لە چوارچێوەى هەوڵەکانى فەرمانگەى پەیوەندیەکانىدەرەوەى حکومەت بۆ کۆکردنەوەى کۆمەک و یارمەتى لە رێگەى نوێنەرایەتیەکانى حکومەتى هەرێم لە دەرەوە بۆ ئاوارەو پەنابەران، لە مەڕاسیمێکدا بە ئامادەبوونى خاتوو سیهام جەبەلى یاریدەدەرى بەرپرسى فەرمانگەو کاروان جەمال تاهیر نوێنەرى حکومەتى هەرێم لە بەریتانیا و هۆشەنگ محمد بەرپرسى ناوەندى هاوبەشى هەماهەنگى قەیرانەکان نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێم لە بەریتانیا ٣ ئۆتۆمبێلى فریاکەوتنى پێشکەش بە حکومەتى هەرێم کرد بۆ یارمەتیدانى ئاوارەو پەنابەرانى کەمپەکان.
لەم باریەوە خاتوو سیهام جەبەلى گووتى فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت لە تەواوى دیدارو کۆبوونەوەکان و کۆنفڕانسە ناوخۆیى و نێودەوڵەتیەکان جەختمان لەوە کردۆتەوە کە پێویستە کۆمەک و یارمەتى پێشکەش بە ئاواراەو پەنابەران بکرێت، چونکە گوزەرانى ئاوارەکان باش نییەو حکومەتى هەرێمى کوردستانیش بەهۆى قەیرانى دارایى ناتوانێ وەک پێویست یارمەتیان بدات. بەرێزیان سوپاسى نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێم و کوردانى بەریتانیاى کرد بۆ بەدەنگەوە هاتنى ئەم هەڵمەتەو کۆکردنەوەى ئەو یارمەتیانە.
پاشان بەریز کاروان جەمال لە ووتەیەکدا رایگەیاند کە ئەم هەڵمەتەى نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێم لە بەریتانیا بە یارمەتى کوردانى بەریتانیا و دەزگاى فینێکس گەیشتە ئاکام و بەو بڕە پارەیەى کۆکرایەوە ٣ ئۆتۆمبێلى فریاکەتنمان کڕى و ئەمرۆ رادەستى حکومەتى هەرێمى دەکەین بۆ ئەوەى لە کەمپەکان بۆ خزمەتى ئاوارەو پەنابەران بەکاربهیندرێن.
پاشان هۆشەنگ محمد بەرپرسى ناوەندى هاوبەشى هەماهەنگى قەیرانەکان گووتى ئێمە بەپێویستمان زانى بەو بڕە پارەیە ئۆتۆمبێلى فریاکەوتن دابین بکرێت. بەگوێرەى پلانى بەردەست و ئاستى کۆمەک و یارمەتیەکان دەتوانین خواست و پێداویستى کەپەکان دیارى بکەین و بە هەماهەنگى لەگەڵ دامەزراوەکانى حکومەت و نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە مرۆڤدۆستەکان پێداویستى بۆ ئاوارەو پەنابەران دیارى بکەین.