كۆبوونەوەی هەماهەنگی مرۆیی باسە لە ڕەوشی مرۆیی لە هەرێمی كوردستان دەكات

لە ڕێكەوتی 10ی تەمموزی 2019، ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان بە هاوبەشی لەگەڵ نووسینگەی هەماهەنگی كاروباری مرۆیی سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان (UN OCHA) كۆبوونەوەی وەرزی خۆی ئەنجامدا بۆ گفتوگۆكردن لەسەر ڕەوشی ئێستای مرۆیی لە هەرێمی كوردستان.

كۆبوونەوەكە تیشكی خستە سەر پێداویستییە مرۆییەكان و بەربەستەكانی بەردەم ئاوارەكان لە ناوەوە و دەرەوەی كامپ. كۆبوونەوەكە هەروەها باسی لە كەمی كۆمەكی دارایی كرد و گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارەكان كرد.

بەڕێز هۆشەنگ محمد، بەڕێوبەری گشتی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان لە سەرەتای كۆبوونەكە كورتەیەكی پێشكەش كرد لەسەر ڕەوشی مرۆیی لە هەرێمی كوردستان و نوێترین ژمارەی ئاوارەكان و ژمارەی ئاوارە نوێیەكان. ئاماژەی بەوەدا كە پرۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەكان تا ڕاددەیەك ڕاوەستاوە لە كاتێك ئەو پارەیەی لەلایەن حكومەتی عێراق تەرخانكراوە بەشی ئەوە ناكات پرۆسەی گەڕانەوەی خێراتر بكات.

بەڕیز هۆشەنگ گووتی كە سەرەڕای ئاستەنگەكان، حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت لە پشتگیری بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان و ئەنجامدانی هەر ئاسانكارییەك پێویست بێت بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق و هاوبەشەكانی دیكە بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئاستەنگەكانی بەردەم گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ ناوچەكانی خۆیان.

بەرێزیان داوای لە ئاژانسەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان و ڕێكخراوەكان كرد كە بەردەوامبن لە پشتیوانییەكانیان بۆ كۆكردنەوەی سەرچاوەی زیاتر بۆ پشتگیریكردنی پلانی وەڵامدانەوەی مرۆیی و پڕۆژەكانی پەیوەندیدار بە ئاوارە و پەنابەران تاوەكو دەرفەت دەڕەخسێت و ڕەوشەكە گونجاو دەبێت بۆ ئەوەی بگەڕینەوە شوێنەكانی خۆیان.

بەڕیز ئایدن ئۆلێری بەڕێوبەری نووسینگەی UN OCHA جەختی كردەوە لەسەر گرنگی گەڕانەوەی سەلامەت و ئارەزوومەندان و شكۆمەندانەی ئاوارەكان. هەروەها باسی لە كارە لە پێشینەكانی ڕەوشی مرۆیی ئێستا كرد و ئاماژەی دا بە پێشڤەچوونەكانی پلانی مرۆیی 2019.

كۆبوونەوەی هەماهەنگی مرۆیی لەلایەن بەڕێوبەری گشتی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان و بە هاوبەشی لەگەڵ سەرۆكی نووسينگه‌ى هه‌ماهه‌نگى مرۆيى OCHA بەڕێوەبردرا بە بەشداری بەڕێوبەرانی نووسینگەكانی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان و نوێنەران و ڕێكخەرانی ئاژانسەكان و كەرتەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان.

 

پێویستە بێیتە ژوورەوە یان خۆت تۆمار بکەیت بۆ ئەوەی لێدوان بنووسی.


  • هیچ لێدوانێك لەسەر ئەم بابەتە نەنووسراوە، تۆ یەکەمین لێدوان بنووسە!