ڕۆژی دووشەممە ٢١ی کانونی دووەمی ٢٠١٩، شاندی ڕێخراوی ئەمریکی، LDS، بەڕێز ئیڵدیر دەیڤد بێدنار ئەندامی باڵای ڕێخراوەكە و بەیاوەری بەرێز ئیڵدر وەڵفۆرد ئەندێرسین بەڕێوەبەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، مارۆون ئاکیکی، ڕۆولا ئاکیکی، بۆیکا فیتزگیڕاڵد، بەڕێوەبەری ناوچە، کاری هۆڵگەیتو لۆری هۆلگەیت، گەیشتنە هەرێمی کوردستان.
شاندەکە لەلایەن دکتۆر هەڤال ئەبو بکر، پارێزگاری سلێمانی و بەڕیز هۆشەنگ محمد، بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان و بەڕێز موسا احمد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی و بەڕیز خالید تالیا، بەڕێوەبەری گشتی کاروباری مەسیحیەکان لە سلێمانی پێشوازی كرا و چەند كۆبوونەوەیەكیان ئەنجامدا.
ئامانجی ئەم سەردانە هەڵسەنگاندنی قەیرانی ئێستای مرۆیی و بارودۆخی ئاوارە و پەنابەران بوو لە هەرێمی کوردستان. لە میانەی کۆبونەوەیان لەگەل پارێزگاری سلێمانی ، هەردوو لایەن گفتوگۆیان کرد دەربارەی بارودۆخی مرۆیی لە سنوری پارێزگای سلێمانی و هەرێمی کوردستان. هەروەها باسیان كرد لە پێداویستیەکانی ئاوارە و پەنابەران و کارو چالاکیەکانی LDS لە هەرێمی کوردستان لە ڕووی پشتگیرییان بۆ خەڵکی ئاوارە.
بەڕیوەبەری گشتی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان بە نوێنەرایەتی بەڕێز کەریم سنجاری وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی ڕێخراوە ئەمریکیەكەی کرد بۆهاوكاری و كار و چاڵاكییەكانیان لە هەرێمی کوردستان لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوو.
بەڕێز هۆشەنگ محمد شاندەکەی ئاگادار کردەوە لە بارودۆخی مرۆیی لەهەرێمی کوردستان، هەروەها بەڕێزیان باسی لە بەربەست و کەموکوڕییەکانی كەرتە لە پێشینەکان کرد و تیشکی خستە سەر پێویستیە گرنگەكان بەردەوامیدان و فراوانکردنی هاوكارییەكان لەلایەن ڕێكخراوی ناوبراو بۆ خەڵکی ئاوارە و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی ئاوارەكان بتوانن بەشیوەیەکی ئارەزوومەندانە و سەلامەت بگەرێنەوە سەر زێدی خۆیان.
شاندەکە سوپاس و پێزانینی خۆی دەربڕی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەو هاوکاری و هەماهەنگیەی بۆ شاندەکەی دابینكردووە و بەڵێنیاندا بەردەوامبن لە پێشكەشكردنی هاوکارییە دارایی و مرۆییەکانیان تاوەكو خەڵکەکە بتوانن پشت بەخۆیان ببەستن.
ڕێكخراوی LDSی خێرخوازی لەساڵی ٢٠١٤وە لەگەڵ بەرپابوونی قەیرانی مرۆیی لە ئەنجامی شەڕی داعش لە عێراق بەردەوام پشتگیری ئاوارە عێراقییەكان و پەنابەرانی سوریای کردووە. هەروەها ڕۆڵێکی بەرچاویان گێڕاوە لە پشتگیری کردنی حکومەتی هەرێم بۆ کەمکردنەوەی مەینەتیەکانی خەڵکی ئاوارەبوو لە کوردستان و عێراق.