ئەڵمانیا بەردەوامە لە دابینکردنی کەلوپەلی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆڕۆنا بۆ هەرێمی کوردستانی عیراق

ڕۆژی چوارشەم ٢٩ تەموز، مەراسیمی ڕادەستکردنی کەلوپەلی خۆپارێزی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان بە ئامادەبوونی بەڕێز هۆشەنگ محمد بەڕێوەبەری گشتی ناوەند و بەڕێز سڤین کرۆسپ جێگری کونسولی گشتی ئەڵمانیا لە پارێزگای هەولێر و تیمەکانی ناوەند و ئاژانسی فیدڕاڵی ئەڵمانی بەڕێوەچوو. ناوەند چوارەم باری هاوکاری مرۆیی لە ئاژانسی فیدڕاڵی ئەڵمانیا  بۆ هاوکاری تەکنیکی THW بەدەست گەیشت. هاوکاریەکە پێکهاتبوو لە ٢٠٦٠ پارسێل لە کەلوپەلی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆڕۆنا. کەلوپەلکە بریتی بوو لە 130,000  ماسک و دەستکێش و موعەقیمی دەست و سابوونی دەستشۆردن. لەمیانەی پێشکەشکردنی وتارێک بۆ میدیا بەڕێز هۆشەنگ محمد سوپاس و پێزانینی خۆی ئاڕاستەی کونسوڵخانەی ئەڵمانیا لە هەولێر و ئاژانسی فیدڕاڵی ئەڵمانی بۆ هاوکاری تەکنیکی THW  کرد بۆ هاوکاری و پاڵپشتی بەردەوامیان هەر لەسەرەتای سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆناوە تاوەک و ئەمڕۆ، وە هەروەها تیشکی خستە سەر ئەو پەیوەندیە بەهێزەی کە لە نێوان هەردوو لاهەیە و بۆ ماوەی حەوت ساڵە بەردەوامە، کە تێدا سوود و دەرەنجامی گەورەی هەبووە لە بنیاتنانی توانای دامەزراوەیی وەڵامدانەوەی قەیران و کارەسات لە هەرێمی کوردستانی عیراق.

بەڕێز سڤین کوراپس، جێگری کونسڵی گشتی ئەڵمانیا لە پارێزگای هەولێر لە میانەی وتەکانی بۆ میدیا خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بۆ ڕادەست کردنی کەلوپەلی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆڕۆنا بە ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو پەتا جیهانیە بە هەماهەنگی نێودەوڵەتی  بۆ زیادکردنی توانای تیمەکانی حکومەت بۆ ڕووبەڕووبونەوەی پەتاکە. هەروەها  ئاماژەی بەو پەیوەندیە بەهێزە کرد کە لە نێوان ناوەند و ئاژانسی فیدڕاڵی ئەڵمانی بۆ هاوکاری تەکنیکی هەیە و خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بەوەی کە ئێستا ئەوان لەگەڵ هاوڕێکانیانن و یارمەتیان دەدەن لەو کاتە سەختە و ئاماژەی بەوەکرد کە ئەوان بەردەوام دەبن لەدابینکردنی هاوکاری لە سەر بنەمای بوونی ئەو پەیوەندیە بەهێزە کە جێگای متمانەی تەواوە لەگەڵ ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکانی وەزارەتی ناوخۆ.

هاوکاریەکە پێشکەش دەکرێت بە خەڵکی  هەژار و کەم دەرامەت لە ئاوارە و پەنابەران و خاوەن دوکانەکان و ئیدارەی کەمپەکان و ئەولایەنانەی کە لەناو کەمپەکان خزمەتگوزاری پێشکەش دەکەن. کە ئەمەش یارمەتیدەردەبێت بۆ ڕێگەگرتن و کەمکردنەوەی مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە ناو ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی کوردستان.

ئاژانسی فیدڕاڵی ئەڵمانی بۆ هاوکاری تەکنیکی THW  و ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان پەیوەندیەکی درێژ خایەنیان هەیە کە لە ٢٠١٥ ەوە ئەو ئاژانسە هاوکاری تەکنیکی و مرۆیی پێشکەش بە ناوەند دەکەن و بووەتە هۆی دانانی بناغەیەکی بەهێز بۆ دامەزراندنی سیستەمی وەڵامدانەوەی قەیران و کارەسات لە هەرێمی کوردستان، وەک دامەزراندن و بنیاتنانی سێ سەنتەری لۆجێستی و دامەزراندنی تیمی وەڵامدانەوەی خێرا و تیمی وەڵامدەرەوە سەرەتاییەکان و دامەزراندنی پلاتفۆڕمی ئاڵوگۆڕکردنی داتا و زانیاری و دامەزراندنی سیستەمی خۆبەخشی و دروستکردنی باڵەخانەی تایبەت بە خۆبەخشان و چەندەها پڕۆژەی تر.