ئاماده‌كاری حكومه‌تی هه‌رێم بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌ی قه‌یرانی مرۆیی و یارمه‌تیدانی شه‌پوڵی نوێی ئاواره‌كانی موسڵ

له‌گه‌ل نزیكبوونه‌وه‌ی ئه‌گه‌ری ده‌ستپێكردنی ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنی موسڵ له‌ تیرۆریستانی داعش، مه‌ترسی ئاواربوونی سه‌دان هه‌زار كه‌سی تر له‌ ئارادایه‌، كه‌ به‌ پێی هه‌ڵكه‌وتی جوگرافی و بوونی ئاسایش و هاوكاری مرۆیی، زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆریان روو له‌ كوردستان ده‌كه‌ن.

بۆ ئه‌وه‌ی كه هه‌ڵوێست و‌ هه‌نگاو و رێوشوێنه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌م پرسه‌ بزانین كه سه‌ره‌ڕای بوونی نزیكه‌ی  1.8 ملیۆن ئاوار و په‌نابه‌ر و هه‌روه‌ها قه‌یرانی دارایی، ‌ به‌ چ شێوازێك له‌گه‌ڵ ئه‌م پرسه‌ مامه‌ڵه‌ ده‌كات و چۆن له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ماهه‌نگی كردووه‌، پلان و به‌رنامه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێم ده‌خه‌ینه‌ به‌ر چاوتان كه‌ له‌ رێگه‌ی ناوەندی هاوەبەشی هەماهەنگی قەیرانەكانJCCجێبه‌جی ده‌كات.

سه‌باره‌ت به‌ پلان و ئاماده‌كارییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌ریم بۆ پێشوازیكردن له‌ شه‌پوڵی نوێی ئاواره‌كان و  به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی كاره‌ساتی مرۆیی له‌ سه‌روبه‌ندی ده‌ستپێكردنی ئۆپه‌راسیۆنی موسڵ، هۆشه‌نگ محه‌مه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی سه‌نته‌ری هاوبه‌شی قه‌یرانه‌كان رایگه‌یاند ئۆپەڕاسیۆنی رزگاركردنی موسڵ كاریگەرییه‌كی زۆری لەسەر هەرێمی كوردستان ده‌بێت، به‌تایبه‌تی لە بواری مرۆیی و ئابوری و ئاسایشه‌وه‌. بە لەبەرچاوگرتنی مه‌ترسی روودانی كاره‌ساتێكی مرۆیی، ناوەندی هاوەبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان پلانێكی تایبەت بە موسڵ بۆ چۆنییەتی مامەڵە كردن لەگەڵ پرسی ئاواره‌كان ئاماده‌ كردووه‌.

گوتیشی بۆ ئەو مەبەستە تێمێكی تایبەتی لە لایەنە پەیوەندارەكان لە حكومەتی هەرێم و حكومەتی بەغدا و ئاژانسەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان پێكهێنراوه‌، دوای هەڵسەنگاندنی گشت لایەنەكانی پرۆسەكە، پلانی فریاكەوتنی مرۆیی هاوبەش ئامادەكرا كە گشت لایەنە مرۆییەكان لە خۆ دەگرێت و بۆ جێبه‌جێكردنی پلانه‌كه‌شی‌ داوای هاوكاری دارایی و تەكنیكیمان كردووه‌ كە پێویستیمان بە 275 ملیۆن دۆلار هەیە بۆ هاوكاریكردنی شه‌پوڵی نوێی ئاواره‌كان.

حكومەتی هه‌رێم پێنج شوێن دەستنیشان كردووە بۆ دروستكردنی كه‌مپ بۆ ئاوارەكان و پێنج شوێنیش بۆ دروستكردنی ناوەندی پێشوازیكردن. ئاسایش و پاراستن و بەڕێوەبردنی كه‌مپەكان له‌ ئه‌ستۆی حكومه‌ته‌ و باجی گومركیش لەسەر هاورده‌كردنی هاوكارییە مرۆییەكان هه‌ڵده‌گرێت وكارئاسانی تەواو بۆ رێكخراوەكان و ئاژانسەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ راپەڕاندنی كارەكانیان ده‌كات. به‌بێ به‌رامبه‌ر فیزە بەهەموو كارمەندانی كۆمەڵگای مرۆیی ده‌دات و پاسەوان و ئاسایش و پۆلیس و كارمەند بۆ تەواوی كەمپەكان داده‌نێت.

