شاندێكى باڵاى وه‌زاره‌تى ناوخۆى ئه‌ڵمانيا و ئاژانسى فيدڕاڵى بۆ هاوكارى ته‌كنيكى (THW) ئه‌ڵمانى سه‌ردانى ناوه‌ندى هاوبه‌شى هه‌ماهه‌نگى قه‌يرانه‌كانی كرد.

22 ئايار 

هه‌ولێر، هه‌رێمى كوردستان

 

به‌ڕێز هۆشه‌نگ محمد، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى ناوه‌ندى هاوبه‌شى هه‌ماهه‌نگى قه‌يرانه‌كان (JCC) پێشوازى له‌ دكتۆر گونتێر كرينگس جێگرى وه‌زاره‌تى ناوخۆ و به‌ڕێز كڵاوس بوشموله‌ر سه‌رۆكى فه‌رمانگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى له‌ ئاژانسى فيدڕاڵى بۆ هاوكارى ته‌كنيكى (THW) ئه‌ڵمانى و شاندى ياوه‌رى كرد.

 

سه‌ره‌تا، به‌ڕێز هۆشه‌نگ محمد به‌خێرهاتنێكى گه‌رمى شاندى ميوانى كرد له‌ ناوه‌ندى هاوبه‌شى هه‌ماهه‌نگى قه‌يرانه‌كان (JCC)، هه‌روه‌ها سوپاس و پێزانينى خۆى ده‌ڕبڕى بۆ ئه‌و هاوكارى و پشتگيريه‌ به‌رده‌وامه‌ى كه‌ ئاژانسى فيدڕالى ئه‌ڵمانى (THW) پێشكه‌شى كردووه‌ به‌ ناوه‌ندى هاوبه‌شى هه‌ماهه‌نگى قه‌يرانه‌كان (JCC) و خێزانه‌ ئاواره‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان. هه‌روه‌ها، سوپاسى تيمى ئاژانسى فيدڕالى ئه‌ڵمانى (THW) له‌ هه‌رێمى كوردستان كرد بۆ هاوكارى‌ پيشه‌يى و رۆڵى گرنگيان.

 

به‌ڕێز هۆشه‌نگ محمد پوخته‌يه‌كى پێشكه‌ش به‌ شاندى ميوان كرد سه‌باره‌ت به‌ ڕۆڵ و به‌رپرسياره‌تى و هه‌يكه‌لى كارگێڕى ناوه‌ند، هه‌روه‌ها ئه‌و ڕۆله‌ گرنگه‌ى كه‌ ناوه‌ند ده‌يگێڕێت له‌ به‌ڕێوه‌بردن و هه‌‌ماهه‌نگى كردنى قه‌يرانه‌كان به‌تايبه‌تى قه‌يرانى مرۆيى موسڵ. هه‌روه‌ها، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى تيشكى خسته‌سه‌ر ئه‌و هه‌ماهه‌نگيه‌ باشه‌ى نێوان ناوه‌ندى هاوبه‌شى هه‌ماهه‌نگى قه‌يرانه‌كان (JCC) و ئاژانسى فيدڕالى ئه‌ڵمانى (THW). دواتر، پوخته‌يه‌ى پێشكه‌ش به‌ شاندى ميوان كرد سه‌باره‌ت به‌و پڕۆژانه‌ى كه‌ پشتگيرى دارايى و ته‌كنيكى بۆ دابين كراوه‌ له‌لايه‌ن ئاژانسى فيدڕالى ئه‌ڵمانى (THW) به‌مه‌به‌ستى به‌هێزكردنى تواناى ناوه‌ند (JCC) بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ى قه‌يرانى مرۆيى ئێستا.

 

هه‌روه‌ها، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى باسى له‌ پلانى ستراتيژى ناوه‌ند (JCC) كرد بۆ دامه‌زراندنى سيسته‌مى به‌ڕێوه‌بردنى كاره‌سات و قه‌يرانه‌‌كان كه‌ په‌سه‌ند كراوه‌ له‌ لايه‌ن ئه‌نجومه‌نى وه‌زيرانى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان. هه‌روه‌ها، ڕايگه‌ياند كه‌ ناوه‌ندى هاوبه‌شى هه‌ماهه‌نگى قه‌يرانه‌كان (JCC) پێويستى به‌رده‌وام هه‌يه‌ به‌ پاڵپشتى و پشتگيرى ئاژانسى فيدڕالى ئه‌ڵمانى (THW)، به‌تايبه‌تى له‌ساڵانى داهاتوو بۆ مه‌به‌ستى جێبه‌جێكردنى ئه‌م پلانه‌ ستراتيژيه‌.

