كردنه‌وه‌ى ناوه‌ندى هاوكاریی خێزان لە هەولێر

لە ڕێوڕەسمێکدا وه‌زيرى ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، به‌ڕێز کەریم سنجاری و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و سەرۆکی نێردراوی ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتیی لە عێراق، دکتۆر تۆماس لۆثەر و كونسوڵگه‌رى گشتی ئەڵمانیا، بەڕێز مارک ئایهۆرن بە فەرمی ناوه‌ندى هاوكاریی خێزانیان لە هەولێر کردەوە. ناوه‌ندەکە یەکەم ناوەندە لەو جۆرە کە لە هەولێر بکرێتەوە بۆ دابینکردنی زانیاری و ئاسانکاری لە پێدانی ڤیزا بۆ ئەو ئاوارە و پەنابەرانەی دەیانەوێت بە خێزانەکانیان لە ئەڵمانیا شاد بنەوە. ناوەندەکە لەلایەن نوسینگەی دەرەوەی کۆماری فیدڕاڵی ئەڵمانیا خەرجی بۆ کراوە و لەلایەن ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتیی بەڕێوە دەبرێت و سەرپەرشتی دەکرێت.

لە ڕێوڕەسمەکە دا، چەندین بەرپرسی حکومەتی هەرێم و دیپلۆماتکاران و نوێنەرانی وڵاتانی دەرەوە بەشدار بوون.

ئەمەش دەقی وتارى به‌ڕێز وه‌زيرى ناوخۆیە لە ڕێوڕەسمی کردنەوەکە دا:

ميوانه‌ به‌ڕێزه‌كان

ئێواره‌تان باش و هه‌موو لايه‌كتان زۆر به‌خێربێن.

 

