ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە هاوکاری کردنی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی کوردستان و عێراق

لە ٢١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠، بەڕێز هۆشەنگ محمد بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان پێشوازی لە بەڕێز فرێد بۆل ڕێکخەری باڵای کاروباری پەنابەر و ئاوارەکان لە باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا و بەڕێز دڵشاد ئەبوبەکر یاریدەدەری کاروباری پەنابەر و ئاوارەکان لە کونسوڵگەری گشتی ئەمەریکا لە هەولێر کرد، باس لە بارودۆخی پەنابەر و ئاوارەی ناوخۆ کرا و کێشە و بەربەستەکانی بەردەم ئاوارەکان لە ناوەوە و دەرەوەی کەمپەکان تاوتوێ کرا.
بەڕێز هۆشەنگ باسی لە گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارەکان و پڕۆسەی گەڕانەوەیان و سیاسەتی حکومەتی هەرێم لەبارەی گەڕانەوەی ئاوارەکان کرد و ئەو هۆکارانەی خستەڕوو کەوا لە ئاوارەکان دەکەن ئامادە نەبن بۆ گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان لە باروودۆخی ئێستا و چەند میکانیزمێکی باس کرد کە دەکرێ ئەو کێشە و گرفتانە چارەسەر بکات کە ڕووبەڕووی گەڕانەوەی ئاوارەکان دەبێتەوە.
بەڕێز بۆل وتی کەوا خۆشحاڵە بەو ڕێکارانەی گرتراونەتە بەر لە لایەن هەرێمی کوردستان بۆ پرسی ئاوارەکانی ناوخۆ و گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەیان بۆ زێدی خۆیان و ڕایگەیاند کەوا ویلایەتە یەکگرتووەکان یەکێکە لە گەورەترین بەخشەر و هاوکار بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق. دووپاتی کردەوە کەوا بەردەوام دەبن لە دابین کردنی هاوکاری بۆ ئاوارەکان لە ڕێی ئاژانسەکانی هاوکاری. 
هەردوو لایەن خۆشحاڵی خۆیان ڕاگەیاند دەربارەی هەماهەنگی نێوانیان و لە داهاتوودا هەوڵدەدەن بۆ بەهێز کردنی ئەو هەماهەنگییە.