئەزموونی هەردوو دامەزراوە كرد.

بەڕێوبەری گشتی ناوەند پێشوازی لە دەستپێشخەرییە كرد و  ئامادەیی ناوەندیشی دەربڕی بۆ هەماهەنگی و هاوكاری زیاتر و گووتی ناوەند كاردەكات بۆ هێنانی شارەزایی دەرەكی بۆ هەرێمی كوردستان بە ئامانجی بەهێزكردنی بەڕێوەبردنی قەیرانەكان.

هەردوولا بیروڕایان ئالوگۆڕ كرد لەسەر ڕەوشی ئێستا و رێگاكانی داهاتوو بۆ یارمەتیدانی ئاوارەكان و كاركردنی هاوبەش بۆ پشتگیری لە ئاوارە و پەنابەران و پرۆسەی گەڕانەوە و سەقامگیری.

پێویستە بێیتە ژوورەوە یان خۆت تۆمار بکەیت بۆ ئەوەی لێدوان بنووسی.


  • هیچ لێدوانێك لەسەر ئەم بابەتە نەنووسراوە، تۆ یەکەمین لێدوان بنووسە!