كۆریای باشوور بەردەوامە لە دابینكردنی هاوكاری مرۆیی بۆ ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی كوردستان

كۆریای باشوور بەردەوامە لە دابینكردنی هاوكاری مرۆیی بۆ ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی كوردستان

هەولێر، هەرێمی كوردستان – بەرێز كريم سنجارى وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازی كرد لە بەرێز سۆنگ وونگ یۆب، باڵیۆزی كۆریای باشوور لە عێراق. لە كۆبوونەوەیەك لە 4ی تشرینی یەكەم، 2016، كێشە هەنووكەییەكان لە نێوانیان قەیرانی مرۆیی و شەڕێ دژی داعش باسی لێوەكرا. هەروەها بیروڕا ئالوگۆڕكرا دەربارەی شەپۆڵی نوێ ئاوارەكانی موسڵ لە دەرەنجامی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی موسڵ و پلانی فریاكەوتنی مرۆیی و كۆمەكی دارایی پێویست بۆ یارمەتیدانی ئاوارەكان.

دوای كۆبوونەكەوە، ڕێوڕەسمێكی فەرمی ئەنجامدرا بۆ ڕادەستكردنی هاوكارییە مرۆییەكان كە پێكهاتبوو لە دەرمان كە لەلایەن حكومەتی كۆریای باشوور بۆ ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی كوردستان دابینكراوە. بەڕێز كەریم سنجاری، وەزیری ناوخۆ، بەناوی خەڵك و حكومەتی هەرێمی كوردستان سوپاس و پێزانینی گەیاندە حكومەت و خەڵكی كۆریای باشوور بۆ بەخشندەیی و بەردەوامی هاوكارییە مرۆییەكان. بەڕێز وەزیری ناوخۆ ئاماژەی بەوەدا كە ئەو جۆرە هاوكارییانە زۆر پێویستە چونكە خزمەتێكی گەورە پێشكەش بە ئاوارە و پەنابەران دەكات كە لە لە هەرێمی كوردستان نیشتەجێن.

بەرێز باڵیۆزی وڵاتی كۆریای باشوور، سۆنگ وونگ یۆب، سوپاس و پێزانینی خۆی دەربڕی بۆ حكومەت و خەڵكی هەرێمی كوردستان بۆ بەخشندەیی و لەخۆگرتنی ژمارەیەكی زۆری ئاوارە و پەنابەران و جەختی لەوەش كردەوە كە كۆماری كۆریا بەردەوام دەب]ت لە دابینكردنی هاوكارییە مرۆییەكان بۆ ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی كوردستان.

ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان سەرپەرشتی دابەشكردنی ئەو كەلوپەلانە دەكات بەسەر ئاوارە و پەنابەران بە هەماهەنگی لەگەڵ ئاژانسی پەرەپێدانی نێودەوڵەتی كۆریا (كۆیكا) و نووسینگەی وڵامدانەوەی قەیرانەكان و بەڕێوبەرایەتی تەندروستی لە پارێزگاكان. ئەم هاوكارییە تەندروستییانە بریتین لە دەرمان و كەلوپەلی پزیشكییە هەرە پێویستەكان بە بەهای 300 هەزار دۆلاری ئەمریكیە.  شایانی باسە، دووەم ساڵە كۆماری كۆریای باشوور هاوكاری دەرمان بۆ پشتیوانی لە هەوڵەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كەرتی تەندروستی دابین دەكات.

لەكاتی ئێستادا، هەرێمی كوردستان 97% پەنابەری سووری لە عێراق و 40% ئاوارەیی ناوخۆیی عێراقی لە خۆگرتووە. حكومەتی هەرێمی كوردستان بەبەردەوامی خزمەتگوزاری پێشكەش بە ئاوارە و پەنابەران كردووە لە ساڵی 2012 تاكو ئێستا.