ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان و سەنتەری هاوبەشی هەماهەنگی و چاودێری هەماهەنگی زیاتر تاوتوێ دەكەن

ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان (JCC) و سەنتەری هاوبەشی هەماهەنگی و چاودێری (JCMC) كۆبوونەوەی ئاسایی مانگانەی خۆیان لە شاری بەغدا ئەنجامدا بۆ گفتوگۆكردن لەسەر هەماهەنگی دوولایەنە و بەهێزكردنی پەیوەندییەكان بۆ وەڵامدانەوەی قەیرانی ئێستای مرۆیی و ئاوارەكان و قۆناغی دوای داعش بەتایبەتیش گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ شوێنەكانی خۆیان لە ناوچە ئازادكراوەكان.

كۆبوونەوەكە، كە لەلایەن هۆشەنگ محمد بەڕێوبەری گشتی (JCC) و عبدالامیر محمد بەڕێوبەری گشتى (JCMC) بەڕێوەچوو، ئامانج تێيدا پێداچوونەوە بوو بە ئاستی هەماهەنگی و هاوكارییەكان لە نێوان هەردوو دامەزراوەدا، هەروەها گفتوگۆ كرا لەسەر ڕێگاكانی بەهێزكردن و فراوانكردنی ئەو هەماهەنگی و هاوكارییە بۆ ئەوەی هەردوولا زیاتر ئامادەبن بۆ قۆناغی دوای داعش و پڕۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەكان.

هەردوولا ئامادەیی خۆیان نیشاندا بۆ برەودان بە ئاستی هەماهەنگی نێوانیان و هاوڕابوون لەسەر گرنگی چڕكردنەوەی هەوڵەكان و هەماهەنگی باشتر بۆ وەڵامدانەوەی باشتری قەیرانی مرۆیی و دابینكردنی خزمەتگوزاری بۆ ئاوارەكان و ئەو هاوڵاتییانەی گەڕاونەتەوە شوێنەكانی خۆیان لە ناوچە ئازادكراوەكان. هەروەها هەردوولا تیشكیان خستە سەر ئەو بەربەستانەی دێنە پێش پرۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەكان و پێشكەشكردنی یارمەتی بۆ ئاوارەكانی كەمپەكان. هەر لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆكرا لەسەر چەند پرسێكی هاوبەش لەوانەش:

  1. ڕۆلی (JCC) و (JCMC) لە پەرەپێدانی پلانی فریاكەوتنی مرۆیی موسڵ و هەڵسەنگاندنی شێوازی جێبەجێكردنی و وانه‌كانى ئه‌و پلانه‌.
  2. ڕۆل و بەرپرسیارەتی دامەزراوەكە دوای ڕزگاركردنی موسڵ و كۆتایی شەڕی داعش.
  3. ئامادەكردن و دابینكردنی خزمەتگوزاری بۆ ئاوارەكان له‌ ناوچە ڕزگاركراوەكان.
  4. ئامادەكردنی پلانێكی هاوبەش لەسەر سیاسەتی گەڕانەوەی ئاوارەكان.
  5. ئاسانكاری كردن بۆ پرۆسەی گەڕانەوەی پەنابەرە عێراقییەكان لە سوریا و توركیا بۆ عێراق.
  6. بەدواداچوون بۆ ئەو گروپ و میلیشیا چەكدارانەی بوونەتە بەربەست لەبەردەم گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ ناوچە ئازادكراوەكانیان.

شاندی (JCC) پێكهاتبوون له‌ هۆشەنگ محمد بەڕێوبەری گشتی  و بەیاوەری سەرهەد عمر، بەڕێوبەری بەڕێوابەرایەتی دارایی و بەڕێوەبردن و علی سعید بەرێوبەری بەڕێوبەرایەتی ئالوگۆڕكردن و بەڕێوەبردنی داتا و زانیاری.