وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی (اغاثە)ی كويَتى دەكات

ئەمڕۆ دووشەممە 30/1/2017 بەڕیز کەرێم سنجاری وەزیری ناوخۆ و وەزیری پێشمەرگە بە وەکالەت، لە دیوانی وەزارەتی ناوخۆ پێشوازیی لە بەڕێز (د.عمر الکندری) کونسوڵی گشتیی کوێت لە هەرێمی کوردستان و شاندێکی (اغاثە) ی کوێتی کرد، کە بەڕێزان هۆشنگ محمد بەڕێوەبەرى گشتى ناوەندى هاوبەشى هەماهەنگى قەیرانەکان و د. سامان بەرزنجى، بەرێوەبەرى گشتى تەندروستى هەولێر ئامادەبوون.

لە دانیشتنێکدا شاندی میوان رایان گەیاند کە بۆ هەڵسەنگاندنی پرۆژە مرۆییەکانیان لە هەرێمی کوردستان و هاوکاریکردنی ئاوارە و پەنابەران ئەو سەردانیان ئەنجام داوە و، سوپاسی وەزارەتی ناوخۆشیان کرد بۆ ئەو ئاسانکاری و هەماهەنگییەی پێشکەشی کردوون بۆ ئەنجامدانی کارەکانیان، هەروەها بە گرنگییەوە باسی ئەو دەسپێشخەرییەی بەڕێز ئەمیری کوێتیان کرد بە ناردنی راستەوخۆی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ هەرێمی کوردستان کە لەم ماوەیەی دواییدا لە رووی تەندروستی و پەروەردە و ئاو و خۆراک بۆ ئاوارە و پەنابەران چەندین پرۆژەیان ئەنجام داوە.

لە بەرامبەریشدا کەریم سنجاری خۆشحاڵیی خۆی بۆ ئەم سەردانەیان بۆ هەرێمی کوردستان دەربڕی و سوپاسی بەڕێز ئەمیری کوێت و حکوومەت و گەلی کوێتی کرد بۆ ئەو هاوکارییانە کە کاریگەریی لەسەر باشترکردنی رەوشی ئاوارە و پەنابەران هەبووە و داواشی کرد بەردەوام بن لە هاوکاریکردنی راستەوخۆی پەنابەران لە هەرێمی کوردستان و پاڵپشتیی وەزارەتی ناوخۆشی نیشان دا بۆ هەر ئاسانکارییەک کە لەم رووەوە پێویست بێت، راشی گەیاند کە حکوومەتی هەرێم بەپێویستی دەزانێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی بەگشتی و وڵاتی کوێت کە مێژوویەکی هاوبەش کۆیان دەکاتەوە بەردەوام بێت و زیاتریش پەرەی پێ بدرێت.

پێویستە بێیتە ژوورەوە یان خۆت تۆمار بکەیت بۆ ئەوەی لێدوان بنووسی.


  • هیچ لێدوانێك لەسەر ئەم بابەتە نەنووسراوە، تۆ یەکەمین لێدوان بنووسە!