هەولێر، هەرێمی كوردستان
8ی مایس 2017
ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان كۆبوونەوەی ئاسایی مانگانەی هەماهەنگی لە هەولێر ئەنجامدا بۆ گفتوگۆكردن لەسەر كارە لەپێشینەكان بۆ وەڵامدانەوەی قەیرانی مرۆیی لە هەرێمی كوردستان و بەربەستەكانی بەردەم قەیرانی مرۆیی موسڵ و پرۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەكان و هاتنی ئاوارەی نوێ.
لە كۆبوونەوەكە بەڕێوبەری گشتی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان هۆشەنگ محمد تیشكی خستە سەر كارە لەپێشینەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ وەڵامدانەوەی قەیرانی مرۆیی لەنێویاندا گرتنەبەری ڕێگایەكی هاوسەنگ بۆ وەڵامدانەوەی قەیرانی نوێی ئاوارەبوون و یارمەتیدانی ئەو ئاوارەنەی پێشتر لە هەرێم نیشتەجێبوون و دروستكردنی توانای بژێوى چوارچێوهى بهرنامهكانى لە وەڵامدانەوەی مرۆیی بۆ ئاوارە و پەنابەران و كۆمەڵگای خانەخوێ. هەروەها سیاسەتی حكومەتی هەرێمی كوردستانی ڕوونكردەوە لەسەر ئاوارەبوون و گەڕانەوەی ئاوارەكان و قۆناغی ئاسایی كردنەوەی بارودۆخی مرۆیی.
كۆبوونەوەكە تیشكی خستە سەر ئەو كێشە و بەربەستانەی بەردەم پرۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەكان و دابینكردنی خزمەتگوزاری بۆ ئاوارە و پەنابەران و كۆمەڵگای خانەخوێ لە هەرێمی كوردستان. كۆبوونەوەكە باسی لە هەموو لایەنەكانی وەڵامدانەوە و میكانزم و ڕێگاكانی كرد بۆ دڵنیابوون لە هەماهەنگی لە هەوڵەكانی وەڵامدانەوەی قەیرانەكان و دابینكردنی هاوكاری پێویست بۆ ئاوارە نوێیەكان لە كەمپەكان و دڵنیابوون لە گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارەكان بۆ ناوچە ئازادكراوەكان و جێبەجێكردنی پڕۆژەی بەردەوام بۆ ئاوارەكان كە سوودی هەبێت بۆ كۆمەڵگای خانەخوێ.
بەڕێوبەری گشتی تەندروستی هەولێر دكتۆر سامان بەرزنجی ئامادەی كۆبوونەوەكە بوو و پوختەیەكی پێشكەش كرد دەربارەی كێشە و ئاستەنگەكانی بەردەم كەرتی تەندروستی لە كاتێكدا تواناكان بۆ دابینكردنی خزمەتگوزاری تەندروستی بۆ ئاوارە و پەنابەران لە ناوەو و دەرەوەی كەمپەكان سنووردارە، داواشی كرد پشتگیری زیاتری كەرتی تەندروستی لە هەرێمی كوردستان بكرێت بۆ ئەوەی بتوانرێت لە ئاستی قەیرانی مرۆیی دابێت.
كۆبوونەوەكە چەند ڕاسپاردەیەكی پهسندكرد بۆ ئەوەی بە هاوبەشی لەگەڵ حكومەت و ئاژانسەكانی و كەرتەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان و ڕێكخراوە ناحكومییەكان بۆ وەڵامدانەوەی ئەو بەربەست و كێشانەی لە كۆبوونەوەكە ئاماژەی پێكرا.
كۆڕبهندى هەماهەنگی مرۆیی لەلایەن بەڕێوبەری گشتی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان و بە هاوبەشی لەگەڵ سەرۆكی نووسينگهى ههماههنگى مرۆيى OCHA بەڕێوەبردرا بە بەشداری نوێنەرانی باڵای وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق و فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە و بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر و بەڕێوبەرانی نووسینگەكانی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان لە هەولێر و سلێمانی و دهۆك و نوێنەران و ڕێكخەرانی ئاژانسەكان و كەرتەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان.