ژمارەی ئاوارەكانی موسڵ لە ھەرێم بۆ 164 ھەزار كەس بەرز بووەتەوە

هۆشەنگ محەمەد بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان لە لێدوانیكی بۆ ماڵپەری حكومەتی ھەرێمی كوردستان ڕایگەیاند "ھاتنی ئاوارەكان بەردەوامە و ڕۆژانە  نزیكەی‌ 10000 كەس لە بەشی ڕۆژئاوای موسڵ ئاوارە دەبن وژمارەیەكی زۆر لەو ئاوارانە خۆیان دەگەیەننە سەنگەرەكانی پێشمەرگە و لەوێشەوە بۆ ناوەندی پێشوازی و كەمپەكان دەگوازرێنەوە".

لە بارەی ڕەوشی ڕۆژھەڵاتی موسڵیش گوتی کە هەرچەندە ئەم بەشەی شارەكە بەتەواوەتی كۆنترۆڵ كراوەتەوە،‌ بەڵام هێشتا خەڵك هەن کە بەهۆی نەبوونی ئاسایش و خزمەتگوزاری ڕوو لە هەرێمی كوردستان دەکەن.

 

باری كەمپەكانی ئاوارەكان

بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان لە بارەی دۆخی كەمپەكانی ئاوارەكان ئاماژەی بەوەدا کە "تەواوی ئەو كەمپانەی بۆ ئاوارەكانی موسڵ لە هەولێر دروستكراون پڕبوونە وئیتر ناتوانرێت پێشوازی لە هیچ ئاوارەیەكی دیكە بكرێت، تەنها ئەو شوێنانەی ئەو كەمپانە بەتاڵدەبن كە ئاوارەكان دەگەڕێنەوە وئاوارەی نوێ لە شوێنیان نیشتەجێ دەكرێن. لە پارێزگای دهۆك نزیكەی 8.200 هەزار خێوەتی بەتاڵ ماوەتەوە‌ بۆ پێشوازیكردن لە ئاوارەكانی موسڵ. بەڵام لەبەر سنوورداربوونی توانای دارایی ناتوانرێت پێشوازی لە شەپۆڵێكی دیكەی ئاوارەكان بكرێت".

لەلایەکی ترەوە، ھۆشەنگ محەمەد گوتی ئۆپەراسیۆنەكە "فشارێكی زۆری خستووەتە سەر گشت كەرتە خزمەتگوزارییەكان. بۆ نمونە، تا ئێستا زیاتر لە 35 هەزار برینداری مەدەنی وسەربازی لە نەخۆشخانەكانی فریاكەوتنی هەولێر ودهۆك چارەسەریان بۆ كراوە."

 

ژمارەی دانیشتوانی ژێر دەسەڵاتی تیرۆریستانی داعش

بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان هەروەها گوتی"نزیكەی 400 هەزار هاووڵاتی مەدەنی لە ناوچەكانی ژێر كۆنتڕۆڵی داعشدا ماون وپێشبینی دەكرێت بەهۆی سەختی شەڕی كۆڵانەكان لە ناوشاری كۆنی موسڵ شەپۆڵێكی دیكەی ئاوارە ڕوو لە هەرێمی كوردستان بكات."

ئاماژەی بەوەشدا کە هەرێمی كوردستان "توانای لە خۆگرتنی شەپۆڵی دیكەی ئاوارەی نەماوە، بەتایبەتی بەھۆی بوونی ژمارەیەكی یەكجار زۆر لە ئاوارە و پەنابەر لە هەرێم و کەمبوونی شوێن لە كامپەكان و زۆری خەرجی دابینكردنی ئاسایش و پاراستن و خزمەتگوزارییەكان لەوانە شوێنی حەوانەوە، ئاو وخۆراك وتەندروستی و پەروەردە".

