لە سەرەتای دامەزراندنییەوە لە کانونی یەکەمی ٢٠١٦ لەلایەن سهرۆكايهتى ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێم، ژووری هاوکاری مرۆیی هاوبەش (OSS) لە ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان، کۆمەڵێک خزمەتگوزاری خۆڕایی دابین کردووە، وەکو کارئاسانی و بەدواداچوونی خێرا بۆ لێخۆشبوون لە باجی گومرگ و هەماهەنگی لەگەڵ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ باشتر بەڕێوەچوونی ئەو بارانەی لە لایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە دەهێننرێنە ناو هەرێمی کوردستان بۆ هاوکاری کردنی ئاوارەکان و ئەو خەڵکە زیان لێکەوتووەی لە ماڵەکانیان ماونەتەوە یاخود گەڕاونەتەوە نێو ماڵی خۆیان لە ناوچە ئازادکراوەکانی عێراق.
تاوەکو تەمموزی ئەمساڵ، لەنێو ئەو (٧١٠) داواکارییەی بۆ لێخۆشبوونی باج کراون، لە ژووری هاوکاری مرۆیی هاوبەش، (٦،٧٨٥) تەن هاوكارى مرۆيى مۆڵهتى بهخشينى له باجى گومرگى بۆ كراوه و هاووردهى ههرێم كراوه له سنووری ئیبراهیم خەلیل و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، کە نرخەکەی دەکاتە (١١٧،١٩٩،٥٨٢) دۆلار. هەموو ئەو بارانە بەخشراون لە گومرگانە و باج و رسومات.
پێش دامەزرانی (OSS)، ئەو داواکارییانەی بۆ لێخۆشبوونی باج پێشکەش دەکران، سێ هەفتە، هەندێک جاریش نزیکەی مانگێکیان دەخایاند، بەڵام (OSS) ئەو کاتەی کەمکردووەتەوە بۆ خوار (١٠) ڕۆژی کارکردن.
ژووری هاوکاری مرۆیی هاوبەش، کە پێکهاتووە لە نوێنەرانی هەریەک لە وەزارەتەکانی ناوخۆ، دارایی و تەندروستی هەروەها فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، بە هاوکاری ڕێکخراوی خۆراکی جیهانی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەردەوام دەبێت لە کاری جدی بۆ پشتگیری کردنی هەوڵەکانی حکومەت لەم قەیرانەدا.
بۆ زانیاری زیاتر، ئەم ڕاپۆرتە ببینە..