ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان و شاندێكی ئەڵمانیا ڕەوشی مرۆیی و قەیرانی ئاوارەكانیان گفتوگۆكرد

ڕۆژی دووشەممە 6ی ئاب 2018، بەڕێوبەری گشتی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان (JCC) بەڕێز هۆشەنگ محمد پێشوازی كرد لە شاندێكی ئەڵمانی كە پێكهاتبوو لە بەرێز ثۆرستێن فرێی، ئەندامی پەڕلەمانی ئەڵمانیا و خاتوو باربرا وۆلف، كونسوڵی گشتی ئەڵمانیا لە هەولێر و خاتوو باربرا شوماخر، كونسولی كاروباری سیاسی و ئابووری و مرۆیی لە كونسوڵگەری گشتى ئەڵمانیا بۆ گفتوگۆكردن لەسەر ڕەوشی مرۆیی هەنووكەیی و ڕەوشی ئاوارە و پەنابەران و پێدانی یارمەتی مرۆیی.

بەڕێز هۆشەنگ بەخێرهاتنی شاندی مێوانی كرد و سوپاس و پێزانینی خۆشی پێشكەش بە حكومەت و خەڵكی ئەڵمانیا كرد بۆ بەردەوامی هاوكارییە مرۆییەكان و ئەو پشتیوانییەی بۆ ئاوارە و پەنابەران و كۆمەڵگای خانەخوێ لە هەرێمی كوردستان دابینكراوە هەروەها بۆ پشتیوانی تەكنیكی و بەرنامەكانی پەرەپێدانی تواناكان بۆ ناوەند و دام و دەزگاكانی تری حكومەتی هەرێمی كوردستان هەر لە سەرەتای بەرپابوونی قەیرانی مرۆیی لە ساڵی 2014. بەڕێز هۆشەنگ تیشكی خستەر ڕۆلێ ڕێكخراوەكانی THW و GIZ لە دابینكردنی هاوكاری تەكنیكی و پەرەپێدانی تواناكان بۆ JCC.

هەروەها پوختەیەكی پێشكەش كرد لەسەر بەربەست و كەم و كورتییەكان و پێداویستییە مرۆییەكان و ڕێگاكانی پەرەپێدانی هەماهەنگی و هاوكاری بۆ باشتر بەڕێوەبردنی قەیرانی هەنووكەیی و ڕێگری كردن لە قەیرانی نوێ.

ئامانجی شاندی وڵاتی ئەڵمانیا بۆ كوردستان بۆ بینینی ڕەوشی ئێستابوو بۆ ئەوەی به‌رنامه‌ى یارمەتییەكانیان بە گوێرەی ڕەوشەكە دابنێن. شاندەكە پشتگیری وڵاتی ئەڵمانیای دووپاتكردەوە و سوپاسی خۆشیان بۆ ڕۆڵی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ناوەند دەبڕی.

ئەڵمانیا هەر لە سالی 2014 تاكو ئێستا بەردەوام بووە لە پشتیوانییەكانی بە دابینكردنی هاوكاری مرۆیی و دارایی و تەكنیكی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بۆ ئاوارەكان و كۆمەڵگای خانەخوێ لە هەرێمی كوردستان. هەروەها ڕۆڵێكی كاریگەریان گێڕا لە پشتیوانی كردنی ئامادەكردنی دام و دەزگاكان، بەتایبەتی بەهێزكردنی توانایی ناوەند لە بەڕێوەبردنی قەیرانەكان.

پێویستە بێیتە ژوورەوە یان خۆت تۆمار بکەیت بۆ ئەوەی لێدوان بنووسی.


  • هیچ لێدوانێك لەسەر ئەم بابەتە نەنووسراوە، تۆ یەکەمین لێدوان بنووسە!