ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان كۆبوونەوەی ئاسایی هەماهەنگی تاوتوێكردنی رەوشی مرۆیی لە هەرێمی كوردستان ئەنجام دا

4 ی تەمموز/2018 ھەولێر- هەرێمی كوردستان.

ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان، بە هاوكاری رێكخراوی ئۆچا(OCHA)  كۆبوونه‌وه‌ى ئاسایی  هەماهەنگی لە هەولێر ئەنجامدا بۆ گفتوگۆكردن لەسەر كارە لەپێشینەكان بۆ وەڵامدانەوەی قەیرانی مرۆیی لە هەرێمی كوردستان.

كۆبوونەوەكە تیشكی خستە سەر توانا و ئامادەباشی كەرتە جیاوازەكان و ئاستەنگەكانی بەردەم هەماهەنگی و بەربەستە جیاوازەكانی پرۆسەی وەڵامدانەوە. هەروەها تاوتوێكردنی رێگا و میكانیزمی گونجاو و لەبار بۆ دڵنیابوون لە هەماهەنگی كاریگەر، لە نێوان دام و دەزگاكان و كەرتە جیاوازەكان لە كاتی دابین كردنی هاوكاری مرۆیی بۆ ئاوارەكانی هەرێمی كوردستان.

لە سەرەتای كۆبوونەوەكە به‌رێز هۆشەنگ محمد, بەڕێوبەری گشتی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان، پوختەیەكی پێشكەشكرد سەبارەت بە كار و چالاكییەكانی ناوەند لە چوارچێوەی وەڵامدانەوەی مرۆیی و سوپاسی لایەنە بەشداربووەكانی كرد بۆ پشتیوانی بەردەوامیان بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان لە وەڵامدانەوەی قەیرانى مرۆییەكان. هەروەها سیاسەتی حكومەتی هەرێمی كوردستانی ڕوونكردەوە  سەبارەت بە هاوكاری مرۆیی و دووپاتی كردەوە كە بەردەوام دەبن لە دابینكردنی هاوكاری و پشتگیری بۆ هاوبەشەكان لە پێناو بەردەوام بوون لە هاوكاری كردنی ئاوارە و پەنابەران.  

بەڕێز هۆشنگ تیشكی خستە سەر بەردەوامی پرۆسەی هاتنی ئاواره‌ بۆ هەرێمی كوردستان و روونیشی كردەوە كە لە كانوونی دووەمی ساڵی 2018 زیاتر لە (10،000) كەس گەیشتوونەتە هەرێمی كوردستان، كە زۆرینەیان لە هەولێر و كەمپەكان نیشتەجێ بوونە، دواتر جەختی كردە سەر گرنگی دان بە كارە لەپێشینەكان  وەك: بەڕێوەبردنی كەمپەكان و هاوكاری خۆراك و ئامادەباشی لە دابین كردنی فریاگوزاری سەرەكی و خزمەتگوزاری تەندروستی و پرۆژە خزمەتگوزارییەكان و دابینكردنی هاوكاری تەكنیكی و پەرەپێدانی توانایی ناوخۆیی و نیشتمانی. دواتر داوای لە  ئاژانسەكانی نەتەوە یەككگرتووەكان كرد كە بەردەوام بن لە پشتگیریەكانیان بۆ ئاوارەكان لە ناو كەمپەكان و دەرەوەی كەمپەكان. 

دواتر بەرێز ئایدن ئۆلێری سەرۆکی نووسينگه‌ى هه‌ماهه‌نگى مرۆيى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان-  ئۆچا، هەوڵەکانی دەستینیشان کرد لە پاڵپشتی کردنی ئاوارەکان و جەختی کردە سەر پابەند بوونی تیمی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ بەردەوام بوون لە پاڵپشتی کردنی ئاوارە و پەنابەران، لە هەمان کاتدا تيشكى خستە سەر گرنگی سەلامەتی، ئارەزوو و شکۆداری ئاوارەکان لە گەڕانەوەیان بۆ ناوچەکانی خۆیان.

لەکۆبونەوەکەدا، ئاژانسی نەتەوەیەکگرتووەکان، ڕێکخەری کەرتەکان نوێترین زانیاریان دا لەسەر چاڵاکی و پڕۆژەکانیان وە دەربارەی ئاوارەکان. هەروەها دەست نیشانی  کەم و کورتیەکان و پێداویستی و خزمەتگوزاریەکان کرد کە پێشکەشی ئاوارەکان کرابوو. بەڕێوبەرانی نوسینگەکانی وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە پارێزگاکان نوێترین زانیاریان دا لەسەر بارودۆخی مرۆی لە پارێزگاکانیان  وە کەم و کورتی و ئاستەنگەکانیان روون کردەوه‌.

كۆڕبەندی هەماهەنگی مرۆیی لەلایەن بەڕێوبەری گشتی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان و بە هاوبەشی لەگەڵ سەرۆكی رێكخراوی OCHA بەڕێوەبردرا بە بەشداری یاریدەدەری بەپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە و به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى ديوانى وەزارەتی شارەوانی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەڕێوبەرانی نووسینگەكانی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان لە سلێمانی و دهۆك و نوێنەران و ڕێكخەرانی ئاژانسەكان و كەرتەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان.

پێویستە بێیتە ژوورەوە یان خۆت تۆمار بکەیت بۆ ئەوەی لێدوان بنووسی.


  • هیچ لێدوانێك لەسەر ئەم بابەتە نەنووسراوە، تۆ یەکەمین لێدوان بنووسە!