هه‌ر سه‌باره‌ت به‌ ژماره‌ی ئه‌و ئاوارانه‌ كه‌ پێشبینی ده‌كرێت له‌ میانه‌ی به‌ڕێوه‌چوونی ئۆپه‌راسیۆنی رزرگاركردنی موسڵ ئاوار ببن رایگه‌یاند بە گوێرەی پلانی فریاكەوتنی مرۆیی هاوبەش، ئێستا 2 ملیۆن كه‌سلە نەینەوا دەژین، یەك ملیۆن و دووسەد هەزار كەس لە ناو سەنتەری شار و 600 هەزار كەس لە دەوروبەری شار دەژین. پێشبینی ده‌كرێت یەك ملیۆن كەس ئاوار ببن و لەو ژمارەیە نیو ملیۆن لەبەشی چەپی شارەكەوە روو لە هەرێمی كوردستان بكەن و ئەوانەی تر روو لە كەركوك و سەلاحەدین و سوریا بكەن. ئێستا ‌ زیاتر لە 300هەزار كەس لە بەشی باشوری رۆژئاوای شاری موسڵ هاتوونەتە مەخمور و دیبەگە.

ده‌رباری رۆڵی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و هه‌ماهه‌نگی حكوومه‌تی هه‌رێم  له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی سه‌نته‌ری هاوبه‌شی قه‌یرانه‌كانرایگه‌یاند پلانەكه‌مان بۆ هەموو وڵاتە كۆمەك بەخشەكان ناردووە. لەسەر ئاستی ناوخۆیی هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی بەغدا و ژووری ئۆپەراسۆنەكانی نەینەوا و هاوپەیمانان و ئاژانسەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان و رێكخراوە نێودەوڵەتییه‌یەكان ده‌كه‌ین كه‌كۆبوونەوەی مانگانەمان هەیە لەسەر چوار ئاستی جیاواز بۆ ئەنجامدانی ئامادەكاریی پێشوەختە بۆ وەڵامدانەوەی شەپۆڵی نوێی ئاواره‌كان.

هه‌وڵدان بۆ به‌ده‌ستهێنانی هاوكاری نێوده‌وڵه‌تی بۆ یارمه‌تیدانی ئاواره‌كان به‌شێكی تر پلانی حكومه‌ته‌، كه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌نته‌ری هاوبه‌شی قه‌یرانه‌كان به‌م شیوه‌یه‌ ورده‌كارییه‌كانی ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌خاته‌ڕوو:

هەرێمی كوردستان له‌بواری مرۆییه‌وه‌ بۆ یارمه‌تیدانی ئاواره‌كان به‌ره‌وڕووی ئاستەنگی گەورە بۆتەوە، كه‌ بەتەنیا ناتوانێ ئه‌و ره‌وشه‌ سه‌خته‌ تێپه‌ڕێنێت كه‌ به‌هۆی بوونی ملیۆنێك و 650 هەزار ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی كوردستان  دووچاری بووه‌، كە دەكاتە 40% ئاوارەی ناوخۆی عێراق و 97% پەنابەرانی سوریا. تا ئێستا حكومەتی هەرێم هەموو خەرجی بەڕێوەبردن و دابینكردنی خزمەتگوزارییەكانی لە ئەستۆ گرتووە كە مانگانە بە 117 ملیۆن دۆلار مەزەندە دەكرێت و ساڵانە ده‌كاته‌1.4 ملیار دۆلار. كۆمەڵگای نێودەوڵەتی هیچ بڕە كۆمەكی دارایی راستەوخۆ پێشكەش بە هەرێمی كوردستان نەكردووە بۆ دابینكردنی پێدوایستی بودجەی مرۆیی. تەنها ئەو كۆمەكانەی كە لە رێگەی ئاژانسەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان و رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان پێشكەش كراون، ئەویش زۆر كەمن بە بەراورد بە قەبارەی پێداویستییه‌كان.

نەبوونی شوێن و توانای مادی و تەكنیكی بۆ پێشوازی كردن لە ئاوارەی نوێ و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بە تایبەتی له‌ میانه‌ی پرۆسەی رزگاركردنی موسڵ مەترسییه‌ بۆ سه‌رهەرێم و چاوەڕێی روودانی كارەساتێكی مرۆیی دەكرێت، ئەگەر هاوكاری پێویست پێشكەش نەكرێت.