ئەو بەرپرسەی ھەرێم كە ھەمانگی نێوان ھەولێر وبەغدا ونەتەوە یەكگرتووەكان و ئاژانسەكانی نێودەوڵەتی بۆ پرسی ئاوارەكان دەكات، ئاماژەی بەوەدا "تا ئێستا هاوكارییەكی ئەوتۆ لەلایەن بەغدا وكۆمەڵگای نێودەوڵەتی پێشكەش بە هەرێم نەكراوه. بۆ نموونە حكومەتی عێراق لە ساڵی 2016  لەسەرەتای ئۆپەراسیۆنی موسڵ تەنها 43 ملیار دیناری بە هەرێمی داوە بۆ دروستكردنی چوار كەمپ لە هەولێر ودهۆك و961 ملیۆن دیناریش لە ساڵی 2017 بۆ بەڕێوەبردنی كەمپەكان".

ھەر لەم بارەوە هۆشەنگ محەمەد گوتی، "به ‌هاوكاری وهەماهەنگی هەموو لایەكی ناوخۆیی توانراوە بە شێوەیەكی گونجاو هاوكاری ئاوارەكان بكرێت و ئاسایش و پاراستن و خزمەتگوزارییان بۆ دابین بكرێت. بەڵام بۆ بەردەامبوون لەسەر هاوكاریكردنی ئاوارەكان و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری، پێویستە بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ هاوكاریی دارایی هەرێم بكرێت. چونكە بەهۆی خاپوربوونی ناوچەكانیان و وێرانبوونی ژێرخانی ناوچە ئازادكراوەكان و ڕەوشی نالەباری ئاسایش و ناسەقامگیری، پێشبینی دەكرێت ئاوارەكان بۆ ماوەیەكی درێژتر بمێننەوە، بە ھۆیەوە باری سەرشانی هەرێم زۆر قورس دەبێت".

"بۆ زیادكردن وباشتركردنی خزمەتگوزارییەكان بۆ ئاوارە وپەنابەران، هەرێم پێویستی بە پاڵپشتی دارایی هەیە. ئەو هاوكارییەی تا ئێستا لەلایەن كۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە ڕێگای ئاژانسەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان و ڕێكخراوە نێودەوڵەتیەكان پێشكەش بە هەرێم كراوە تەنها نزیكەی 22 لەسەدی پێداویستییە مرۆییەكانی هەرێم دابین دەكات. ئەوەی دیكە كەوتووەتە سەر شانی حكومەتی هەرێم كە مانگانە بە 91 ملیۆن دۆلار مەزندە دەكرێت. جگە لە خەرجی بەڕێوەبردنی كەمپەكانی ئاوارەكانی موسڵ  و دابینكردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان بۆیان، هەر ئاوارەیەك ڕۆژانە 3.7 دۆلاری پێویستە كە مانگانە دەكاتە زیاتر لە 18 ملیۆن دۆلار".

 

بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان بەم شێوەیە پێداویستییەكانی ئاوارەكان لە ھەرێم ریزبەند دەكات:  

• هاوكاریكردنی راستەوخۆی دارایی حكومەتی هەرێم بۆ پڕكردنەوەی بۆشایی بودجەی مرۆیی.
• دابینكردنی دەرمان و كەلوپەلی نەشتەرگەری پزیشكی.
• خۆراك و خواردەمەنی.
• جلو بەرگی هەموو تەمەنەكان.
• ئۆتۆمبێلی فریاكەوتنی پزیشكی.
• پڕۆژەی ئاوی نوێ و نۆژەنكردنەوەی وێستگە وبیرەكانی ئاو.
• كردنەوەی بنكەی تەندروستی و نۆژەنكردنەوەی نەخۆشخانە و بنكە تەندرووستییەكان.
• چارەسەركردنی كێشەی زبڵ و خاشاك لە كەمپەكان.
• نۆژەنكرنەوە و دروستكردنی ژێرخانی كەمپەكان و گۆڕینی خێوەتەكانیان‌ كه ئێستا‌ پێویستیمان بە نزیكەی 22 هەزار خێوەتی نوێ هەیە.
• دروستكردنی قوتابخانە بۆ منداڵی ئاوارەكان.
• دابینكردنی بودجەی پێویست بۆ  بەڕێوەبردنی قوتابخانەكان ودابینكردنی مامۆستا.

