ڕۆژی پێنج شەممە 26ی تەمموز 2018، بەڕێوبەری گشتی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان بەڕێز هۆشەنگ محمد پێشوازی كرد لە بەڕێزان پارك یونگ كیو، كونسوڵی گشتی كۆماری كۆریای باشوور لە هەولێر و سەهیۆن هان، بەڕێوبەری نووسینگەی هەولێری ئاژانسی پهرهپێدانى نێودەوڵەتی كۆریا (KOICA) بۆ گفتوگۆكردن دەربارەی ڕەوشی مرۆیی و هاوكارییە مرۆییەكان بۆ ئاوارە و پەنابەران و كۆمەڵگای خانەخوێ.
كونسوڵی گشتی كۆریا ڕایگەیاند كە وڵاتەكەی بڕیاریداوە بۆ دابینكردنی هاوكاری مرۆیی بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان و بۆ ئەم مەبەستەش 10 ملیۆن دۆلاری لە ڕێگەی ئاژانسەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ وەڵامدانەوەی مرۆیی تەرخانكردووە. هەروەها گووتی كە حكومەتی كۆریا بڕى 300,000 هەزار دۆلاری تهرخانكردووه بۆ دابینكردنی دهرمان و پێداویستی تەندروستی بۆ هەرێمی كوردستان.
له بهرامبهردا بەڕێوبەری گشتی ناوەند سوپاس و پێزانینی پێشكەش بە خەڵك و حكومەتی كۆریا كرد بۆ بەردەوامی پێدانی هاوكاری مرۆیی بۆ ئاوارە و پەنابەران و كۆمەڵگای خانەخوێ لە هەرێمی كوردستان.
بەڕیز هۆشنگ سوپاس و پێزانینی خۆی پێشكەش بە بەڕێز پارك و هەموو تیمی كونسوڵگەری گشتی كۆریا و (KOICA) كرد بۆ هەوڵ و هەماهەنگی بهردهواميان. هەر لە سەرەتای روودانى قەیرانی مرۆیی و له ماوهى چوار ساڵى رابردوودا، حكومەتی كۆریا بەردەوامبووە لە پێشكەشكردنی هاوكاری مرۆیی بۆ پشتگیریكردنی ئاوارە و پەنابەرەان لە هەرێمی كوردستان.
پێشكەشكردنی هاوكاریی تەندروستیەكان لە كاتێكدایە كە هاوبەشە تەندروستییەكان هاوكاریی تەندروستیان بۆ ئاوارەكان لە چەند شوێنێك داخستووە و بڕیاریاندوە ئەگەر كۆمەكی پێویست دابین نەكرێت ئەوا هەموو خزمەتگوزارییە تەندروستییەكان ڕادەگرن.