دوێنێ دووشەممە 9/10/2017 بەڕێز كەریم سنجاری وەزیری ناوخۆ، لە دیوانی وەزارەتی ناوخۆ پێشوازیی لە بەڕێز (رامۆن بلێكوا) باڵیۆزی یەكێتیی ئەوروپا لە عێراق و رافایل ئیدۆشى، بەرپرسى بەشى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و باكورى ئەفریقیا كرد، كە هۆشنگ محمد، بەڕێوەبەرى گشتى ناوەندى هاوبەشى هەماهەنگى قەیرانەكان ئامادەبوو.
لە دانیشتنەكەدا بەڕێز باڵیۆزی یەكێتیی ئەوروپا لە عێراق رای گەیاند بۆ لە نزیكەوە ئاگاداربوون لە رەوشی سیاسی و ئەمنیی كوردستان و بەتایبەتیش رەوشی ئێستای ئاوارە و پەنابەران دوای ئازادكردنەوەی بەشی زۆری ناوچەكانی عێراق لە دەستی چەكدارانی داعش و هەروەها بۆ پتەوكردنی هەماهەنگی و پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا ئەم سەردانەیان ئەنجامداوە، باڵیۆزی یەكێتیی ئەوروپا لە عێراق سوپاسی وەزارەتی ناوخۆ و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیشی كرد بەرامبەر ئەو خزمەتە گەورەیەی لە ماوەی رابردوودا سەرەڕای قەیرانەكانیان پێشكەش بە ئاوارە و پەنابەرانیان كردووە، هەروەها پلان و ستراتیجییەتی یەكێتی ئەوروپاشی بۆ هاوكاریكردن و ئاوەدانكردنەوەی عێراقی دوای داعش خستەڕوو.
لە بەرامبەریشدا بەڕێز كەریم سنجاری دوای بەخێرهێنانیان پوختەیەكى سەبارەت بە رەوشی سیاسی و ئەمنی هەرێم و رەوشی ئێستای ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی كوردستان پێشكەش كرد، سوپاسی هاوكارییە بەردوامەكانی یەكێتیی ئەوروپاشی كرد كە لە ماوەی رابردوودا پێشكەش بە ئاوارە و پەنابەرانیان كردووە، هیواشی خواست هاوكارییەكان بەردەوام بن و هەمەجۆرتریش بكرێن بەقەبارەی ئەو ژمارە زۆرەیەی ئاوارەكان كە لە كوردستان نیشتەجێن، داواشی كرد هەوڵی دابینكردنی بودجەیەكی تایبەت بۆ پڕۆژە مامناوەندەكان بدەن تا ئاوارەكان بەلایەنی كەم بتوانن وەك قۆناغی سەرەتا خۆیان پێ بژێنن، هەروەها پێشنیازی پڕۆژەی خزمەتگوزاری زیاتری وەك دابینكردنی ئاو و كارەبا و قوتابخانە و نەخۆشخانەكان كرد كە پێداویستییە سەرەتاییەكانن بۆ ئاوارەكان، هەروەها سوپاسی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی پێشكەش بە یەكێتی ئەوروپا كرد لەبەرامبەر ئەو هاوكاری و هەماهەنگییە بەردەوامانەی پێشكەشی ئاوارە و پەنابەرانیان كردووە.