ژمارەیەكی زۆری ئاوارەكانی ناوچه‌كانی رزگاركراو حەز دەكەن بۆ شوێنی خۆیان بگەڕێنەوە،بەڵام بەهۆی مەترسی لە گرووپە چەكدارەكان و نەبوونی توانای ماددی، ناتوانن بگەڕێنەوە. حكومەتی بەغدا هیچ پلانێكی نیە و هیچ هاوكارییه‌كی دارایی پێشكەش بە ئاوارەكان ناكات بۆ ئەوەی بتوانن بگەڕێنەوە، بەڵكو بە پێچەوانەوە پڕۆسەی گەڕانەوەیان ئەوەندە سەخت كردووە كە پێویستی بە شەش لایەن هەیە، بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ رەزامەندی لەسەر گەڕانەوەی ئاوارەكان بدرێت.

به‌رپرسانی هه‌رێم هه‌میشه‌ ره‌خنه‌ و گله‌ییان له‌ حكومه‌تی عێراق له‌ بواری مرۆیی و یارمه‌تیدانی ئاواره‌كان هه‌یه‌، هۆشه‌نگ عه‌لی به‌م شیوه‌یه‌ باس له‌ هاوكاری و كه‌موكورتییه‌كانی به‌غدا بۆ ئاواره‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كات.

لە سەرەتای روودانی قەیرانی مرۆیی لە مانگی حوزه‌یارنی 2014، حكومەتی بەغدا لە رێگەی لیژنەی باڵای بەهاناوەچوونی ئاوارەكان هەندێ بودجە بۆ ئاوارەكانی لە هەرێمی كوردستان تەرخان كرد و ژمارەیەك پڕۆژە ئەنجامدا و ئێستاش هەندێ هاوكاری پچڕ پچڕ پێشكەش بە ئاوارەكان دەكەن، بەڵام هیچ بەرنامە و پڕۆژەیەكی جێگر و رێكوپێكیان نییه‌، پرسی ئاوارە لە كارە پێشینەكانی حكومەتی عێراق نییه‌و ئەو پرسەیان به‌تەواوه‌تی بۆ حكومەتی هەرێم و رێكخراوەكان و ئاژانسەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان به‌جێ هێشتووە و تا ئێستا هیچ بڕە بودجەیەكی تایبەتییان پێشكەش بە حكومەتی هەرێم نەكردووە بۆ وەڵامدانەوەی مرۆیی و خزمەتكردنی ئاوارەكانی ناوخۆ. سەبارەت بە پەنابەرانی سوریا، هیچ پڕۆژە هاوكارییه‌كیان تەنانەت ژەمە خواردنێكیان بە یەك پەنابەر نەداوە، هەرچەندە بە گوێرەی دەستوری عێراق، حكومەتی فیدڕاڵ بەرپرسیاری یەكەمە به‌رامبه‌ر پاراستن و دابینكردنی بژێوی ژیان بۆ ئاوارەی ناوخۆ و پەنابەران.

له‌ كۆتاییدا، سه‌باره‌ت به‌ رۆڵی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، هۆشه‌نگ محه‌مه‌د ده‌ڵێت  سوپاسی هاوكاری و پشتگیری ئاژانسەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان و رێكخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەكان دەكەین، كه‌ رۆڵیكی زۆر ئیجابی و كاریگەریان گێراوە بۆ هاوكاریكردن و پێشكەش كردنی خزمەتگوزاری مرۆیی سەرەتایی بە ئاوارەی ناوخۆ و پەنابەران بە تایبەتی لە كەمپەكان. هه‌روه‌ها هەماهەنگی و هاوكاری لەگەڵ ئاژانسەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان و رێكخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەكان لە ئاستێكی زۆر باشدایە و هەموو پڕۆژە و چاڵاكییەكان بە هەماهەنگی و هاوكاری یه‌كتر ئەنجام دەدرێن.

پێویستە بێیتە ژوورەوە یان خۆت تۆمار بکەیت بۆ ئەوەی لێدوان بنووسی.


  • هیچ لێدوانێك لەسەر ئەم بابەتە نەنووسراوە، تۆ یەکەمین لێدوان بنووسە!