ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان دیداری هەماهەنگی مرۆیی مانگانەی ڕێکخست

 

٦ی تشرینی دووەم، ٢٠١٦، هەرێمی کوردستان – عێراق

ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان دیداری هەماهەنگی مرۆیی مانگانەی لە شاری هەولێر ئەنجامدا بۆ مەبەستی تاوتێکردنی بابەتەکانی خۆئامادەکردن و وەڵامدانەوە و بەربەستەکان و دەرئەنجامەکانی ئاوارەبوونی مرۆیی لە شاری موسڵ.

 لە کۆبونەوەکەدا تیشك خرایە سەر توانای ئێستا و خۆئامادەکردنی سێکتەرەکان و بەربەستەکانی هەماهەنگی کردنی نێوان لایەنە پەیوەندی دارەکان.هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا، هەموو لایەنەکانی وەڵامدانەوە و ڕێگاکان و میکانیزمەکان تاوتوێکران بەشێوەیەکی تێروتەسەڵ بۆ دلنیابوون لە هەبوونی هەماهەنگی لە نێوان لایەن پەیوەندیدارەکان بەشێوەیەکی کارا و بەردەوام کە بتوانن پێداویستیە سەرەکیەکان دابین بکەن بۆ ئەو شەپۆلە ئاوارە نوێیانەی کە دەگەنە کەمپەکان و ناوچە ئازادکراوەکان.

لە كۆبوونەوەكەدا، ئاژانسەكان و كەرتەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان نوێترین زانیارییەكانیان خستەڕوو دەربارەی ئامادەكارییەكانیان و تواناكان و ڕەوشی ئاوارەكان. هەروەها تیشكیان خستە سەر كەم و كورتییەكان و پێداویستییەكان و ئەو خزمەتگوزارییانەی تا ئێستا بۆ ئاوارەكان دبینكراوە. بەڕێوبەرانی وەڵامدانەوەی قەیرانەكان لە پارێزگاكان نوێترین زانیارییەكانیان بۆ ئامادەبووان خستەڕوو سەبارەت بە توانای ئەو كەمپانەی ئاوارەكان وەردەگرن و ئاماژەیاندا بەكەم و كورتییەكان و بەربەستەكان لە كەمپەكانی ئاوارەكان. نوێنەری مانگی سوری عێراقی پوختەیەكی پێشكەشكرد دەربارەی كاروچاڵاكیەكای ڕێكخراوەكەیانی لە یارمەتیدانی ئاوارەكان، بەتایبەتی ئاوارە نوێیەكان. دیداری هەماهەنگی مرۆیی هەروەها باسی لە ئامادەكارییەكان كرد سەبارەت بە هاتنی وەرزی زستانە كە ئاوارەكان پێویستیان بە پێداویستی و كەلوپەلی زستانە هەیە.

کۆبوونەوەکە کۆتایی هات بەچەندین ڕاسپاردە و بڕیارێك کە پێویستە بەهەماهەنگی لە نێوان حکومەت و ئاژانەسەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان و کەرتەکان و ڕێکخراوە ناحکومیەکان تیشك بخڕیتەسەر گیر وگرفت و بەربەستە سەرەکیەکانیان.

دیداری هەماهەنگی مرۆیی لەلایەن بەڕێوبەری گشتی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان و بە هاوبەشی لەگەڵ سەرۆكی رێكخراوی OCHA بەڕێوەبردرا بە بەشداری نوێنەرانی باڵای وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق و فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە و وەزارەتی شارەوانی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەڕێوبەرانی نووسینگەكانی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان لە هەولێر و سلێمانی و دهۆك و نوێنەران و ڕێكخەرانی ئاژانسەكان و كەرتەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان و سەرۆكی كۆمەڵەی مانگی سوری عێراقی و سەرۆكی لیژنەی هەماهەنگی ڕێكخراوە ناحكومییەكان لە عێراق و سەنتەری چاڵاكی مرۆیی.