ناوه‌ندى هاوبه‌شى هه‌ماهه‌نگى قه‌يرانه‌كان سێيه‌م كاروانى هاوكارييه‌ پزيشكيه‌ مرۆييه‌كانى وه‌رگرت كه‌ له‌لايه‌ن حكومه‌تى فيدڕاڵى ئه‌ڵمانياوه‌ نێردرابوو

 

ڕۆژى پێنچ شه‌ممه‌ 30 نيسان، ناوه‌ندى هاوبه‌شى هه‌ماهه‌نگى قه‌يرانه‌كان له‌وه‌زاره‌تى ناوخۆى حكومه‌تى هه‌رێمى كورستان سێيه‌م كاروانى هاوكارييه‌ پزيشكيه‌ مرۆييه‌كانى وه‌رگرت كه‌ له‌لايه‌ن حكومه‌تى فيدڕاڵى ئه‌ڵمانياوه‌ نێردرابوو. هاوكارييه‌كان دابه‌شكرانه‌ سه‌ر ئه‌و لايانانه‌ى كه‌ له‌ هێڵى پێشه‌وه‌ى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى بلاوبونه‌وه‌ى ڤايرۆسى كۆڕنان.

هۆشه‌نگ محه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى ناوه‌ندى هاوبه‌شى هه‌ماهه‌نگى قه‌يرانه‌كان له‌ كۆنگره‌يه‌كى ڕۆژنامه‌وانيدا سوپاس و پێزانيني خۆيانى ده‌ربڕى بۆ ئاژانسى ته‌كنيكى فيدراڵى ئه‌ڵمانى كه‌ هه‌ماهه‌نگ و هاوكاربوون له‌ گه‌ياندنى هاوكارييه‌ پزيشكى و مرۆييه‌كان بۆ هه‌رێمى كوردستان هه‌ر له‌سه‌ره‌تاى بڵاوبونه‌وه‌ى يه‌كه‌مين حاڵه‌ته‌كانى توشبوون به‌ ڤايرۆسى كۆڕنا.

له‌درێژه‌ى ووته‌كانيدا به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى ناوه‌ند ڕايگه‌ياند، له‌گه‌ڵ تۆماركردنى يه‌كه‌مين حاڵه‌ته‌كانى توشبوون به‌ ڤايرۆسى كۆرۆنا له‌هه‌رێمى كوردستان ناوند به‌هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ ئاژانسى ته‌كنيكى فيدراڵى ئه‌ڵمانى هه‌ڵساون به‌دابه‌شكردنى 3500 پارسێلى خۆراك و 3500 پارسێلى هايجين و پاكوخاوێنى و 3000 پارسێلى تايبه‌ت به‌ پێداويستيه‌كانى منداڵان به‌سه‌ر ئاواره‌ و په‌نابه‌ران و خه‌ڵكانى خانه‌خوێى كوردستان وه‌به‌تايبه‌ت ئه‌وانه‌ى كه‌ داهاتيان سنوورداره‌ يان داهاتيان له‌ده‌ست داوه‌ به‌هۆى قه‌ده‌غه‌ى هاتووچۆ و ڕێككاره‌ ته‌ندروستيه‌كانى تر.

هه‌فته‌ى ڕابردوو، ئاژانسى ناوبراو له‌ ڕێگاى ناوه‌نده‌وه‌ دووه‌مين كاروانى هاوكارييه‌ پزيشكيه‌كانى گه‌يانده‌ وه‌زاره‌تى ته‌ندرووستى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كه‌ پێكهاتبوون له‌ 250,000 ماسكى تايبه‌تى پزيشكى و 150,000 ده‌سكێش و 15,000 عه‌ينه‌كى پزيشكى تايبه‌ت و 1,300 داپۆشه‌رى پزيشكى ده‌م و چاو و 50,000 داپۆشه‌رى تايبه‌تى سه‌ر و 50,000 داپۆشه‌رى پيڵاو كه‌سه‌رجه‌م هاوكارييه‌كان به‌ سێ كاروان گه‌شتبوونه‌ هه‌رێمى كوردستان.

له‌ وورده‌كارى ووته‌كانيدا به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى ناوه‌ند زياتر ووتى، ئه‌و هاوكارييانه‌ى كه‌ دابه‌شده‌كرێن بۆ ئه‌و لايه‌نانه‌يه‌ كه‌ ڕاسته‌وخۆ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هاوڵاتيان ده‌كه‌ن وه‌ له‌هێڵى پێشه‌وه‌ى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى بڵاوبونه‌وه‌ى ڤايرۆسه‌كه‌ن وه‌ك ( هێزه‌كانى ئاسايشى ناوخۆ و نه‌خۆشخانه‌ى تالاسيما و خاڵه‌سنوورى و گومرگيه‌كان و يه‌كه‌كانى كارگێرى كامپه‌كانى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران) له‌ گشت ناوچه‌كانى هه‌رێمى كوردستان به‌هه‌ردوو ئيداره‌ سه‌ربه‌خۆكانى گه‌رميان و ڕاپه‌ڕينه‌وه‌.

هاوكات ڕايگه‌ياند كه‌ نوسينگه‌ى وڵامدانه‌وه‌ى قه‌يرانه‌كان له‌ پارێزگاى سلێمانى سه‌نته‌رى لۆجستى خۆى كردۆته‌وه‌ كه‌ بريتيه‌ له‌ سێيه‌مين سه‌نته‌رى لۆجستى له‌ هه‌رێمى كوردستان كه‌ له‌لايه‌ن ئاژانسى ته‌كنيكى فيدڕالى ئه‌ڵمانى بنياتنراوه‌ له‌ ڕێگاى ناوه‌ندى هاوبه‌شى هه‌ماهه‌نگى قه‌يرانه‌كانه‌وه‌، سه‌نته‌ره‌كه‌ وه‌ك سه‌نته‌رێكى لۆجستى تايبه‌تمه‌ند به‌كاردێت بۆ وه‌رگرتنى هاوكارييه‌ مرۆييه‌كان له‌ پارێزگاى سلێمانى بۆ ئاواره‌ و په‌نابه‌ر و كۆمه‌ڵگاى خانه‌خوێ به‌ تايبه‌ت ئه‌وانه‌ى كه‌ داهاتيان سنورداره‌.