ڕۆژی یەكشەممە 21ی تەمموز، 2019، بەڕێز هۆشەنگ محمد، بەڕێوبەری گشتی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان پێشوازی كرد لە خاتوو فریدا پۆمێرێنی بەڕێوبەری نوێی بەرنامەی قودرە لە هەرێمی كوردستان.
بەڕێز هۆشەنگ سوپاس و پێزانینی خۆی پێشكەش بە خاتوو جێنی هۆڕنيش، بەڕێوبەری پێشووی بەرنامەكە كرد بۆ هاوكاری و هەماهەنگی بەرێزیان لە ساڵانی ڕابردوو. جەختی كردەوە لەسەر گرنگی بەرنامەی قودرە بۆ ئاوارە و پەنابەران و كۆمەڵگای خانەخوێ لە هەرێمی كوردستان.
هەردوولا باسیان له ڕێگاكان و میكانیزمی بەهێزكردنی پڕۆسەی جێبەجێكردنی قۆناغی دووەمی بەرنامەكە كرد.
لە قۆناغی یەكەمی بەرنامەی قودرە 58 پڕۆژە جێبەجێكران و زياتر له 700 هەزار كەس لهو پڕۆژانه سوودمهندبوون لە ئاوارەى ناوخۆ و پەنابەرانى سوريا و كۆمەڵگای خانەخوێ لە هەرێمی كوردستان.
قودرە بەرنامەیەكی هەرێمیە لەلایەن سندوقی متمانەی هەرێمی یەكێتی ئەوروپا بۆ وەڵامدانەوەی قەیرانی سوریا (سندوقی مەدەد) و وەزارەتی فیدراڵی ئەڵمانیا بۆ هەماهەنگی ئابووری و گەشەپێدان پارەی بۆ تەرخان دەكرێت بە مەبەستی بەهێزكردنی توانایی پەنابەرانی سوریا و ئاوارەكان و كۆمەڵگای خانەخوێ بۆ وەڵامدانەوەی قەیرانەكانی سوریا و عێراق. بەرنامەكە بە هاوبەشی لەلایەن رێكخراوی GIZ و كەنیسەی مرۆیی هەنگاریا لە ڕێگای بەرنامەیەكی هاوبەش لە وڵاتەكانی ئوردون و لوبنان و توركیا و هەرێمی كوردستان عێراق. بەیەكەوە لە ڕێگای قودرە پاڵپشتی پێشكەش دەكەن.