كونسولی گشتی كۆماری كۆریا كۆمەكی نوێی بۆ هاوكاریكردنی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی كوردستان ڕاگەیاند

ڕۆژی سێشەممە 19ی تشرینی دووەم، 2019، بەڕێز هۆشەنگ محمد، بەرێوبەری گشتی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان پێشوازی لە بەڕێز چۆی كوانگ-جین، كونسولی گشتی كۆماری كۆریا لە هەولێر كرد.

بەڕێز چۆی ڕایگەیاند كە كۆماری كۆریا بڕیاریداوە بە تەرخانكردنی 10 ملیۆن دۆلاری ئەمریكی لە ڕێگەی ئاژانسەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ وەڵامدانەوەی مرۆیی و هەروەها تەرخانكردنی 300,000 هەزار دۆلار بۆ ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان بۆ جێبەجێكردنی یەكێك لە كارە لە پێشینەكانی مرۆیی بۆ ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی كوردستان.

بەڕێوبەری گشتی ناوەند سوپاس و پێزانینی خۆی بە بەرێز چۆی و حكومەتی كۆماری كۆريا پێشكەش كرد بۆ هاوكاری و هەماهەنگی بەردەوامیان بۆ ئاوارە و پەنابەران و كۆمەڵگای خانەخوێ لە هەرێمی كوردستان هەر لە سەرەتا دروستبوونی قەیرانی مرۆیی لە ساڵی 2014.

بەڕێز هۆشەنگ محمد پوختەیەكی دەربارەی ڕەوشی مرۆیی بە تایبەت هاتنی شەپۆڵی نوێی پەنابەرانی سوریا و پێداویستییەكان و كارە لە پێشینەكان و پلانی ناوەند بۆ پارمەتیدانی ئاوارە و پەنابەران پێشكەش بە شاندی میوان كرد.

هەردوولا ڕێككەوتن لەسەر میكانیزمێك بۆ دیاریكردنی پڕۆژەیەكی لە پێشینە و جێبەجێكردنی لە یەكێك له‌ كەمپەكانی ئاوارەكان لە هەرێمی كوردستان.

پێویستە بێیتە ژوورەوە یان خۆت تۆمار بکەیت بۆ ئەوەی لێدوان بنووسی.


  • هیچ لێدوانێك لەسەر ئەم بابەتە نەنووسراوە، تۆ یەکەمین لێدوان بنووسە!