بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان بەشداری دەکا لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتی CCCM لە هەولێر، هەرێمی کوردستان، عیراق، ١١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠.

کۆنفرانسی ساڵانەی هەماهەنگی کەمپ و بەڕێوەبردنی کەمپ بە شێوەی ئۆنڵاین لە ڕۆژی دووشەممە بەرواری ٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ دەستی پێکرد و تاکو پێنجشەممە ١٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ بەردەوام دەبێت. مەبەست لەم کۆنفرانسە گفتووگۆ کردنە سەبارەت بە کەمپەکان و ئاوارەکانی ناوخۆ و پەنابەران هەروەها تیشک دەخرێتە سەر ئەو کەم و کورتییانەی کە لە بەڕێوەبردنی کەمپەکان بەدی دەکرێ لە لایەنی پلاندانان و خزمەتگوزاری و هەروەها باس لەم بۆشاییە نێودەوڵەتیە دەکرێ کە لە وەڵامدانەوەی خێرا و چارەسەرکردنی خێرای قەیرانەکان بەدی دەکرێ. 
بەڕێز هۆشەنگ محمد بەڕێوەبەری گشتی JCC لە ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ لەم کۆنفرانسە وەک پانێلستێک بەشداری کرد لە ژێر ناونیشانی "گواستنەوە و پێکبەستان" باسی لەو کێشانە کرد کە حوکمەت دووچاری بوویەوە لە سالی ٢٠١٤ لە کاتی قەیرانی پێشبینی نەکراوی ئاوارەکان لە هەرێم و عیراق و تیشکی خستە سەر ئەو بەربەستانەی کە بەهۆی نەبوونی توانای پێویست لە حوکمەت و ئاژانسەکانی هاوکاریی درووست دەبن وەک خۆ ئامادە نەکردن بە پێی پێویست، نەبوونی پلانێکی تایبەت و ڕوون بۆ بەرانگاربوونەوەی قایرانەکان، نەبوونی تیمێکی وەڵامدانەوەی خێرا،  نەبوونی پلانێک بۆ یارمەتیدان و بە نیشتەجێ کردنی ملیۆنان ئاوارە. 
هەروەها، بەڕێز هۆشەنگ باسی لە کارەکانی حوکمەتی هەرێمی کوردستان کرد کە بۆ بەرانگاربوونەوە و چارەسەرکردنی ئەو هەموو ئاستەنگ و ئالانگێڕییانە کراون بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە جارەسەر بکرێن یەکێک لەو کارانە دامەزراندنی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان بوو بۆ ئەوەی بە خێراترین کات و شێوە قەیرانەکان وەڵام بدرێنەوە. ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان بەرپرسیارە لە بەڕێوەبردنی کارووباری ئاوارەکان ، بەڕێوەبردنی کاروباری یاسایی ئاوارەکان و درووستکردنی ڕێکاری ڕوون و ئاسان بۆ بەڕێوەبردنی کارەکانییان، پێکهێنانی ستانداردێک بۆ دروستکردنی شێلتەر بۆ دابین کردنی یارمەتی بۆ ئاوارەکان ، بەهێز کردنی توانای لۆجیستیکی  و پێکهێنانی سندوقی مرۆیی کە دەتوانرێ بەکاربهێنرێ لە کاتی پێویست بۆ بەرانگاربوونەوەی قەیران. لە کۆتاییدا، ڕۆڵی ئاژانسەکانی UN، ڕێکخراوە ناحکومییەکان،  ئەو ئاژانسانەی کە هاوکاریی مرۆییان تەرخانکردووە و یارمەتی حوکمەتی هەرێمیان داوە لە بەرانگاربوونەوەی قەیرانی ئاوارەکان و چارەسەر کردنیان بەرز نرخاند و ڕایگەیاند کەوا "ئەوان لە ڕێزی پێشەوە بوون نەک تەنها لە هاوکاری کردنی ئاوارەکان بەڵکو لە هاوکاری کردنی حوکمەتیش بە دابین کردنی یارمەتی لە چەند لایەنێکی جیاواز وەکو یارمەتی دانی حوکمەت لە ڕێکخستنی سامانە مرۆییەکانی، دابین کردنی یارمەتی تەکنیکی، بەهێز کردنی توانستی حوکمەت لە هەموو لایەنێکەوە، دابین کردنی پێداویستی و کەلوپەل و بە کار خستنی پسپۆڕی نێودەوڵەتی شارەزا و دانانیان لە ناوەندەکانی حوکمەت بۆ دەستەبەرکردنی ئامۆژگاری لە کاتی پێویست".

شایەنی باسە لە ئێستادا لە هەرێمی کوردستان 996،861 ئاوارەی ناوخۆ و پەنابەرهەن، لە نێوانیان 727،365 ئاوارەی ناوخۆن و 259،496 پەنابەرن. زۆرینەی ئاوارەی ناوخۆکان لە کۆمەڵگەی خانەخوێ دەژین و تەنها ٪37 لە کەمپەکان دەژین.