ئەنجومەنی پەنابەرانی نەرویجی هاوكارى به‌رده‌وامى دووپات دەكاتەوە بۆ پشتگیری لە هەوڵەكانی حكومەت بۆ بەڕێوەبردنی قەیرانی مرۆیی داوی داعش

بەڕێز هۆشەنگ محمد، بەڕێوبەری گشتی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان (JCC) پێشوازی كرد لە خاتوو هێیدی دیدریچ، بەڕێوبەری ڕێكخراوی ئەنجومەنی پەنابەرانی نەرویجی (NRC) بۆ گفتوگۆكردن لەسەر قەیرانی مرۆیی و قوناغی دوای داعش.

 دواى به‌خێرهێنان، بەڕێز هۆشەنگ سوپاس و پێزانینی خۆی ده‌ربڕى بۆ هاوكارییە بەردەوامەكانی NRC بۆ ئاوارە و پەنابەران و كۆمەڵگای خانەخوێ لە هەرێمی كوردستان. هەروەها تیشكی خستە سەر گرنگی بەردەوامی و پابەندبوونی درێژخایەنی NRC و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ یارمەتیدانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و یەكە ئیدارییە ناوخۆییەكان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانێكی تێكەڵ و ئاڵۆز لەنێو قەیرانێكی گەورەتر لە هەرێمی كوردستان و عێراق، بەتایبەتیش گەڕانەوەی ئاوارەكان.

خاتوو هێیدی سوپاسی پشتگیری و هاوكاری JCC كرد بۆ NRC و ڕایگەیاند كە ڕێكخراوەكەیان پابەندە و بۆ ماویەكی درێژخایەن دەمێنێتەوە بۆ هاوكاریكردنی ئاوارەكان و كەسانی پێویست لە كۆمەڵگای خانەخوێ و ناوچە ئازادكراوەكان.  هەروەها گووتی كە NRC بەردەوام لە هەوڵدادەبێت بۆ كۆكردنەوەی پشتیوانی نێودەوڵەتی زیاتر بۆ ئاوارەكان و یارمەتیدانیان، بەتایبەت بۆ پرۆسەی دووبارە ئاوەدانكردنەوە و سەقامگیری لە دوای داعش و گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ ماڵەكانیان.

لە كۆبوونەوەكەدا هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگی هەبوونی پلانێكی گشتگیری درێژخایەن لە پرۆسەیەكدا كە هەموو لایەك تێیدا بەشداربن بۆ گێڕانەوەی ئاشتی و پێكەوە ژیانی كۆمەڵایەتی و سەقامگیرییەكی درێژخایەن بۆ هەموو پێكهاته‌كان. هەروەها هه‌ردوولا هاوڕابوون له‌سه‌ر بەردەوامی دان بەم جۆرە گفتگوگۆیانە بۆ بەهێزتركردنی ئەو هەماهەنگییە لە نێوان JCC و NRC هەیە.

پێویستە بێیتە ژوورەوە یان خۆت تۆمار بکەیت بۆ ئەوەی لێدوان بنووسی.


  • هیچ لێدوانێك لەسەر ئەم بابەتە نەنووسراوە، تۆ یەکەمین لێدوان بنووسە!