شاندێکی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانى وەزارەتى ناوخۆى کرد

 

ئەمڕۆ دووشەمە 25/7/2017 بەڕێز کەریم سنجاری وەزیری ناوخۆ، پێشوازیی لە خاتوو (ئورسولا مولەر) یاریدەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی و فریاکەوتنی خێرا کرد و لە کۆبوونەوەکەدا بەڕێزان هۆشنگ محمد، بەڕێوەبەرى گشتى ناوەندى هاوبەشى هەماهەنگى قەیرانەکان و خاتوو لیز گراندێ رێکخەری هەماهەنگی مرۆیی لە عێراق کرد ئامادەبوون.

 

 لە سەرەتای دانیشتنەکەدا شاندی میوان مەبەستی سەردانەکەیان خستەڕوو کە لە نزیکەوە ئاگاداربوونە لە رەوشی ئاوارە و پەنابەران و قەیرانی مرۆیی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەتایبەتیش لە قۆناغی دوای داعشدا و رووبەڕووبوونەوەی ئەو ئەگەرانەیە کە دێنە بەردەم ئاوارەکان لە کاتی گەڕانەوەیاندا ئەمە جگە لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بەردەوام بۆ ئاوارە و پەنابەران.

 

وەزیری ناوخۆ، شاندی میوانی بەگەرمى بەخێرهێنا کە یەکەمجارە سەردانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکەن و هیواشی خواست سەردانی تریان بەدواوە بێت، چونکە هاتنی ئەوان گرینگییەکی زۆری هەیە بۆ ئەوەی لە نزیکەوە گفتوگۆ سەبارەت بە کێشە و گرفتەکان بکەن کە رووبەڕووی هەرێمی کوردستان دەبنەوە.

 

 یاریدەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی و فریاکەوتنی خێرا سوپاس و پێزانینی خۆی پێشکەش بە حکوومەت و گەلی کوردستان کرد لەبەرامبەر ئەو هاوکاری و پاڵپشتییە بەردەوامانەی لە ماوەی رابردوودا پێشکەش بەو ژمارە زۆرەی ئاوارە و پەنابەران کردووە سەرەڕای بوونی کێشە و بەربەستەکانی بەردەمیان، هەروەها سوپاسی حکوومەتی هەرێمیشی کرد کە بەبێ جیاوازی ئایین و نەتەوە و رەگەز خزمەتێکی گەورەی پێشکەش بە لێقەوماوان کردووە، بەڵێنیشی دا وەک نەتەوە یەکگرتووەکان کاری جددی بکەن بۆ هاوکاریکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دابینکردنی پێداویستی بۆ ئاوارە و پەنابەرەکان لە هەموو روویەکەوە.

 

لەبەرامبەردا کەریم سنجاری سوپاسی هاوکاری و هەماهەنگییە بەردەوامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی کرد و داواشی لێکردن لە پاڵپشتی و هاوکاری دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام بن و زیاتریش پەرەی پێ بدەن بەتایبەت لە قۆناغی دوای داعشدا کە قۆناغێکی هەستیارە و پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکان رۆلی کاریگەری تێدا بگێڕێت.

 

دواتر پوختەیەکی لەسەر قەیرانی مرۆیی و ئابووری و ئاسایش و هەرێمی کوردستانی پێشکەش بە شاندی میوان کرد و دوپاتی کردەوە کە حکوومەتی هەرێم بە هەماهەنگی لەگەڵ ئاژانسەکانی یوئێن و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە هەوڵەکانی بەردەوام دەبێت بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە ئاوارە و پەنابەرەکان راشیگەیاند کە پشتگیری و کارئاسانی تەواو دەکەن بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆسەر ماڵ و حاڵیان لە ناوچە ئازادکراوەکاندا و جەختیشی کردەوە کە گەڕانەوەشیان بەشێوەی ئارەزوومەندانە دەبێت و بەزۆر هیچ ئاوارە و پەنابەرێک نانێرنەوە.

 

 

پێویستە بێیتە ژوورەوە یان خۆت تۆمار بکەیت بۆ ئەوەی لێدوان بنووسی.


  • هیچ لێدوانێك لەسەر ئەم بابەتە نەنووسراوە، تۆ یەکەمین لێدوان بنووسە!