ئەمڕۆ دووشەممە 20ی كانونی دووەم 2020، بەڕێز رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ لە دیوانی وەزارەت پێشوازی كرد لە بەڕێز چۆی كوانگ جین كونسوڵی گشتی كۆریای باشوور لە هەرێمی كوردستان. بەڕێز هۆشەنگ محمد، بەرێوبەری گشتی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان ئامادەی كۆبوونەكە بوو.
لە كۆبوونەوەكەدا هەردوولا باسیان لە ڕەوشی مرۆیی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی كوردستان كرد. دواتر لە مەراسیمێكدا پرۆتۆكۆلی هاوكاری مرۆیی بە گوژمەی 300 هەزار دۆلار بۆ هاوكاریكردنی ئاوارە و پەنابەران ئیمزا كرا. هاوكارییە مرۆییەكان پێكهاتبوون لە كەلوپەل و پێداویستی سەرەكی و سەرەتایی ژیان كە لەلایەن حكوومەتی كۆماری كۆریا دابینكرابوو بۆ ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی كوردستان.
بەڕێز وەزیری ناوخۆ بە نوێنەرایەتی خەڵك و حكومەتی هەرێمی كوردستان سوپاسی حكومەتی كۆماری كۆریای كرد بۆ هاوكارییە بەردەوامەكانیان بۆ هەرێمی كوردستان، جەختیشی كردەوە كە هاوكارییە مرۆییەكان زۆر پێویستن و هاوكارییەكی باش دەبێت بۆ ئاوارە و پەنابەران بەتایبەتیش كە ئێستا لە وەرزی بەتینی سەرمای زستانداین.
بڕیارە كەلوپەل و پێداویستییەكان لەلایەن ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان بە هەماهەنگی لەگەڵ كونسوڵگەری كۆماری كۆریا بەسەر ئاوارە و پەنابەران دابەش بكرێت.
هاوكارییەكان بە گوژمەی 300 هەزار دۆلار لەلایەن وڵاتی كۆریا دابینكراوە و پێكدێت لە كەلوپەل و پێداویستی سەرەكی ژیان. كۆماری كۆریا ساڵانە هاوكاری لەمجۆرە دابین دەكات وەك پاڵپشتییەك بۆ هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ هاوكاریكردنی ئاوارە و پەنابەران كە ماوەیەكی زۆرە سەرجەم شارەكانی هەرێمی كوردستان بۆتە لانە و شوێنی مانەوەیان دوای ئەوەی بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەكان لە ناوچەكانی خۆیان ئاوارەبوون.