بەڕێوبەری گشتی و نوێنەری كۆمسيۆنى باڵاى به‌نابه‌ران له‌ عێراق UNHCR ڕەوشی پەنابەرانيان له‌ كوردستان تاوتوێ كرد

ڕۆژی دووشەممە 8ی تەمموز 2019، بەڕێز هۆشەنگ محمد، بەڕێوبەری گشتی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان پێشوازی كرد لە بەڕێز ئەیمەن غەریبە نوێنەرى کۆمسیارى باڵاى کاروبارى پەنابەران UNHCR لە عێراق بە یاوەری خاتوو ئیتا شووتا ڕێكخەری نوێی UNHCR  لە هەرێمى کوردستان و بەڕێز یوسف مەحموود كارمەندی پەیوەندییەكان.

بەڕێز ئەیمەن خاتوو ئیتا شووتای وەكو ڕێكخەری نوێی UNHCR  لە هەرێمى کوردستان ناساند و گفتوگۆیان كرد لەسەر هەماهەنگی و هاوكاری نێوان هەردوولا.

لە كۆبوونەوەكەدا نوێنەری UNHCR  سوپاسی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكانی كرد بۆ پاڵپشتی و هاوكاری بەردەوامیان و هیوای خواست ئەو هاوكاری و پاڵپشتییە بەردەوامی هەبێت.

لەلایەن خۆیەوە بەڕێز هۆشەنگ محمد بەخێرهاتنی ڕێكخەری نوێی UNHCRی كرد  بۆ كوردستان و پشتیوانی تەواوی ناوەندی دووپات كردەوە بۆ هاوكاری كردن لەگەڵيان. هەروەها سوپاسی پشتگیری بەردەوامی UNHCRی كرد لە وەڵامدانەوەی قەیرانی مرۆیی و پێشكەشكردنی هاوكاری تەكنینكی بۆ ناوەند و ڕۆڵی UNHCRی بەرز نرخاند لە هەرێمی كوردستان.

دواتر باسی ڕەوشی پەنابەران كرا بە تایبەت لە كەرتی پەروەردە كە لە ژێر هەڕەشەی ڕاستەوخۆدایە بەهۆی كەمی كۆمەك. ئەگەریش پاڵپشتی نەكرێت هەزاران قوتابی ئێستا و نوێ بێبەش دەبن لە پڕۆسەی خوێندن. هەردوولا بیروڕایان ئالوگۆڕكرد بۆ دۆزینەوەی چارەسەری هاوبەش بە مەبەستی بەردەوامیدانی خوێندنی منداڵانی پەنابەری سوریا لە هەرێم.

پێویستە بێیتە ژوورەوە یان خۆت تۆمار بکەیت بۆ ئەوەی لێدوان بنووسی.


  • هیچ لێدوانێك لەسەر ئەم بابەتە نەنووسراوە، تۆ یەکەمین لێدوان بنووسە!