ليژنەی باڵای هاوبەشی نێوان هەولێر و بەغدا چەند بڕیار و ڕاسپاردەیەكی پەسندكرد

ڕۆژی چوارشەممە 28ی حوزەیران 2018، بە سەرپەرشتی بەڕێزان کریم سنجاری وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان و مەهدی عەللاق ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵی عێراق لیژنەی بالای نێوان حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق دەیەمین کۆبوونەوەێ خۆی لە ھەولێر لە وەزارەتی ناوخۆ ئەنجامدا و بە ئامادەبوونی بەڕێزان د.جاسم محمد وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق و فەریق موەففەق بریكاری وەزارەتی ناوخۆی عێراق و د. نەوفەل حەممادی پارێزگاری نەینەوا و ژمارەیەك بەڕێوبەری گشتی پەیوەندیدار لە دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوەیەكی هاوبەش و تایبەت بە ئاوارەكانی شاری موسڵ ئەنجامدا.

لە كۆبوونەوەكەدا بە وردی ڕەوشی ئاوارەكانی شاری موسڵ باسی لێوەكرا كە دوای داگیركردنی شارەكە لەلایەن تیرۆرستانی داعش و شەڕی ئازادی ئەو پارێزگایە لەدەست تیرۆرستان، ئاوارەی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بوون. هەروەها گفتوگۆ كرا لەسەر كۆسپەكانی بەردەم گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ شوێنەكانی خۆیان و كاركردن بۆ لابردنی ئەو كۆسپانە.

هەر لە كۆبوونەوەكەدا بڕیار درا بە پێكهێنانی لیژنەیەكی هاوبەش لە ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان بۆ مەبەستی گێڕانەوەی ئاوارەكان لە هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆك بۆ پارێزگای نەینەوا و كردنەوەی ڕێگاوبانەكان بۆ مەبەستی ئاسانكاریكردن بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان و چاڵاككردنی بازرگانی لە نێوان پارێزگاكان.

كۆبوونەوەكە چەند بڕیار و ڕاسپاردەیەكی دەركرد لە نێوانیاندا خێراکردنی پێدانی ھاوکاری دارایی بۆ كچە ئێزدییە ڕزگاربووەكان و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری زیاتر بۆ هاوڵاتیان و  ئاوارەكان لەو شوێنانەی بۆی دەگەڕێنەوە.

پێویستە بێیتە ژوورەوە یان خۆت تۆمار بکەیت بۆ ئەوەی لێدوان بنووسی.


  • هیچ لێدوانێك لەسەر ئەم بابەتە نەنووسراوە، تۆ یەکەمین لێدوان بنووسە!