 

له‌لايه‌ن خۆيه‌وه‌، دكتۆر گونتێر كرينگس سوپاس و پێزانينى خۆى ده‌ربڕى بۆ پشتگيرى كردنى ناوه‌ند (JCC) و ئه‌و ڕۆله‌ گرينگه‌ى كه‌ ده‌يگێڕێت له‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ و هه‌ماهه‌نگى كردنى قه‌يراني مرۆيى ئێستا، ڕايگه‌ياند كه‌ زۆر خۆشحاڵن به‌و هه‌ماهه‌نگيه باشه‌ى كه‌ هه‌يه‌ له‌ نێوان ئاژانسى فيدڕالى ئه‌ڵمانى (THW) و ناوه‌ندى هاوبه‌شى هه‌ماهه‌نگى قه‌يرانه‌كان (JCC). هه‌روه‌ها ڕايگه‌ياند ئه‌وان به‌ دڵنياييه‌وه‌ پشتگيرى له‌و هاوكاريانه‌ ده‌كه‌ن و به‌رده‌وام ده‌بن له‌ پێشكه‌ش كردنى يارمه‌تى بۆ ناوه‌ندى هاوبه‌شى هه‌ماهه‌نگى قه‌يرانه‌كان (JCC).

 

دواتر، به‌ڕێز هۆشه‌نگ محمد به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى ناوه‌ند (JCC) و شاندى ميوان به‌ڕێكه‌وتن بۆ به‌شدارى كردن له‌ ڕێوڕه‌سمى فه‌رمى كردنه‌وه‌ى ناوه‌ندى لۆجستى له‌ هه‌ولێر كه‌ پشتگيرى دارايى دابينكراوه‌ له‌لايه‌ن ئاژانسى فيدڕاڵى بۆ په‌ره‌پێدان و هه‌ماهه‌نگى ئابورى (BMZ) و له‌لايه‌ن ئاژانسى فيدڕالى ئه‌ڵمانى (THW) دروست كراوه‌. هه‌روه‌ها، به‌ڕێز نه‌وزاد هادى پارێزگارى هه‌ولێريش ئاماده‌ى ڕێوڕه‌سمه‌كه بوو. دواى بڕينى قردێله‌ى سور، دكتۆر گونتێر به‌فه‌رمى هه‌ڵستا به‌ پێشكه‌ش كردنى كليلى ناوه‌ندى لۆجستى بۆ ناوه‌ندى هاوبه‌شى هه‌ماهه‌نگى قه‌يرانه‌كان (JCC). شايه‌نى باسه‌، ئه‌م ناوه‌نده‌ لۆجستيه‌ هه‌موو كه‌لوپه‌لێكى ته‌واوى بۆ دانراوه‌ له‌گه‌ل دابين كردنى فرياگوزارى سه‌ره‌تاىى كه‌ ده‌توانێت خزمه‌ت به‌ 2500 خێزان بكات.

 

 

 

ئه‌م ناوه‌نده‌ لۆجستيه‌ يه‌كێكه‌ له‌و پڕۆژانه‌ى كه‌ له‌لايه‌ن ئاژانسى فيدڕالى ئه‌ڵمانى (THW) جێبه‌جێكراوه‌ به‌ مه‌به‌ستى پشتگيرى كردن و به‌هێزكردنى تواناى به‌ڕێوه‌بردنى لۆجستى ناوه‌ند (JCC) په‌يوه‌ست به‌ كه‌لوپه‌له‌كان و فرياگوزارى سه‌ره‌تايى بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ى قه‌يران و كاره‌ساتى نوێ و لێشاوى نوێ ئاواره‌كان له‌ ئه‌نجامى ملمڵانێ‌ به‌رده‌وامه‌كان و شه‌ڕى دژ به‌ داعش.

 

شايانى باسه‌ له‌ ماوه‌ى مانه‌وه‌يان له‌ هه‌رێم، دكتۆر گونتێر و شاندى ياوه‌رى چاويان كه‌وت به‌ به‌ڕێز كه‌ريم سنجارى وه‌زيرى ناوخۆى  حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و سه‌ردانى كامپى ئاواره‌كانيان كرد بۆ بينينى ئه‌و چالاكى و پڕۆژانه‌ى كه‌ له‌لايه‌ن ئاژانسى فيدڕالى ئه‌ڵمانى (THW) جێبه‌جێكراون.

 

شايه‌نى باسه‌، ئاژانسى فيدڕالى ئه‌ڵمانى (THW) يه‌كێكه‌ له‌ هاوبه‌شه‌ هه‌ره‌ سه‌ره‌كيه‌كانى ناوه‌ندى هاوبه‌شى هه‌ماهه‌نگى قه‌يرانه‌كان (JCC) و به‌شێوه‌يه‌كى زۆر باش پشتگيرى ناوه‌ندى كردووه‌ له‌ڕووى ته‌كنيكى و دارايى له‌ بوارى به‌هێزكردنى تواناكان و ژێرخانى ته‌كنيكى به‌مه‌به‌ستى به‌هێزكردنى ناوه‌ند بۆ كاركردن تا به‌ باشترين شێوه‌.   

 

پێویستە بێیتە ژوورەوە یان خۆت تۆمار بکەیت بۆ ئەوەی لێدوان بنووسی.


  • هیچ لێدوانێك لەسەر ئەم بابەتە نەنووسراوە، تۆ یەکەمین لێدوان بنووسە!