  1. خۆشحاڵین كه‌ ئه‌مڕۆ لێره‌ ئاماده‌ين بۆ كردنه‌وه‌ى پڕۆژه‌ى ناوه‌ندى هاوكارى كردنى خێزان له‌ هه‌ولێر به‌ هاوكارى و هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ ڕێكخراوى كۆچى نێوده‌وڵه‌تى و كونسوڵگه‌رى گشتى ئه‌ڵمانيا له‌ هه‌ولێر.
  2. سه‌ره‌تا به‌ناوى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و وه‌زاره‌تى ناوخۆ ده‌ست خۆشى له‌ ڕێكخراوى IOM ده‌كه‌ين بۆ ئه‌و ده‌ست پێشخه‌ريیه‌ و هاوكات سوپاسى كونسوڵگه‌رى گشتى ئه‌ڵمانيا و حكومه‌تى ئه‌ڵمانيا ده‌كه‌ين بۆ دابين كردنى  كۆمه‌كى دارايى بۆ ئه‌و پڕۆژه‌ گرنگه‌.
  3. له‌سه‌ره‌تاى ڕوودانى شه‌ڕى سوريا له‌ ساڵى 2011 و دواتر له‌ شه‌ڕى داعش له‌ عێراق له‌ ساڵى 2014، مليۆنان كه‌س ده‌ربه‌ده‌ربوون و ئاواره‌بوون. 
  4. حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، وه‌كو به‌رپرسياره‌تى مرۆيى، ده‌رگاى به‌ڕووى مليۆنان ئاواره‌ى ناوخۆ‌ و په‌نابه‌رى سوريا كرده‌وه‌ و به‌ بێ جياوازى  هه‌وڵيداوه‌ په‌ناگه‌ و گشت خزمه‌تگوزراييه‌كانيان بۆ دابين بكات وه‌كو ئاسايش و پاراستن و خۆراك و ته‌ندروستى و په‌روه‌رده‌ و ده‌رفه‌تى كاركردن هتد. به‌هه‌ماهه‌نگى و هاوكارى هاوبه‌شه‌كانمان له‌ كۆمه‌ڵگاى نێوده‌وڵه‌تى.
  5. به‌ڵام هێشتا ڕه‌وشى ئاواره‌كان و‌ په‌نابه‌ران له‌و ئاسته‌ نيه‌ كه‌ ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت و پێدوايستى و كه‌موكوڕى زۆريان هه‌يه‌، به‌هۆى كه‌مى هاوكارى و كۆمه‌كى دارايى پێويست به‌ به‌ڕاوورد به‌و قه‌يرانه‌ مرۆييه‌ى كه‌ ڕووبه‌رووى هه‌رێم بۆته‌وه‌.
  6. ئه‌وه‌ش بۆته‌ هۆى ئه‌وه‌ى كه‌ ئاواره‌ و په‌نابه‌ران بڕياربده‌ن بۆ وڵاتانى ئه‌وروپا و وڵاتانى تر له‌ ڕۆژئاوا كۆچ بكه‌ن. ساڵانه‌ سه‌دان هه‌زار له‌ منداڵ و ئافره‌ت و پياو ده‌بنه‌ قوربانى له‌ ڕێگاى كۆچكردنی نافه‌رمى و ده‌بنه‌ نێچيرى قاچاغ چيه‌كان. هاوكات به‌ناچارى په‌نا ده‌به‌نه‌ به‌ر چه‌ندين ڕێگاى نه‌شياو و ناياسايى بۆ په‌يداكردنى پاره‌ بۆ قاچاغچيه‌كان.
  7. له‌ ماوه‌ى ساڵانى ڕابردوو دا، به‌رده‌وام گوێمان له‌ چه‌ندين ڕووداوى دڵته‌زێن ده‌بوو وه‌كو كوژران و خنكان و مردنى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ ڕێگاى گه‌يشتن به‌ ڕۆژئاوا.  هاوكات توندوتيژى سێكسى و بازرگانى كردن به‌ جه‌سته‌ى ئاواره‌كان و هه‌موو جۆره‌كانى ترى بازرگانى كردن به‌مرۆڤ له‌لايه‌ن قاچاغ چيه‌كان.
  8. ئێستاش ئه‌و بازرگانيكردنه‌ به‌رده‌وامه‌ و بازرگانانى مرۆڤ به‌رده‌وامن له‌ هاندان و هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران بۆ ئه‌وه‌ى بيانكەن بە‌ نێچرى به‌رژه‌وه‌نديه‌كانى خۆيان زۆر به‌ ئاسانى.
  9. نه‌بوونى ناوه‌ندێكى تايبه‌ت بۆ پێدانى زانيارى و پێشكه‌ش كردنى ئاسانكارى به‌هه‌موو ئاواره‌ و په‌نابه‌ران ده‌رباره‌ى چۆنيه‌تى گه‌شت كردن و يه‌كگرتنه‌وه‌ له‌گه‌ڵ خێزانه‌كانيان به‌ شێوه‌ى ياسايى و فه‌رمى، كاريگه‌رى ته‌واوى هه‌بوو بۆ ئه‌وه‌ى په‌نا بۆ قاچاغ چيه‌كان به‌رن.
  10. به‌ڵام كردنه‌وه‌ى ئه‌و ناوه‌نده‌، كاريگه‌رى ته‌واوى ده‌بێت و يارمه‌تيده‌ر ده‌بێت بۆ هۆشياركردنه‌وه‌ى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران و پێدانى زانيارى دروست و پێشكه‌ش كردنى ئاسانكارى سه‌باره‌ت به‌ وه‌رگرتنى ڤيزه‌ و رێكاره‌ فه‌رميه‌كان بۆ يه‌كگرتنه‌وه‌ى خێزانه‌كان.
  11. هاوكات له‌و ڕێگه‌يه‌شه‌وه‌ كاريگه‌رى ده‌بێت له‌سه‌ر ڕێگه‌گرتن له‌ بازرگانى كردن به‌و مرۆڤه‌ هه‌ژار و لێقه‌وماوانه‌ و كه‌مكردنه‌وه‌ى ژماره‌ى قوربانيه‌كان له‌ ڕێگاى گه‌يشتن به‌ وڵاتانى ڕۆژئاوا. به‌ ئاسانى نه‌بنه‌ نێچرى قاچاغچيه‌كان.
  12. ئێمه‌ وه‌كو وەزارەتی ناوخۆ پشتگیريی تەواو له‌م پڕۆژه‌يه‌ ده‌كه‌ين و بۆ ئێمه‌ پڕۆژه‌يه‌كى زۆر گرنگه‌ و هه‌ر بۆ ئەم مەبەستەش ساڵی ڕابردوو شاندێکی باڵامان لە وەزارەتی ناوخۆ نارده‌ شاری (غازی عەنتاب) لە تورکیا بە مەبەستی سەردانیکردنی ناوه‌ندى به‌رنامه‌ى هاوکاری خێزانی لەو شارە و بە ڕاپۆرت لە سوودی ئەم سەنتەرە ئاگادار کراینەوە.
  13. پشتگيرى ته‌واو ده‌كه‌ين له‌ فراوان كردنى ئه‌و پڕۆژه‌يه‌ بۆ شاره‌كانى تر له‌ هه‌رێمى كوردستان و هاوكات فراوانكردنى خزمه‌تگوزارييه‌كان بۆ هاوڵاتيانى هه‌رێمى كوردستان له ناوه‌وه‌ و له‌‌ ده‌ره‌وه‌ كه‌ ده‌يانه‌وێت له‌گه‌ڵ خێزانه‌كانيان يه‌ك بگرنه‌وه‌.
  14. لە کۆتایی دەستخۆشی لە ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتیی و کونسوڵخانەی گشتى ئەڵمانیا دەکەین بۆ دامەزراندنی ئەم ناوه‌نده‌ و هیوای سەرکەوتنی ئەم پڕۆژەیەیان بۆ دەخوازین  و ئامادەین بۆ پێشکەشکردنی هاوکاریی پێویست بۆ سەرخستنی كاره‌كانى ئه‌و ناوه‌نده‌.

زۆر سوپاس و دووباره‌ هه‌موولايه‌كتان به‌خێر بێن ...

 

پێویستە بێیتە ژوورەوە یان خۆت تۆمار بکەیت بۆ ئەوەی لێدوان بنووسی.


  • هیچ لێدوانێك لەسەر ئەم بابەتە نەنووسراوە، تۆ یەکەمین لێدوان بنووسە!