ڕۆژی چوارشەممە 1ی ئاب، بەڕێز وار مارتن، كونسولی گشتی بەریتانیا لە هەولێر و خاتوو ئەمێلیه تهكێت، نوێنەری فەرمانگەی پەرەپێدنی نێودەوڵەتی بەریتانی سەردانی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكانیان كرد و لەلایەن بەڕێز هۆشەنگ محمد، بەڕێوبەری گشتی ناوەند پێشوازییان لێكرا.
لە كۆبوونەكەدا، هەردوولا باسی كۆمەڵێكی بابەتیان كرد دەربارەی ڕەوشی ئێستای قەیرانی مرۆیی و ئاوارەبوون و گەڕانەوەی ئاوارەكان و هەماهەنگی لە نێوان هەولێر و بەغدا هەروەها چاڵاكییەكانی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان و لەگەڵ پلان و كارە لەپێشینەكانی ناوەند لە داهاتوودا سەبارەت بە دامەزراندنی سیستەمی بەڕێوەبردنی قەیران و كارەساتەكان لە هەرێمی كوردستان.
بەڕێوبەری گشتی ناوەند تیشكی خستەر سەر چاڵاكی و دەستكەوتەكانی ناوەند لە سەرەتای دروستبوونیەوە لە ساڵی 2015 تاوەكو ئێستا و پوختەیەكیشى پێشكهكردن دهربارهى پێشڤەچوونەكانی جێبەجێكردنی پلانی ستراتیژی بۆ دامەزراندنی سیستەمی بەڕێوەبردنی قەیران و كارەساتەكان لە هەرێمی كوردستان كە بەریتانیا پشتیوانێكی بەهێزی بووە لە ڕێگەی بەرنامەی پەرەپێدانی نەتەوە یەكگرتووەكان هەر لە سەرەتا دروستبوونی ناوەند.
بەڕێز هۆشەنگ، بە نوێنەرایەتی بەڕێز كەریم سنجارى، وەزیری ناوخۆ، سوپاسنامەیەكی پێشكەشی كونسوڵی گشتی بەریتانیا كرد بۆ ڕۆڵی گەورەی وڵاتەكەی لە دابینكردنی پشتیوانی بۆ ناوەند و دام و دەزگاكانی تری حكومەتی هەرێمی كوردستان.
بەڕێز مارتن سوپاسگوزاری خۆی بۆ سوپاسنامەكە نیشاندا و خۆشحاڵی خۆشی دەربڕی بۆ پارمەتییەكانی وڵاتەكەی بۆ ناوەند و وەزارەتی ناوخۆ بۆ بەڕێوەبردنی قەیرانی ئێستای مرۆیی هەروەها دووپاتی كردەوە كە دەیانەوێ ئەو هاوكارییانە بەشێویەكی درێژخایەن بەردەوامی هەبێت بۆ پشتیوانیكردنی چاڵاكییەكانی ناوەند و جێبەجێكردنی پلانی ستراتیژی و دامەزراندنی سیستەمێكی وەڵامدانەوەی قەیرانەكانی بههێز.
دواتر ههردوولا باسیان لەو ڕێگایانە كرد كە بەریتانیا دەتوانێت یارمەتی ناوەند بكات لە ڕووی پەرەپێدانی تواناكانی و هێنانی كەسانی شارەزا بۆ بەرەوپێشبردنی كاری ناوەند و دام و دەزگاكانی تری حكومەتی هەرێم.
لە كۆتایی، بەڕێز هۆشەنگ ڕۆڵی بەریتانیای بەرزنرخاند لە دابینكردنی پشتیوانی بۆ ناوەند بۆ بەهێزكردنی توانایی دامەزراوەیی و دروستكردنی بناغەیەكی بەهێز بۆ وەڵامدانەوە و بەڕێوەبردنی قەیرانەكان و سوپاسی كردن بۆ هاوكاری و پشتیوانی بەردەوامیان.