 

گەڕانەوەی ئاوارەكان

ھۆشەنگ محەمەد لە بارەی گەڕانەوەی ئاوارەكان ئاماژەی بەوەدا "لە سەرەتای ئۆپەراسیۆنی ڕزگاركردنی موسڵ تەنھا نزیكەی 41 ھەزار كەس بۆ ناوچە ڕرزگاركراوەكانیان لە موسڵ، گەڕاونەتەوە، كە دەكاتە نزیكەی 8500 خێزان. بەڵام بەهۆی تێكچوونی بارودۆخی ئەمنی و نەبوونی خزمەتگوزاریی سەرەتایی لە ناو شاری موسڵ وناوچە ئازادكراوەكان، پڕۆسەی گەڕانەوە زۆر كەمبووەتەوە، هەروەها مەترسی لە گرووپە چەكدارەكان ونەبوونی توانای ماددی ئاوارەكان پڕۆسەكەی هێواشتر كردووە، لەم بارەوە حكومەتی بەغدا پێناچێت هیچ پلانێكی هەبێت وهیچ هاوكارییەكی دارایی پێشكەش بە ئاوارەكان ناكات، بۆ ئەوەی بتوانن بگەڕێنەوە. بەڵكو بە پێچەوانەوە پڕۆسەی گەڕانەوەیان سەخت كردووە كە پێویستییان بە ڕەزامەندیی چەندین لایەن هەیە بۆ گەڕانەوە بۆ ناوچەكانیان".

 

ھەوڵەكانی حكومەت بۆ ئارەزوومەندانە گەڕانەوەی ئاوارەكان

حكومەتی ھەرێم لە هەوڵی بەردەوام دایە بۆ هاندان و پێشكەشكردنی هەموو هاوكارییەك بۆ ئاوارەكان بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی ئارەزوومەندانە بۆ‌ ناوچە ئازادكراوەكانیان بگەڕێنەوه، بەڵام نەبوونی پلانێكی تۆكمە وگشتگیر بۆسەقامگیری وئاوەدانكردنەوەی ناوچە ئازادكراوەكان، پڕۆسەی گەڕانەوەیان سەختتركردووە. هیچ هەماهەنگیش لەنێوان وەزارەتی ناوخۆ و بەغدا لەسەر پڕۆسەی گەرانەوە و سەقامگیری و ئاوەدانكردنەوە نییە.

بۆ چارەسەركردنی ئەم پرسە، وەزیری ناوخۆی هەرێم لە كۆبوونەوە هاوبەشەكان داوای پێكهێنانی لیژنەیەكی هاوبەشی باڵای نێوان هەرێم وبەغدا ونەتەوە یەكگرتووەكانی كردووە بۆ داڕشتنی میكانیزم وستراتیجی و پلانێكی تۆكمەی هاوبەش بۆ پڕۆسەی سەقامگیری و ئاوەدانكردنەوە و گەڕانەوەی ئاوارەكان. بەڵام تا ئێستا نە بەغدا و نە نەتەوە یەكگرتووەكان بەدەنگ ئەو داوایە نەهاتوون.

 

ژمارەی ئاوارەكان

بە گوێرەی زانیارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان، نزیكەی 1.341.450 ئاوارەی ناوخۆ لە هەرێمی كوردستان نیشتەجێكراون، لەو ڕێژەیەش بەشێكیان لە 38 كەمپ نیشتەجێكراون وئەوانەی دیكە، كە زۆرینەی ئاوارەكان پێكدێنن، لە ناو شارەكان دەژین.

هاوكات هەرێمی كوردستان میوانداریی زیاتر لە 97 لەسەدی پەنابەری سوری لە عێراق‌ كردووە. لەمانە‌ 228,567 پەنابەر‌ تۆماركراون ونزیكەی 25 هەزاری دیكەش خۆیان تۆمار نەكردووە. هەروەها، 61 لەسەدی پەنابەرانی سوریا لە نۆ كەمپ لە هەر سێ پاریزگاكانی هەولێر، دهۆك و سلێمانی دەژین.

 

پێویستە بێیتە ژوورەوە یان خۆت تۆمار بکەیت بۆ ئەوەی لێدوان بنووسی.


  • هیچ لێدوانێك لەسەر ئەم بابەتە نەنووسراوە، تۆ یەکەمین لێدوان بنووسە!