٢٢ی حوزەیرانی ٢٠٢١، بەڕێز هۆشەنگ محمد بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان پێشوازی لە تیمێکی UNICEF لە عێراق کرد، بە بەشداری خاتوو جولی گیڵ سەرۆکی نوسینگەی مەیدانی لە هەولێر و بەڕێز پاول ئێدواردس سەرۆکی پڕۆژەی مەیدانی.
لە کۆبوونەوەکە باس لە بارودۆخی ئێستای پەنابەر و ئاوارەکان، بەڕێوەبردنی کەمپەکان، پێویستی بۆ یارمەتی دارایی و کەموکورتی لە خزمەتگوزاری لە کەمپەکان و چۆنیەتی چارەسەر کردنیان کرا.
بەڕێز هۆشەنگ بە کورتی باسی لە کارەکانی JCC کرد لەگەڵ هاوبەشەکان بۆ هەڵسەنگاندنی خزمەتگوزاریەکان و چارەسەرکردنی کەموکورتیەکان و ڕێڕەو کردنی پاڵثشتی هەموو هاوبەشەکان بۆ ئەوەی کارەکان لە نێوان هەموویان بە هاوبەشی بکرێ و تەواوکەری یەک بن.
خاتوو جولی دووپاتی کردەوە کەوا سیاسەتی UNICEF پاڵپشتی حکومەت و دامەزراوە ناحکومیەکانە بۆ دابین کردنی پێداویستی ئاوارەکان لە کەمپەکان.
هەردوو لایەن هاوڕا بوون لەسەر بەردەوامی دان بە هەماهەنگی نێوانیان و کارکردن بە سەرچاوە بەردەستەکان بۆ دابین کردنی باشترین خزمەتگوزاری بۆ کەمپەکان و کۆمەڵگە.