ناوه‌ندى هاوبه‌شى هه‌ماهه‌نگى قه‌يرانه‌كان و ئاژانسى ئه‌ڵمانى بۆ هاوكارى نێوده‌وڵه‌تى و به‌ڕێوه‌به‌رايه‌تى گشتى ته‌ندروستى هه‌ولێر پرۆژه‌يه‌كى گرنگ ئه‌نجام ده‌ده‌ن

 

رۆژى چوارشه‌ممه‌ ڕێكه‌وتى 15 ى ته‌مموزى 2020 له‌ كۆبه‌نه‌وه‌يه‌كى هاوبه‌شدا له‌ باڵه‌خانه‌ى به‌رێوه‌به‌رايه‌تى ته‌ندروستى پارێزگاى هه‌ولێر هه‌ريه‌كه‌ له‌ ناوه‌ندى هاوبه‌شى هه‌ماهه‌نگى قه‌يرانه‌كان له‌ وه‌زاره‌تى ناوخۆى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و ئاژانسى ئه‌ڵمانى بۆ هاوكارى نێوده‌وڵه‌تى(GIZ)  به‌هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رايه‌تى گشتى ته‌ندروستى هه‌ولێر، وه‌ك پاڵپشتيه‌ك بۆ كه‌رتى ته‌ندروستى و ڕه‌خساندنى ده‌رفه‌تى زياتر بۆ كارمه‌ندانى ئه‌و بواره‌ خولێكى ڕاهێنانيان بۆ 70 خۆبه‌شى كه‌رتى ته‌ندروستى كرده‌وه‌ كه‌ له‌ ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ و كۆنتڕۆڵكردنى ڤايرۆسى كۆرۆناى نوێ CVID 19 كار ده‌كه‌ن.

ئه‌م پرۆژه‌يه‌ پشتگيركراوه‌ له‌لايه‌ن پرۆگرامى قودره‌ له‌ عيراق وه‌ له‌لايه‌ن ئاژانسى ئه‌ڵمانى بۆ هاوكارى نێوده‌وڵه‌تى GIZ جێبه‌جێده‌كرێت به‌هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ ناوه‌ندى هاوبه‌شى هه‌ماهه‌نگى قه‌يرانه‌كان و به‌ڕێوه‌به‌رايه‌تى گشتى ته‌ندروستى هه‌ولێر، شايانى باسه‌ سه‌ندوقى هاوكارى يه‌كێتى ئه‌وروپا پاڵپشتى دارايى جێبه‌جێكردنه‌ پرۆژه‌كه‌ ده‌گرێته‌ ئه‌ستۆ.

ئامانجى پرۆژه‌كه‌ بريتيه‌ له‌ ڕه‌خساندنى ده‌رفه‌تى كار و فێربوونى كارامه‌يى پيشه‌ييه‌ له‌بوارى وڵامدانه‌وه‌ى قه‌يرانى ته‌شه‌نه‌كردنى ڤايرۆسى كۆرۆناى نوێ COVID 19  له‌ كوردستاندا.

له‌و بواره‌دا 70 خۆبه‌خشى كه‌رتى ته‌ندروستى له‌سنوورى پارێزگارى هه‌ولێر كه‌ پێكهاتوون له‌ 52 ئافره‌ت و 18 پياو، له‌ماوه‌ى دوومانگدا ڕاهێنانى چڕيان پێده‌كرێت به‌شێوه‌ى تيۆرى و پراكتيكى له‌كاتى به‌جێگه‌ياندنى كاره‌كانيان له‌ نه‌خۆشخانه‌ گشتيه‌كان وه‌سه‌رجه‌م پسپۆڕييه‌ جياوازه‌كان له‌خۆ ده‌گرێت.

شايانى ئاماژه‌يه‌ ئه‌و 70 خۆبه‌خشه‌ ده‌رچووى به‌شه‌ پزيشكى و پسپۆڕييه‌ ته‌ندروستيه‌كانيان وه‌ بۆ يه‌كه‌مجاره‌ له‌وه‌ها ده‌رفه‌تێك به‌شدار ده‌بن كه‌ بوارى زانستيان فروانتر بكات وه‌ ده‌رفه‌تێكى نوێى كاركردنيان بۆ بڕه‌خسێنێت.

له‌ كۆبه‌نه‌كه‌دا به‌ڕێز هۆشه‌نگ محمد، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى ناوه‌ندى هاوبه‌شى هه‌ماهه‌نگى قه‌يرانه‌كان تيشكى خسته‌ سه‌ر به‌رده‌وامى هه‌ماهه‌نگيان له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م ئاژانس وڕێكخراوه‌كان و ئاژانسه‌ نێوده‌وڵه‌تيه‌كانى په‌ره‌پێدان  بۆ زياتر مسۆگه‌ركردنى پاڵپشتى و هاوكارى مرۆيى بۆ هه‌رێمى كوردستان له‌سه‌رجه‌م بواره‌ په‌يوه‌نداره‌كان، ئه‌وه‌شى خسته‌ ڕوو كه‌ ناوه‌نده‌كه‌يان له‌ڕێگه‌ى سيسته‌مێكى پيشكه‌وتووى كارى خۆبه‌خشى كه ‌له‌لا‌يان ئاژانسى ته‌كنيكى ئه‌ڵمانى THW  وه‌ پاڵپشتيكراوه‌ داتا به‌يسێكى تۆكمه‌يان دامه‌زراندوه‌ بۆ تۆمار كردنى خۆبه‌خشانى سه‌رجه‌م كه‌رته‌ په‌يوه‌نداره‌كانى وه‌ڵامدانه‌وه‌ى قه‌يرانه مرۆييه‌ ‌ جياوازه‌كان وه‌ له‌وچوارچێوه‌يه‌شدا ئه‌و 70 خۆبه‌خشه‌ى كه‌رتى ته‌ندروستى له‌هه‌ولێر ڕۆڵى گرنگيان ده‌بێت بۆ خزمه‌تكردنى كه‌رتى ته‌ندروستى گشتى.

له‌لاى خۆشيه‌وه‌ به‌ڕێز دكتۆر دلۆڤان محمد جلال، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى ته‌ندروستى هه‌ولێر له‌ وته‌يه‌كدا ڕايگه‌ياند: ڕه‌خساندنى ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ بۆ خۆبه‌خشانى كه‌رتى ته‌ندرووستى هه‌ڵێكى باشه‌ و پێويسته‌ وه‌ ده‌بێته‌ بنه‌ما وه‌ بنچينه‌يه‌كى زانستى بۆيان له‌داهاتوودا، هاوكات هه‌ماهه‌نگيانى له‌گه‌ڵ ناوه‌ند و هاوبه‌شه‌كانى ترى پرۆژه‌كه‌ به‌رز نرخاند وه‌ هيواى سه‌ركه‌وتن و به‌رده‌وامى بۆ خواستن.