بەڕێوبەری گشتی ناوەند پێشوازی لە جێگری سەرۆکی تیمی عیراق لە وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى به‌ريتانيا کرد

٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠ خاتوو سافیانه‌ ڤینسنت-نییل، جێگری سەرۆکی تییمی عیراق لە وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى به‌ريتانيا و خاتوو فرانسس ئاینلی ڕاوێژکاری بوارى ناکۆکيه‌كان لە باڵوێزخانەی بەریتانیا لەلایەن بەڕێز هۆشەنگ محمد بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان پێشوازیان لێ کرا.

لە کۆبوونەوەکەدا باس لە ره‌وشى پەنابەران و ئاوارەی ناوخۆ و ئەو بەربەستانەی بوونیان هەیە لە بەردەم گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان كرا.

بەڕێوەبەری گشتی ناوەند ئاماژەی بەو ڕێکارانە کرد کە دەبێتە هۆی ئاسانکردنی پڕۆسەی گەڕانەوەی ئارەزومەندانە و تیشکی خستە سەر پێویستی هەبوونی سەقامگیری و ئاسایش لە ناوچە ئازادکراوەکان بۆ گەڕانەوەی سەلامەتی ئاوارەکان.

 خاتوو سافیانه‌ دووپاتی لەسەر گرنگی هەبوونی ژینگەیێکی سەلامەت و پارێزراو کرد بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان، وتی کەوا پێویستە بارودۆخێکی لەبار و ژینگەیه‌کی سەلامەت دەستەبەر بکرێ بۆ ئاوارەکان و ئەو کۆمەڵگەیەش کە دەگەڕێنەوە بۆی.

دواتر هەردوولا باسیان لە گرینگی رۆڵى وڵاته‌ كۆمه‌ك به‌خشه‌كان و رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان و به‌رده‌وامى هاوكارى کرد لە پاڵپشتی کردنی حکومەت بۆ یارمەتی دانی ئاوارەکان و ئاسانکاری بۆ گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان.

لە کۆتاییدا، خاتوو سافیانه‌ سوپاس و پێزانینی خۆی ڕاگەیاند بۆ ئەو کۆبوونەوەیە و وتی کەوا هیوادارە ئەو هه‌ماهه‌نگيه‌ بەردەوام بێ لە داهاتوودا.